پڕۆسەی هاوسەرگیری، پرۆسەیەکی هەستیاری ئاڵۆزە

دێکان عەلی

پڕۆسەی هاوسەرگیری، پرۆسەیەکی هەستیاری ئاڵۆزە، کە ئەگەر بێتو مرۆڤ نەتوانێ لە گرنگی ئەم پرۆسەیە تێبگات، نابێ ئەم هەنگاوە گرنگە بنێت.

چونکە ئەم پرۆسەیە بەشێکی گرنگی کۆڵەکەی کۆمەلگەیە، هەنگاوێکە بۆ بنیاتنانی یەکێک لەگرنگترین بنەمای کۆمەڵگە کە پێی دەگوترێ خێزان.. کۆمەڵگە بەبێ خێزان دروست نابێت. ئەگەر ڕۆڵ و گرنگی خێزانیش بە هەڵە بروات کۆمەڵگا تووشی لێکترازان دەبێت.
چونکە لەم خێزانە تاک بەرهەم دێت کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن، تاکێک کە لەدواڕۆژ دەبێتە تاکی بەشدار لەپێکهێنانی کۆمەڵ وەک زانا، هونەرمەند، کرێکار، سیاسەتمەدار، بازرگان، مامۆستا، دکتۆر، دایک باوک.. کە ئەمانە هەموویان کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن و بڕیارەکان دەدەن.. بۆیە ئەگەر خێزان کێشەی تێکەوت ڕێڕەوی بەرەوپێشەوە چوونی کۆمەڵگەش تووشی ئاستەنگی دەبێت.

گومان لەوەنیە هەر یەکێک لەئێمە، بەتایبەت کچان ئارەزووی پێکهێنانی خێزان دەکەن و بەجۆرێک لەجۆرەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیە، ڕێڕەوەی ژیانێکی ئارام بگرنەبەر.(هەڵبەت هاوسەرگیری مافی هەموو کەسێکە و هیچ عەیبەیەکی تێدانیە)

بەڵام خاڵێک کە ڕۆژانە دێتە پێشچاوم، کڕوزانەی بەشێک لەکچانە لە گرووپەکانی تایبەت بە کچان و ژنان، کە داوای دوعا دەکەن یا سەردانی شێخ و مەلا دەکەن، بەمەستی ئاسانکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە.

وەک چۆن ناکرێت هەموومان، دکتۆربین، وەزیربین، مامۆستابین……هتد، ئاواش مەرج نیە، هەموومان هاوسەرگیری بکەین.

بۆیە دەکرێت لە ئەگەری دروست نەبوونی ئەم پرۆسەیە، دەکرێت کچان هەوڵی گۆڕینی ڕێڕەوی ژیانیان بدەن. توانا ژنانەکانیان پەرەپێبدەن، هەوڵی بەدەستهێنانی کارو ژیانێکی شکۆمەندانە بکەن. مەرج نیە کچێک هاوسەرگیری نەکات، ئیتر کاروانی ژیانی ڕاوەستێت.

کەوایە، تۆ دەتوانی بڕیاربدەیت، چۆن ڕێڕەوی ژیانت دیاری دەکەیت……

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.