کەرکوکی دڵی کوردستان
نەوزاد محەمەد
زیاتر لە سەد ساڵەی حوکمرانی بەشێک لە عەرەب لە چوارچێوەی نەخشەیەک و وڵاتێکی بە ناو عیراق، کە بە داخەوە بەشی باشوری کوردستانی پێوە لکێنراوە، لە تەواوی مێژووی ئەم سەد ساڵەدا و لەسەر دەستی تەواوی حکومەتەکان لە شانشینی و کۆماری و مەزهەبیەوە، دژایەتی کورد کراوە.
ئەو دژایەتیەش بە پێی هەڵومەرجی سیاسی و هێز و توانای حکومەتەکان پیلانیان بۆا دارشتوە و هەرچی لە توانایاندا هەبووە خستویانە گەڕ، بگرە لە هەوڵی نانەوەی دوو بەرەکی لە ناو کورد دا و دژایەتی کردنی سەرکردایەتی شۆڕەش و گرتن و ئەشکەنجە دان و لە سێدارەدان و زیندە بەچاڵ کردن و ئەنفال و کیمیا باران و تا دەگاتە ئاستی پیلانی ئیقلیمی.
پرسی کەرکوک یەکێک بووە لە پرسە هەرە گرنگەکان و بەردەوام کێشە لەسەر، بۆ کورد پرسێکی نەتەوەیی و مێژوویی و چارەنوسساز بووە، بۆ عەرەب هەوڵی بڕینی بەشێکی خاکی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی شار و بە تەعریب کردن بووە.
لە بەرنامەی تەواوی حکومەتەکانی عیراقی دا، بە تەعریب کردنی کەرکوک خاڵێکی سەرەکی بووە، لە هەر قۆناغێکیش دا بە پێی حەز و خواستەکانیان و گونجاندن لەگەڵ دۆخی سیاسی و سوود وەرگرتن لە بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کار لەسەر پرسی تەعریب کراوە، بگرە لە دوور خستنەوەی کورد و هاوردە کردنی عەرەب، دەست گرتن بەسەر مولک و ماڵی کورد، قەدەغە کردنی زمانی کوردی، بێ بەش کردنی شار و خەڵکی شار لە خزمەتگوزاری، تا دەگاتە سەردەمی حکومەتی مەزهەبی و ئەوەی تا ئێستا دەکرێت لە دژی کورد لەو شارە.
دوایین شێوازی تەعریب، لابردنی زمان و نوسینی کوردیە لەسەر تابلۆکانی هاتووچوودا، کە لەسەر دەستی پارێزگاری سەپێندراوی بەناو راکان الجبوری ئەنجام دەدرێت.
ئەم کارەیان بە پێچەوانەی دستوری عیراقی فیداڕالە کە زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی لە دستور دا جێگیر کراوە، واتا لە دەستهەڵاتی پارێزگار دا نیە ئەو کارە بکات.
بەڵام لەبەر ئەوەی بابەت لە دژی کوردە و لە بەرژەوەندی عەرەب دایە و بەشێکە لە پیلانی تەعریب، ئیتر حکومەتی مەرکەزی بێ دەنگ دەبێت و میلشیشا مەزهەبیەکانیش پێشوازی لێ دەکەن.
بەڵام لێڕەدا ڕاستیەک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ کات کورد دەستبەرداری کەرکوک نەبووە و ئامادەش بووە قوربانی گەورە لە پێناوی دا بدات و ئێستا و لە داهاتوش لەسەر هەمان هەڵوێست بەردەوام دەبێت، عەرەبیش هیچ کات نەیانتوانیوە ناسنامەی کوردستانی کەرکوک بسڕنەوە و لە خاکی کوردستان جیای بکەنەوە.
ئەوەی راکان جبوری دەیکات، سەلماندی شکست و بێ هێزی یە، بێ هیوا بوونە لەوەی بتوانن کەرکوک لە کوردستان جیا بکەنەوە.
لابردنی تابلۆکانی هاتووچوو، هیچ لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک کەم ناکاتەوە، بوڵکو وەکو هەمیشە هێز و ئیرادەی زیاتر بە کورد دەبەخشێت لە پێناو داکوکی کردن لەسەر ناسنامەی کوردستانی کەرکوک.
ئەم هەنگاوەیان سەلماندنی شکستی پیلانی بە عەرەب کردنی شاری کەرکوکە بە گشتی، سەلماندنی ڕاستی بێ گومانی کوردستانی بوونی کەرکوکی دڵی کوردستانە.
- نڤیسەرێ هێژا دکاری هەموو بابەتێن خۆ بینی ئەو ناڤێ تە لخارێ هاتیە نڤیسین ….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.