میدیا “ئەوەی دەیبیستیت مەرج نییە راستبێت”

بڵندنەوڕەس

وەک چۆن خوێ سەرچاوەی سەرەکییە لە دروستکردنی ھەر خواردنێکدا و وەک چۆن باڵ سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ھەموو فڕینێک و وەک چۆن دڵ دابەشکاری خوێنە بەسەر جەستەی بونەوەراندا، بە ھەمان شێوە میدیاش سەرچاوەی سەرەکییە بۆ کۆمەڵگە و سەرجەم زانستە مرۆڤایەتییەکان.

میدیا خۆی ئامرازە، بەڵام ئامرازێکی تەواوکەر و گەیەنەرە، ھیچ بوارێک لە توانایدا نییە خۆی بەرجەستە بکات لە کۆمەڵگەدا بێ ئامرازە میدیاییەکان.

کەواتە کە خوێ تەڕبوو، یان باڵ شکا، یان دڵ سست بوو، ناتوانن کاری خۆیان بە باشی جێبەجێبکەن، کە میدیاش راستگۆیی و پیشەییبوونی لەدەستدا، ئەرکی خۆی پێچەوانە دەکاتەوە و پەیامەکان وەک خۆی ناگەیەنێت.

میدیا چونکە ئاراستە دەکرێت بۆ ئەوەی ئاراستە بکات، ھەمیشە دەبێت پێوەر ھەبێت بۆ پێوانەکردنی پەیامەکانی، تایبەت ئەو پەیامانەی کە نامەیەکی سیاسی لە ھەناودایە و دەیگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگە و خەڵک.

ھیچ میدیایەک نییە ستراتیژێکی سیاسی لەپشتەوە نەبێت، ئەو میدیایە لە ھەر کوێییەکی جیھاندابێت ملکەچە بەو ستراتیژەی بۆی دادەنرێت، چ سیاسی بێت یان ئابووری یان کەلتوری یان ھەر بوارێکی تر، تەنانەت بواری خواردن دروستکردن و وەرزشیش.

ئەم ھاوکێشەیە بۆیە وایە، چونکە بەرژەوەندی تاکێک یان گروپێک رەوڕەوە میدیاییەکە دەجوڵێنێت، جوڵاندنێک بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجەکانی لە رێگەی دروستکردنی رای گشتی ئەرێنی بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکەی.

بۆیە مەرج نییە ھەرچییەکت لە میدیادا بیست پێتڕاستبێت.

ئەوەی تۆ لە خەڵکە دواکەوتووەکەی میدیا جیا دەکاتەوە تەنھا بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی خۆتە، ھەرکاتێک توانیت بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەک پەلە نەکەیت و بەدوای سەرچاوەکەیدا بڕۆیت و بیدۆزیتەوە، ئەو کاتە دڵنیابە کە میدیا کەمترین کاریگەری بەجێدەھێڵێت لەسەرت و دەتوانیت لە کۆتی میدیایی خۆت رزگاربکەیت.

ئەو وێنە و ھەواڵەی تۆ بە چەند چرکەیەک دەیبینیت، دڵنیابە ستراتیژێک و ئامانجێک و بەرژەوەندییەک و تەکتیکێک و بیرکردنەوەیەکی قوڵی لەپشتەوەیە، بۆ ئەوەی ھەستی تۆ ببات بۆ خۆی.

چارەسەر ئەوەیە، ئەوەی دەیبیستیت مەرج نییە راستبێت.

  • نڤیسەرێ هێژا ئەو ناڤێ تە لخارێ هاتیە نڤیسین دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.