پوختەیەک لە مێژوو و ژیان و کار و کردارەکانی بارزانی نەمر لە وێستگەی خەبات و ژیانییدا

لانە محـــەمەد

بارزانی نەمر ، مەلا مستەفا بارزانی ،کوری شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، خاوەنی چوار برابووە بەناوەکانی (شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد، شێخ محمدسدیق ، شێخ محمد ناسراو بە (بابۆ) ، لە ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣ لە بارزان لە دایک بووە ، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە ھێرشی عوسمانیەکان بۆسەر ناوچەی بارزان لەگەڵ دایکی ٩ مانگ زیندانی دەکرێت، شێخ عەبدولسەلام بارزانی براگەورەی بارزانی نەمر بەھۆی داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لەلایەن سوپای عوسمانیەکان ھێرشیان دەکرێتە سەر دەستگیر دەکرێت و دوای بەھۆی داخوازی سەربەخۆی کوردستان و لە سالی ١٩١٤ لە موسل بەھۆی ناپاکیەک لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی سۆفی عەبدووڵلا کە دەیباتە ماڵی خۆی و پاشان رادەستی دوژمنی دەکات و لە سێدارە دەدرێت ، لە ناوەراستی ساڵی ١٩٣٦ موتەسەریفی موسل بارزانی نەمری بانگکرد بۆ دایرەکەی خۆی و لەوێ ژەھر خواردی کرد، دوای ئەوە بەدەست ئازار دەتلایەوەو دوای دوو ھەفتە ھاتەوە سەرخۆی ، بارزانییەکان تا سالی ١٩٤٣ لە سلێمانی مانەوەو ، لە ١٢ ی ٧ ی ١٩٤٣ بەیارمەتی کەسانی نیشتیمان پەروەر بارزانی نەمر دەرفەتی بۆ رێککەوت بەرەو سنوری ئێران بچێت و تەنیا دوو کەسی لەگەڵ خۆیدا برد ، دوای ئەوە حکومەتەکانی ئێران و تورکیا خەڵاتێکی پەنجا ھەزاریان دانا ھەر کەسێک بە مردوویی یان زیندوویی بارزانی نەمر بگرێت، ئەوەبوو کۆمەڵێک ناپاک لە ھەوڵی ئەوەدابوون زانیاری بدەن ، بەڵام کوردپەروەری وا ھەبوو گوتی “ئابرووچوونە ئەوەی بیر لەو شتانە بکاتەوەو ئەو کەسەی بارزانی بگرێت لە دایکی خۆی نەبووە”.
،لە ٢٨ـی٧ ی ١٩٤٣ بارزانی نەمر گەرایەوە خاکی عێراق، بارزانی نەمر سەرکردایەتی شۆرشەکانی بارزانی لە سالی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ لە باشوری کوردستان کوردووە و چەندین یاسایی ئاشکرای بۆ کارکردنیان داناوە لەوانەش:

یەکەم: ھەموو چەکدارەکان لەبەردەستی بەرپرسدا دەبن و فەرمانەکانی ئەو بەجێ دێنن.
دووەم: پێویستە بەرپرس لەگەڵ تاکەکانی خۆیدا بێت و وەکو برا ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات.
سێییەم: ھیچ شتێک بە زۆر لە خەڵک نایەتە سەندن.
چوارەم: دەستکەوتەکانی شەر بە برایانە بەپێی پێویست دابەش دەکرێن.
پێنجەم : دیل کردەوەی مرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت و شتەکانی موڵکی خۆیان لێ ناسەندرێ.
شەشەم: ئەو ئامۆژگاریانەی بۆیان دێت بە وردی ڕەفتاری پێدەکەن.

لە یەکەم مەیدانداریدا پۆلیسخانەی شانەداریان گرت و لە دوایدا بارزانی نەمر بریاریدا بچێتە ناوچەی مزوری ، لە مەیداندارییە بەناوبانگەی خێرەزووکدا ھێزەکان لە ١٢ ی ١٠ ی ١٩٤٣ چوون بۆ دەورەدانی پۆلیسخانەی خێرەزووک ، بارزانی نەمر فەرمانی دا خۆیان لە دوژمن نەگەیەنن تا دەگەنە دەشتی ھەلونی و نێوان بێرسیاڤ و خێرەزووک ، لەو دەشتە شەر رویدا و کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و سەرکەوتوترین شەری ئەو راپەرینە ، کە بارزانی خۆی تێدا بەشداربوو ، ئەو شەرە تا تاریک داھات درێژەی کێشا و حکومەت توشی کارەسات بوو ، چونکە ١٢٠ کوژراو ٦٥ کەسیان لێ بەدیلگیراو چەندین دەستکەوتی چەک و سەربازیش بەدەستھاتن، بارزانی نەمر خۆی لەو شەرەدا بریندار بوو ، ئەوەی بارزانی نەمری بریندارکرد بە دیلگیرابوو ، بارزانی نەمر زۆر روی دایێ و نەیھێشت کەس ھیچی لێبکا و بۆ رۆژی دوای لەگەل دیلەکانی تردا ناردیەوە بۆ مێرگەسور تا بە سەلامەتی بەربدرێن. مانگی تشرینی یەکەم بووە مانگی سەرکەوتن چونکە ناوچەکە بەتەواوی ھاتە پاککردن وەک ( شانەدەر و خێرەزوک و بیرەکەپرە، زێت، چەمی، سێلکێ، مێرۆز، ئەرگووش ، تێل، شنگێل، کانی بۆت، بێدیال، شێروان، ڕێزان، شێتنە، بێداروون، کانی رەش ، جگە لە سێ شوێن کە مابوو ئەوانیش (مێرگەسور و بارزان و بلە) بوون.
دوا ئەمەش بارزانی نەمر لە بەرگریکاری و خاکپەروەری و کوردایەتی ھەر بەردەوام بوو بێ ئەوەی رۆژێک بچەمێت ، پاشان بە گوێرەی ھەلومەرجی ئەوکاتی ناوچەکە و جیھان دوای ئەوەی بارزانی نەمر لەگەل رێبەرانی پارتی ئازادی کوردستان لیژنەی ئازادی لە شنۆ نیشتەجێبوو ، لەوێ گەڵالەی دامەزراندێی پارتێکی سیاسی ھاوشێوەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئاراستەی ھەڤاڵانی کرد ، بارزانی نەمر بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی کوردی دارشت و پارتەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ١٦ ی ئابی ١٩٤٦ بەست ، نوای پارتەکە نرا حزبی پارتی دیموکراتی کورد ، و دواتر لە کۆنگرەی سێیەمی پارتییدا ناوی حزبەکە گۆردرا بۆ “پارتی دیموکراتی کوردستان” ، کە ئێستا قوتابی و ھاورێبازی زۆرن و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری مافە نەتەوەیەکانی کوردستان و کوردستانییانە لەژێر چەتری سەرۆک مەسعود بارزانیی.، بارزانی نەمر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەشداربووە و کراوە بە سوپا سالاری کۆماری کوردستان لە مەھاباد، پاش شکستی کۆمار لە ١٨ـی حوزەیرانی سالی ١٩٤٧ لەگەل پێنجسەد پێشمەرگەدا روی لە یەکێتی سۆڤیەت کردووە ، ئەویش دوای برینی سنوری عێراق و ئێران و تورکیا چەندین روبەروبونەوە لەگەل سوپای ئەو وڵاتانە، لە روباری ئاراس بەرەو سۆڤیەت پەریونەتەوە ، ١٢ ساڵ بە ئاواڕەی لەگەل ھەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران ماونەتەوە ، لە دوای شۆرشی ١٩٥٨ی عێراق، بۆ باشوری کوردستان گەراوەتەوە ، لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستاندا لە ١١ ی ئەیلولی ١٩٦١ شۆرشی ئەیلولی ھەلگیرساندووە ، بەرگریکارێکی سەرسەختی دۆزی رەواوی گەلەکەی بووە ، لە ١١ ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لە دوای بەرگری چەندین سالە حکومەتی ناوەندی عێراقی ناچارکرد دان بە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت و بۆ یەکەمجار زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی ،لەھەمانکاتدا بۆ یەکەمجار ددان نرا بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ، لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلول ، لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەل سەدان ھەزار کوردستانیدا ئاوارەی ئێران بووە ، بارزانی نەمر خودان دید و رێبازێکی شۆرشگێرانە بووە ، خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵاین بووە ، ئازایەتی و بروا و بەخۆبوون و ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتکردن لە دژی زۆرداری و رەتکردنەوەی ژێر دەستی تایبەتمەندێکی دیاری کەسایەتی ئەو بووە ، ئەو سەر مەشقی رێبوارانی کوردایەتی بووە بە کردارەکانی ، دوای ئەوەی بارزانی نەمر بۆ چارەسەری نەخۆشی چووە ئەمریکا ، ھاوکات لەگەل وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام لە میدیا و ناوەندە بریاردەرەکانی ئەمریکا داوای پشتیوانی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دەکرد ، بارزانی نەمر لە ژیانی خۆیدا لە پێناو گەلەکەی توشی دەیان و سەدان ئاستەنگ و بەربەست و دژمنکاری و تیرۆر بۆتەوە و ھەمیشە سەرکەوتن ئەنجامی بووە ، بارزانی نەمر لە ١ـی ئاداری ١٩٧٩دا لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کۆچی دوایکرد، دوای ئەوەی نیو سەدە خەباتی بێ وچان و بێ دابرانی بۆ کوردستان و گەل و خاکەکەی ئەنجامدا ، لە ٤ـی ئاداری ھەمان ساڵدا تەرمی بارزانی نەمر گەیشتەوە تاران ،دواتر بە ھەلیکۆپتەر گەرێنرایەوە بۆ شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان ھەزار کەس لە پەنابەرانی کوردستان و خەلکی رۆژھەڵاتی کوردستان و کوردانی و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان پێشوازی لێکرا، رۆژی ٥ـی ئادار تەرمی بارزانی نەمر لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە ئەمانەت بە خاک سپێردرا ، لە پاش راپەرین و لە ٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ دا تەرمی بارزانی نەمر و ئیدریس بارزانی جوانەمەرگی کوری، لە رۆژھەڵاتی کوردستان گەرێنرایەوە ھەرێمی کوردستان و لە بارزان بە خاکسپێردران، وێستگەی خەباتی بارزانی مێژوویەکی پرە لە سەروەری شانازی و فیداکاری بۆ گەلەکەی، کە بەچەندین کتێب و توێژینەوەو بابەت و فیلم و دیکیۆمێنتاری کۆتایی نایەت، سڵاو لە روحی پاکی باوکی نەتەوەیەک ، ئێستاش رێبازێکی پتەوی داربەروانەی لەدوای خۆی جێھێشتووە و ھەر لە گەشەدایە، کە برەودانە بە رەوتی نەتەوەییخوازی و داکۆکیکردن لێی و و ھەروەھا کوردایەتی و بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان و دۆزی رەوای گەلی کوردستان ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەتکردنی خەڵک و سەربەخۆیی خوازی نەتەوەیەک..

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی …

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.