پەیامی من بە بۆنەی ۳٤ ساڵ تاڵی یادی ئەنفال ژینۆسایدی کورد
هاوڵاتیانی بەشەرەفی کوردستان
ڕۆڵە قارەمانەکانی کورد لە هەرجێگایەکی جیهانن
ئەمڕۆ لەچاوەڕوانی تەواو چەندین ساڵە چاومان لەڕێیە ئیتر کراسێك یان ئێسکێك دەبن بە مام و باوك و دایك و برا و خوشکی من نەگوێم لە هاوار و نەگوێم لە ترپەی دڵەکانە . پێویستە لەئاست مرۆڤە بڵندەکان بەتایبەت دایکانی شەهید و خانەوادەکانیان هەموومان چۆك دابدەین وخۆمان بەخزمەتکاریان بزانین .
سەرەتا بە پێناسە کردنی وشەی بەدناو دەست پێ دەکەم .
ئەنفالی بەدناو وشەیەکی عەرەبیە .لە ئەدەبیاتی ئیسلامییەوە هاتووەتە ناو زمان و زەینی گەلی کوردو ڕاستەوخۆلە دەقەکانی قورئانەوە وەرگیراوە .
ئەنفال ناوی هەشتەمین سورەتی قورئانەو ژمارەی ئایەتەکانی ٧٥ ئایەتە و لە مەدینە هاتووەتەخوارەوە . ئەنفال لەمانادا واتە زیادە وبەخشین ؛
ئەنفال بەرنامەیەکی بیر لێکراوەی داڕێژراو بوو بۆ قەڵاچۆکردن و پاکتاوی ڕەگەزی گەلێکی ڕاپەڕیو، کە سەرەڕای ئامادەکردنی نەخشە و هێزی سەربازیی و توانای جێ بەچێ کردنی ئەم تاوانە بەوردی چوارچێوەیەکی فکری وئایدۆلۆژیك بۆ ئەم قڕکردن و قەڵاچۆکردنە داڕێژرابوو کە لە هەناوی دەقە ئاینیەکەیانەوە وەرگیرابوو ؛ بینیمان کە بە بەرچاوی جیهانی عەرەب و ئیسلامەوە ئەم کردەوە دزێوە ئەنجام دراو هیچ کام لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامەکان ورتەیان نەکردوو گەلێ بەتاوانی ئازادی و ماف خوازی بردیانە قەسابخانەی ناسیونالیزمی عەرەبی و شەڕی بێ ئاینیەوە سەرای ناڕەوابوون و بێ ڕەوشتی بوونی ئەم دیاردە مەخابن هیچکام لە وڵاتانی ناوچە و موسڵمانان هەڵوێست و ناڕەزایەتیان لەسەری نەبوو . تاڵوەگەری ئەم کارەساتە شوومە وەك ژینۆسایدی گەلی کورد هەموو ساڵیك یادی دەکاتەوە ودەبێتەوە ڕۆژەڤی میدیاو ناوەندە کوردیەکان . پێویستە لە سەر کورد و هەموو تاکێکی ئەم نەتەوەیە هەدا نەدات تا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی جیهاندا وبە پیێی یاسا ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی ژینوسایدی کورد دەناسینن و زامنی دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی لەو جۆرە کارەساتێك لە جیهان وەردەگرن لە هەموو نیشتمانی کورددا.
لە تاڵ یادی ئەنفالدا شیاوە کە کورد ئاوڕێکی وشیارانە لە میژووی خۆی بداتەوە بزانێ کە لەڕۆژانی قڕان و قەڵاچۆکردندا چۆن تەنیا و بێ کەس مابوو وە بزانێت کە یەکەم و سەرەکی ترین میکانیزمی زامنکردنی ئازادی ومانەوەی یەکیتی ویەکڕیزی نەتەوەیی خۆی پارێزگاری لە بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستانە نەك شتێکی دیکە
بۆیە لێرەدا لە یادی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستاندا دەمەوێت ڕاستی ئەوە بخەمە ڕوو
ئەویش ئەوەیە کە گەلی کورد لەوەتەی خۆی ناسیوە لە پێناو ئازادی سەربەخۆیدا جەنگاوە و قوربانی داوە . ڕووداوەکانی ڕابردوو بەسە بۆ کوردێکی نیشتمان پەروەر ، کە تێبگات سەربەخۆیی مافێکی نەتەوەیی خۆمانە .
چ لایەن و وڵاتێک زەرەر مەند دەبێت بەسەربەخۆیی بوونی کورد
ئێمەی کورد گەر بۆسەربەخۆیی و بەرگریکردن لە خاك و ئاو و شەرەف و کەرامەت پاشان ئاینی ڕەسەنی خۆمان نەبێت ، لەپێناو چیدا چەنگاوین ۰
لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشستی گۆڕ بە گۆڕ ، بۆ ئەنفال کراین ئەگەر داوای مافی ڕەوای سەربەخۆیی نەبێت
بۆ کیمیا باران کراین ئەگەر بۆ سەربەخۆیی نەتەوەو خاکی پیرۆزی خۆمان نەبێت
بۆ بووین بە پێشمەرگە و هەزاران شەهیدمان دا گەر بۆ سەربەخۆیی نیشتمان نەبێت
بۆ کۆڕەومان کرد گەر بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لەژێردەستەیی نەبێت
بۆ ئەو هەموو خوشکە پەلک زەردانەمان لەنوگرەسەلمان و زیندانێکان دەست دێژیان کرایەسەر گەر بەهۆی کوردبوون و سەربەخۆییمان نەبێت .
هێشتا عەقڵیەتی ڕەوایی بە تاوانی ئەنفال زیندووە بەڵام بە قڕ کردن هەرگیز ئیرادەی گەلی کۆڵنەدەری کوردستان بۆ مافی نەتەوەیی خۆی لە ناو ناچێت .
بژی کورد بژی کوردستان
ڕەوانیان شاد و دروود بۆ ڕۆحی شەهیدانی کورد
خزمەتکاری نەتەوە و نیشتمان
ئازاد نصرت
۲۰۲۲/٤/۱٤
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.