کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
هـــوگر شهاب
ھەلبەتە لە ئێستادا ھەولێکی زۆر ھەیە بۆ شێواندنی مێژووی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، داگیرکەرانی کوردستان ھەموو ھەوڵ و کوششی خۆیان خستووتە گەر بۆ سرینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانیەکان،دەیانەوێت ناسنامەی داگیرکاری خۆیان بسەپێنین بەسەر ئەم ناوچانەدا،بەلام ئێمە لەم نوسینەماندا ھەولدەدەین بە پشت بەستن بە چەندین بەلگەی مێژوویی و جوگرافی و سەرژمێری کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بخەینەروو و چەواشەکاری داگیرکەرانی کوردستان بە دروو بخەینەوە و ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بسەلمێنین.
کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم(دابڕێندراوەکان) بەپێی بەڵگەی مێژوویی:
لێرەدا ھەوڵدەدەین چەند بەڵگەیەکی مێژوویی بخەینەروو کە کوردستانیوونی ناوچە کوردستانیەکان( دابڕِِێندراوەکان) دەسەلمێنن لەوانەش قاموسی ئیعلامی عوسمانی کەلەلایەن نوسەر و مێژوونوسی بەناوبانگی عوسمانی”شمس الدین سامی” نوسراوە،کە ئێستا لە ئەرشیفی توماری تورکیا ھەیە،لەبارەی کەرکوک دەلێت:کەرکوک شارێکە دەکەوێتە ویلایەتی موسلی کوردستان،١٦٠کم لە باشوری روژھەڵاتی موسل دوورە،ئەم شارە مەڵبەندی سنجەقی شارەزوورە،(٣٠٠٠٠)سەر دانیشتوان لە خودەگرێ،لە ھەمان کاتیشدا ئاماژە بەوە دەکات کە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی کەرکوک کوردن و ئەوانیتر تورک و عەرەب و ھی ترن،لەبارەی شنگالیش دەلێت:قەزای شنگال لەگەل ناحیەی تەلەعفەر لە(٧٢)گوند پێکدێت کە(١٧٣٥٠)سەر دانیشتوان لە خۆدەگرن،لەنێو ئەو ژمارەیەدا(١٢٨٥٠)سەر دانیشتوان کوردن کە دەکاتە زیاتر لە(٣/٢)ی کۆی دانیشتوان.
ھەروەھا لێژنەی کومەلەی گەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی موێل رێکەوتی ١٦-٧-١٩٢٥ پاش لێکوڵینەوەیەکی زانستیانەی ورد راپورتەکەی خۆیان بەرزدەکەنەوە بۆ کومەلەی گەلان کە لە(٦٣)لاپەر پێکھاتبوو،بەم شێوەیە لە رووی نەتەوەیی و جوگرافییەوە باسی ویلایەتی موێل دەکەن:لە رووی نەتەوەیی یەوە لێژنەی کومەلەی گەلان گەیشتوتە ئەو ئەنجامە کە(٥/٨)دانیشتوانی ویلایەتی موێل کوردن،ئەوان گرنگترین رەگەزن لە ململانێ کەدا نە تورکن نە عەرەبن،رێژەی دانیشتوانی ویلایەتی موێل بەمشێوەیە دیاریکردووە:کورد ٦٣% تورکمان ١٩% عەرەب ١٨%،ھەروەھا لە رووی جوگرافیەوە لێژنەی کومەلەی گەلان گەیشتوتە ئەو ئەنجامە کە سنوری عێراق لە چیای حەمرین تێناپەرێت،کەواتە بەپێی ئەنجامەکانی لێژنەی کومەلەی گەلان زنجیرە چیای حەمرین سنوری سروشتی نیوان عێراق و باشوری کوردستانە.
ھەر لە کاتی قولبونەوەی ناکوکیەکانی بەریتانیا و تورکیا لە بارەی کێشەی ویلایەتی موێل فەتحی بەگ نوینەری تورکیا بە دەنگەکی بەرز روو لە بەریتانیەکان دەکات و دەلێت”ئەگەر راستی بلێین ویلایەتی موێل ناوچەیەکی کوردی یە”.
ھەروەھا بەپێیی قسەکانی عیسمەت ئینینو نوینەری حکومەتی تورکیا لە کونگرەی لۆزان ٢٤-٧-١٩٢٣ ویلایەتی موێل خاک و نیشتیمانی کوردە،کاتێک دەلێت عەرەب جگە لە ھەندێک گوندی چول و کاول و پەریشاندا لە ھیچ شاروچکە و گوندێکی دیکەدا نێشتەجێ نیە”،ھەروەھا لە درێژەی قسەکانیدا دەلێت”کوردی ھەرێمی موێل دەیانەوێت لەگەڵ کوردی ھەرێمەکانی تر بژین،بویە دەبێت موێل بدرێتە تورکیا”ئەم قسانەی نوینەری تورکیا عیسمەت ئینینو لە کونگرەی لۆزان سەلمێنەری ئەوەن کە تەواوی شارەکانی ویلایەتی موێل بە ناوچە دابرێندراوەکانیشەوە شاری کوردین و بەشێکی دانەبراوی کوردستانن.
ھەروەھا لە بروسکەیەکی چەرچل بو مەلیک فەیسەل ھاتووە(ئێمە بەلێنی پێکھێنانی دەولەتێکی عەرەبیمان پێدایت نەک ئیمپراتۆریەت بۆیە سنووری تۆ(چیای حەمرین)ە لەوێ بەسەرەوە کوردستانە.
گەلێک مێژوونوس و توێژەری ئەکادیمی بەرزاییەکانی حەمرین بە سنوری باشوری کوردستانی عێراق دادەنێن،لەوانەش مێژوونوسی بەناوبانگی روسی”نیکیتین” بەم شێوەیە سنووری باشووری کوردستان دەست نیشان دەکات:(سنووری باشووری کوردستان لە مەندەلییەوە دەست پێدەکاو بەرەو باکور لەگەڵ درێژبوونەوەی بەرزاییەکانی حەمرین ھەڵدەکشێ،ئەو بەرزاییانەش سنووری سروشتی کوردستان پێکدێنێن،ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات کە کورد و کێو شتێک نین لە یەکتر جیابکرێنەوە،بەرزاییەکانی حەمرین دەکاتە سنورێکی سروشتی کوردستان).
“عبدالرزاق الحسنی” بەم شێوەیە سنووری باشووری کوردستان دەست نیشان دەکات:(کوردەکانی عێراق لەو شار و گوندانەدا نیشتەجێن کە سنووریان لەسەر سنووری ئیران و عێراقەوە بە ھێلێکی راست دەست پێدەکات لە چیای حەمرینەوە تا چیای شنگال درێژدەبێتەوە،تا دەگاتە ئەو شوێنەی کەبە سنووری عێراق و تورکیا و سوریاوە دەیبەستێتەوە).
“د.شاکر خسباکیش”لە بارەی سنووری کوردستانەوە دەلێت:(ئەگەر لۆرەکان بە کورد دابنێیین،کە زۆر لە بەڵگە مێژووییەکان و زمانەوانییەکان کوردبونیان دەسەلمێنین،ئەوا سنووری کوردستان درێژدەبێتەوە ھەتا کەنداوی عەرەبی بەدرێژایی چیای زاگرۆس،سەرباری ئەو ناوچانەی رۆژئاوای چیای زاگرۆس وەکو شارەزوور و کۆیە،زاراوە شارەزووریش لە کوندا بۆ ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک و ھەولێر و قەزای خانەقین و مەندەلی و شارەبان بەکارھاتووە،ئەم زاراوەیەش لە بەڵگە رەسمییەکانی سەردەمی عوسمانیەکانیشدا بەکارھاتووە)،محمەد مەردۆخیش بەمجۆرە ناوچە کوردنشینەکان دیاری دەکات:(ناوچەکانی ھەردوو لیوای ھەولێر و سلێمانی و بەتەواوەتی و دەڤەرەکانی دھۆک، ئامێدی،ئاکرێ، زاخۆ،باڵەیان،ئادیابین،ھیزل لە لیوای موسل و ناوچەکانی ئەبوسەبرە، شنگال،شێخان،خانەقین،قۆرەتو،شارەبان،قەزانیان،مەندەلی لە لیوای دیالە و ناوچەکانی داقوق،ئاڵتون کۆپری،کفری،دووزخورماتو،کەرکوک،قەرەحەسەن لە لیوای کەرکوک).
کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم(دابڕێندراوەکان)بەپێی بەڵگەی جوگرافی:
لێرەشدا ھەوڵدەدەین چەند بەڵگەیەکی جوگرافی بخەینەروو کە کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێندراوەکان دەسەلمێنن،لەوانەش یەکێک لە گرنگترین بەڵگە جوگرافیەکان کە کوردستانیبوونی ناوچە دابرێیندراوەکان دەسەڵمێنێت نەخشەی ناوچەکانی ئاسیای دەولەتی عوسمانییە کەلە سالی ١٨٩٣ز بلاوکراوەتەوە،تەواوی ویلایەتی موسلی بە کوردستان ناساندووە،ھەروەھا بەئاشکرا دیارە کەوا ویلایەتی بەغداد و ویلایەتی بەسرا بە عێراقی عەرەبی دانراون،لەھەمان کاتیشدا لەسەر ئەم نەخشەیە ناوچەکانی کوردستانی بەتایبەتی کەرکوک،خانەقین و شنگال بەئاشکرا دیارن.
لەو نەخشەیەی عیسمەت شەریف وانلی کە بۆ کوردستانی عێراق کێشراوە،بەو شێوەیە سنووری کوردستان دەست نیشان دەکات،لە باشووری بەدرەوە دەست پێدەکاو روەو شاری مەندەلی دەچێ و لەوێوە تا زنجیرەی حەمرین،ئیتر ھێڵی سنوور لەگەڵ روباری دجلەدا بەرەو باکور ھەڵدەکشێ تا دەگاتە دەوروبەری باکوری شاری موسل و باکوری تەلەعفەر و باشوری چیای شنگال و لەسەر سنووری عێراق-سوریا کوتایی دێ.
ھەروەھا لە نەخشەکەی برۆکدا”Brouk”زۆر بەڕوونی ناوچە کوردنشێنەکانمان بۆ دەردەکەوێ کە بریتین لە دەوروبەری مەندەلی و خانەقین و تەواوی ناوچەکانی سەرووی زنجیرەی حەمرین و ناوچەکانی باکوری پارێزگای موسل لەوانە دەوروبەری چیای شنگال،ھەروەھا کوردستان لەنەخشەی ئیساک تیریۆنی ھۆلەندی کە ئەو نەخشەیە لەسالی١٧٩٠ز گیراوە،لەو نەخشەیەدا بە ئاشکرا کوردستان لەگەل عێراقی عەرەبی بە جیا ھاتووە،کەرکوکیش کەوتووتە ناوەڕاستی کوردستان.لە نەخشەی ئیداری عوسمانی سالی ١٨٩٦ کوردستان زۆر بە گەورەیی تۆمارکراوە و ھەموو ئەو ناوچە دابراوانە و موسل و خوارووی چیای حەمرینیش دەگرێتەوە.
کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم(دابڕێندراوەکان) بەپێی بەڵگەی سەرژمێری:
لێرەشدا ھەوڵدەدەین چەند ئامارێک بخەینەروو کە کوردستانیبوونی ناوچە دابرێندراوەکان دەسەلمێنن،لەوانەش بەپێی قاموسی ئیعلام رێژەی کورد لە پارێزگای کەرکوک٧٥%بووە،٢٥%بۆ عەرەب و تورکمان و کەمینەکانی تر دانراون.ھەروەھا لە ئاماری کۆمیتەی کۆمەڵەی گەلان بۆ کێشەی موسل سالی ١٩٢٤ لە پارێزگای کەرکوک رێژەی کورد٤٣%بووە،رێژەی عەرەب٣٢%بووە،رێژەی تورکمانیش٢٣.٤%بووە،بەلام لە ئامارەکانی لێژنەی کۆمەڵەی گەلان سالی ١٩٢٥ لە کەرکوک رێژەی نەتەوەی کورد٦٣%بووە،،رێژەی تورکمانیش١٩%بووە، رێژەی عەرەب١٨%بووە، لە ھەمان کاتدا ئامارەکانی تایبەت بە حکومەتی عێراق رێژەی نەتەوەی کورد ٥٩.٥% بووە، رێژەی تورکمانیش٢١%بووە،رێژەی عەرەب ١٩.٥%بووە.
ھەروەھا رێژەی نەتەوەی کورد لە ویلایەتی موسل بەپێی ئاماری سەرژمێری تورکی کە بو کونگرەی لۆزانی بەرزکردۆتەوە ٥٤% بووە،لە پێشبینی حکومەتی بەریتانیش رێژەی نەتەوەی کورد لە ویلایەتی موسل ٥٩%بووە،بەلام بەپێی ئاماری سەرژمێری حکومەتی عێراق کەلە ساڵانی١٩٢٢-١٩٢٤ ئەنجامدراوە، رێژەی نەتەوەی کورد لە ویلایەتی موسل ٦٥% بووە.
ھەروەھا لەسەرژمێری سالی ١٩٤٧ رێژەی نەتەوەی کورد لە عێراق١٨.٧% بووە،و رێژەی نەتەوەی کورد لە کەرکوک٥٣%بووە،،لە موسلیش٣٥.٤%بووە،لە دیالە٢٦.٦%بووە،بەلام بەھوی سیاسەتی بەردەوامی بەعەرەبکردن لەلایەن حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق دەبینین رێژەی نەتەوەی کورد لە سەرژمێری ١٩٥٧ لە عێراق بۆ ١٦.٥% دابەزیوە،لە پارێزگای کەرکوکیش رێژەی نەتەوەی کورد ٤٨.٣% بووە،رێژەی عەرەب ٢٨.٢% بووە،رێژەی تورکمانیش٢١.٤%بووە،و رێژەی نەتەوەی کورد لە موسل٣٠.٧%بووە،لە دیالە١٨.٢%بووە.
کەواتەزۆربەی سەرچاوەکانی ناوخویی و ھەرێمی و نێودەولەتی بەرزاییەکانی حەمرین بە سنوری سروشتی کوردستان دادەنێن،واتە جگە لەھەر پێنچ پارێزگاکەی کەرکوک،سلێمانی،ھەولێر،دھۆک، ھەلەبجە جەخت دەکەن لەسەر ئەوەی کە زوربەی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای موسڵ و قەزاکانی خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە و قەزای بەدرە لە پارێزگای واست کوردستانین.
لیستی سەرچاوەکان
١-د.سەعدی عوسمان ھەروتی،سنووری خوارووی باشوور لەسەدەی نۆزدەھەمدا،چاپخانەی خانێ،چاپی یەکەم،دھۆک،٢٠٠٧.
٢-مەسعود عبدالخالق،کوردستانییەتی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەپێی بەڵگەنامە نێودەولەتیەکان،یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان،چاپی یەکەم،شوێنی نەنوسراوە،٢٠١١.
٣-عەبدولڵا غەفور،سنووری کوردستان،چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە،چاپی سێیەم،ھەولێر،٢٠٠٦.
٤-د.سلێمان عەبدوڵڵا،چەمک و سنووری ھەرێمی کوردستان،گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی،ژمارە(٣)،تشرینی دووەمی٢٠٠٤.
٥- ئەحمەد رەفیق کەریم،ناوچەدابراوەکانی ھەرێمی کوردستان،سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان،سلێمانی،٢٠١٤.
نڤیسەرا ھێژا ئەو ناڤێ تە لخارێ ھاتیە نڤیسین دکاری ھەموو بابەتێن خۆ ببینی … دگەل رێز
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.