بەرز بونەوەی بەهای دۆلار لە بەرژەوەندی کێ دایە ؟
نەوزاد محەمەد
لە ماوەی دواییدا بەهای دۆلار لە بازارەکانی عیراق لە ناکاو و بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بویەوە، لە ١٢٠ هەزار گەیشتە ١٤٨ هەزار و هەندێک جار زیاتر و بە پێی لێدوانی بەرپرسانی عیراقی ئەم هەنگاوە بە پێی سیاسەتێکی ئابوری بووە و لە بەرژەوەندی عیراق دایە !.
بە پیێ دۆخی ئابوری لە ناوخۆی عیراق، هیچ هۆکارێکی سەرەکی نەبووە کە ببێتە مایەی بەرز بونەوەی بەهای دۆلار بەم شێوەیە، نە عیراق توشی سزادانی نێو دەوڵەتی بووە، نە ئابوری عیراق توشی داڕمانی زیاتر بووە، نە بانکی مەرکەزی عیراق ئیفلاسی ڕاگەیاندووە، نە دۆخی ئەمن و ئاسایش گەیشتە ئەو ئاستەی لە کۆنتڕۆل دەربچێت و ئاژاوە سنور ببەزێنێت و کاریگەری بکاتە سەر بازار !؟.
ئەگەر لە سەرەتای دۆخەکەشدا هەوڵ درابێت بە شرۆڤەی جیا جیا بەهانە پەدا بکرێت بۆ بەرز بونەوەی بەهای دۆلار، بەڵام لەم دواییەدا و لە کاتی بانگهێشت کردنی وەزیری دارایی عیراقی “عەلی حەیدرە علاوی” لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بۆ مەبەستی روونکردنەوەی هۆکارەکانی بەرز بونەوەی بەهای دۆلار، وە ڕەتکردنەوەی ناوبراو لە ئامادە بوون و روونکردنەوەی سیاسەتی دارایی لەمەر ئەو پرسە دا، دواتر بە شێوەیەکی تاک لایەنە و لە لێدوانێکدا و زۆر بە روونی بڵێت بە هیچ شێوەیەک بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار گۆڕانکاری بەسەر نایەت !، ئەمەیان پێویستی بە لەسەر ڕاوەستان و پێداچونەوە هەیە.
لێرەدا ئاشکرا دەبێت کە تاکە هۆکاری بوبێتە مایەێ بەرز کردنەوەی بەهای دۆلار، هۆکاری سیاسی یە و دەبێ دەستێکی لە پشت بێت، لەو کاتەش دا تەنها لایەنێکی سیاسی ناوخۆیی ناتوانێت بەو شێوەیە کاریگەری بکاتە سەر بڕیارێک پەیوەندی بە سیاسەتی ئابوری عیراقەوە هەبێت، بەڵکو دەبێ لایەنی دەرەکی و دەست ڕۆیشتو لە عیراق دەستی تێدا هەبێت !.
ئەوەی بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە وەزیری دارای عیراق سەر بە هیچ کوتلەیەک نەبوو و لە لایەن سەدریەکان متمانەی پێ درا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی
بەڵام دیارە وەزیری ناوبراو بێ لایەن نیە و زیاتر مەیلی سیاسەتی بەرەی مقاوەمەی هەیە، بەم چەندەش روون و ئاشکرا دەبێت کە ناوبراو ئەجندای ئێران جێ بە جێ دەکات لەمەر ئابوری عیراق.
هۆکاری ئێران لەم هەنگاوەدا بێ گومان دەگەڕێتەوە بۆ خۆدی دۆخی نالەباری ئابوری ناوخۆی ئێران.
ئێران و بە پێی سزا جۆراوجۆرەکانی نێودەوڵەتی کە بەسەریدا سەپێندراون، تووشی داڕمانی ئابوری بووە، بەهای دۆلار بەرامبەربە دراوی ئێرانی لە ٣٠٠% بەرز بویتەوە، ئەم سزایانە دۆخی ناوخۆی ئێران یان توشی ئیفلیجی کردووە، بگرە لە بەرز بەنەوەی بەهای کالاکان و سوتەمەنی و زیاد بوونی ئاستی بێکاری و نزم بونەوەی ئاستی داهاتی تاک، هەروەها بەرز بونەوەی ئاستی تاوان و توند و تیژی و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی، جگە لەبەرز بونەوەی دەنگی نارەزایەتی شەقامی ئێرانی و جارجاریش دەگاتە ئاستی خۆپیشاندان.
بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئێران ئەوەیە کە هەوڵ بدات بە رێگای کلکەکانیەوە لە ناوخۆی عیراق، دۆخی ئابوری عیراقیش توشی داڕمان بکات، وەکو ئەوە وایە کێشەکانی هەناردەی دەرەوەی سنورەکانی بکات، لە پێناوی ئەوەی بتوانێت دۆخی نالەباری ناوخۆیی کۆنتڕۆڵ بکات، هیچ وڵاتێکیش بۆ ئەم سیاسەتە لە عیراق باشتر و ئاسانتر نیە کە ئێران هەژمونی بەسەر هەیە و تا ڕادەیەک کۆنتڕۆلی جومکەکانی دەستهەڵاتی کردووە.
بۆیە دەتوانین بڵێین سیاسەتی بەرز کردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە ناوخۆیی عیراق دا، تەنها جێ بە جێ کردنی ئەجندا و سیاسەت و فەرمانەکانی ئێرانە و هیچی تر نیە.
- دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.