بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، نووسراو كراوە 15%ی كرێی ئاو كەم بكرێتەوە.
ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “نووسراومان كردووە بۆ ئەوەی قەرزی ئاو داشكاندنی 15%ی بۆ بكرێت، نووسراوەكە ڕۆژی 9ی11ی 2021 لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی بڕیاری پێ دەربكرێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە”.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە نووسراوەكەدا داوا كراوە بۆ ماوەی شەش مانگ ئەو لێخشبوونی 15%یە بەردەوام بێت.
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەر بە وەزارەتی شارەوانی، هاووڵاتییان 160 ملیار دیناری كرێی ئاو قەردارن.
ئاری ئەحمهد ئاماژەی بەوەش دا، هیچ بڕە پارەیەک وەكوو سزای نەبەستنی پێوەر لە کەس وەرناگیرێت، گوتیشی: “ئێستا ئەوەی هەیە، كرێی ئاوی مانگانەی نیشتەجێبوون دوو جۆرە، بە ئەژماری پێوەر و بێ پێوەر، بە پێوەر زۆرترین پارە، كە دیار كرابێت 45 هەزار دینارە، بێ پێوەریش مانگانە 80 هەزار دینارە”.
باسی لەوەش كرد، 97%ی هاوبەشانی ئاو نیشتەجێبوونە، بەڵام میری و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ بەپێی بەكارهێنانی مانگانە پارەیان لێوەردەگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاشكراشی كرد، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نرخی كرێی ئاو كەمكراوەتەوە و رێكخستنەوەش بۆ بوارەكە كراوە.
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆ هەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، جگە لە کەمکردنەوەی قەردی ئاو، 23%ی کرێی ئاویش كەم كراوەتەوە
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.