سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بە دەسەڵاتەوە دەچینە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان

  • زێ بادینان

بڕیارە کۆتاییی ئەم حەفتەیە لایەنەکان بۆچوونی خۆیان لەبارەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا بکەن و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، ”بە دەسەڵاتەوە دەچینە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەبێت بەپێی قەبارەی کۆرسییەکانی پارتی پشکمان لە کۆمسیۆن بەر کەوێت.”

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەو وادەیەی دیاری کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە تا سەرۆکی فراکسیۆنەکان بە دەسەڵاتەوە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بۆچوونی لایەنەکانیان لا بێت، تا لە کۆبوونەوەکەدا دانوستان بکەین و بڕیار لەبارەی کۆمسیۆنەوە بدەین، چونکە وادەی کۆمسیۆن لەڕووی یاسایییەوە تەواو بووە و یەکەم قۆناغ بۆ ھەڵبژاردنەکان ئەوەیە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لەڕووی یاساییەوە چارەسەر بکرێت و کۆمسیۆنی نوێ دیاری بکرێت.”

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بە دەسەڵاتەوە دەگەڕیێنەوە کۆبوونەوەکە، واتە دەسەڵاتی بڕیاردانمان ھەیە و چاوەڕێ دەکەین لایەنەکانی دیکەش بە دەسەڵات و بڕیاری حزبەکانیانەوە بگەڕێنەوە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان.”

زانا مەلا خالید دەشڵێت: “ئێمە بۆ کۆمسیۆنی نوێ دەمانەوێت پارتی بەپێی ئیستیحقاقی خۆی پشکی ھەبێت لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، چونکە ئەوەی ئێستا ھەیە پشکی ڕاستەقینەی پارتی نییە، پارتیمان پێشتر ٣٨ کۆرسیی ھەبوو لە پەرلەمان، بەڵام ئێستا پارتی خاوەن ٤٥ کورسیی پەرلەمانییە و دەبێت بەپێی قەبارەی ئەو ٤٥ کۆرسییە پشکی ھەبێت لە کۆمسیۆن، بێگومان بۆ لایەنەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە دەبێت بەپێی قەبارەی خۆیان پکشیان ھەبێت، پێکھاتەکانیش پشکی خۆیان بۆ دیاری کراوە.”

لەبارەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە زانا مەلا خالید ئاشکرای کرد: “ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەداین پڕۆسەی دیموکراتی لە ھەرێمی کوردستان وەک خۆی بەڕێوە ببرێت و ھەڵبژاردنیش لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئێمە ئامادەین بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و پێداگریش دەکەین لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا.”

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.