لیزا كاكەیی: ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی ھیوا لە بانكێكی سلێمانی دیار نەماوە

لیزا كاكەیی: ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی ھیوا لە بانكێكی سلێمانی دیار نەماوە
”وەزیری دارایی لەوە نیگەرانە بەڕێوەبەرێكی لە سلێمانی لاداوە كەچی كار بە بڕیارەكەی نەكراوە“

ئەندامێكی لێژنەی داریی لە پەرلەمانی كوردستان، چەند زانیارییەكی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و دۆخی سلێمانی ئاشكرا كرد و جەختی كردەوە، ئەم مانگەش تەواوی داهاتی سلێمانی لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی پارتییە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”بۆ ئەم مانگەش، دەست بەسەر داھاتی سلێمانیدا گیراوە، مووچەخۆران و خەڵكی شارەكە بوونەتە قوربانی“.

كاكەیی باسیشی لە دۆخی كەرتی تەندروستی لە سلێمانی كرد و ئاشكرای كرد: “لە بەدواداچوونێكمدا دەركەوت لە یەكێك لە بانكەكانی سلێمانی، بڕی ملیارێك و چوار سەد ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی هیوا دیار نەماوە، ئەویش وەك داھاتەكانی دیكە دەستی بەسەردا گیراوە“.

جەختیشی كردەوە كە بەپێی زانیارییەكانیان: ”وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە نیگەرانە، پێشتر بڕیاری سڕكردنی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەركردبوو، بۆ ئەوەی چیتر دەست بەسەر پارەی بانكەكاندا نەگیرێت، كەچی بەڕێوەبەرەكە هێندرایەوە سەر كارەكەی و كار بە بڕیارەكەی ئەو نەكرا، وەزیری دارایی لە كاردانەوەی ئەم كارە وەزارەتەكەی جێ هێشتووە و لە ماڵەوە دانیشتووە“.

لیزا كاكەیی بە پێویستی زانی، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە پشكی گۆڕان لە پۆستەكەیدایە، بچێتە لێژنەی دارایی پەرلەمان و هۆكاری دەوامنەكردن و كێشەكانی بەردەمی بە ڕاشكاوانە بخاتە ڕوو.

پاره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له‌ سلێمانی، ته‌رخان كراوه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ریی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌، كه‌ له‌ هه‌ر ساتێكدا تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر و پاره‌ی پێویسته‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته‌ و ده‌بێ پاره‌كانیان پارێزراو بێ، به‌ڵام له‌ سلێمانی ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ی پاره‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، دیار نه‌ماوه‌.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.