پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر كرایەوە
راگری پەیمانگەكە :
ساڵی داهاتوو چەندین بەشی نوێ دەكرێنەوە
ڕائیب زراری- مێرگەسۆر: بۆ یەكەمجارە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر پەیمانگەیەكی حكوومی دەكرێتەوە. راگری پەیمانگەكە، دەڵێت، بۆ ئەمساڵ هەر دوو بەشی كارگێڕی كار و تەكنیكی وەرگێڕان كراونەتەوە و قوتابی لە هەولێر، كۆیە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان داواكاریان پێشكەش كردووە و وەرگیراون، بۆ ساڵی داهاتووش چەندین بەشی نوێ دەكرێنەوە.
د. تالب شێروانی، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:” پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر لە 17/10/ 2019 فەرمانی دامەزراندنی وەزاری بۆ دەرچووە، بۆ یەكەمجارە قوتابی لە دەزگایەكی خوێندنی باڵا سەر بە زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر لە قەزای مێرگەسۆر وەردەگیرێت.
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەشڵێ:” بۆ ئەمساڵ هەر دوو بەشی كارگێڕی كار و بەشی تەكنیكی وەرگێران كراونەتەوە، بۆ ئەمساڵ بە زانكۆلاین و كێبڕكێ 42 قوتابی وەرگیراون، ئێواران و پاڕاڵێلی نییە، قوتابی لە هەولێر، كۆیە، شەقڵاوە، هەتا لە قەزاكانی سنووری ئیدارەی سۆران داواكارییان پێشكەش كردووە و وەرگیراون.
د. تالب شێروانی، ئاشكراشی كرد:” پلانەكانی ئێمە پلانی زۆر ستراتیژین، پلانی كورت خایەن هەیە، پلانی مامناوەند و درێژ خایەن، لەسەر پلانی كورتخایەن كارمان كردووە و سەركەوتنمان بەدەست هێناوە، بۆ پلانی مام ناوەند ئەو شوێنەمان بە كاتی وەرگرتووە، كە بۆ پەیمانگە زۆر باشە، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە بیناكەمان فرانتر بێت و بەشی دیكە بكەینەوە، بۆیە ساڵی داهاتوو لە پلاندایە بەشی پەرستیاری و كشتوكاڵ بكەینەوە، بۆ پلانی درێژ خایەنیش 7 بەشمان دیاریكردووە كەمپی خۆمان هەبێت كێشە و گرفتمان نابێت.
راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، زیاتر دەڵێ:” بینای پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر بینای وەرزش و لاوانە و دەكەوێتە گوندی شێخ سیدا كە نزیكە لە سەنتەری قەزای مێرگەسۆر، بینایەكە تا رادەیەك گونجاوە، لیژنەی خوێندنی باڵا سەردانی بینایەكەی كردووە و بەشێكمان نۆژەن كردۆتەوە.
د. تالب شێروانی، راگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، ئەوەشی گوت:” بۆ بەشە ناوخۆییەكان لەسەر خەتین و لیژنە دێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێك بەشە ناوخۆیی لە مێرگەسۆر هەن، بۆ قوتابیان دابین دەكەین، كێشەی ئێمە نەبوونی ستافە وەكو پێویست، بە فەرمی داوای گواستنەوەی راژەمان كردووە، ئەوە یەكێكە لە كێشەكان، ئەوەمان بۆ بكرێت كێشەمان نامێنێت”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.