بەراوردێک لە نێوان کەرکوکی دەوڵەمەندو دانیشتوانە هەژارەکەی
ئەسرین عاسی شوانی
کەرکوک ئەو شارە دەوڵەمەندەی کە لە سەر دەریایەک نەوت لەنگەری گرتوە،لە ئێستادا بوەتە حاویەیەکی گەورەی لە زبڵ و خاشاک و پۆخڵەوات،کەس لە خەمی ئەوەدا نیە ئاوڕێکی لێ بداتەوە،سەرەڕای دەوڵەمەندی شارەکە کە یەدەکی نەوتی بە جۆرێکە ئەبوایە دانیشتوانەکەی لە باشترین ڕەفاهیەت دا ژیانیان بگوزەرانیایە کەچی زبڵ و خاشاک تەنگی بە دانیشتوانەکەی هەڵچنیوەو،شارەکە بوەتە جێگای مەترسی بۆ ژیان و سەرچاوەی نەخۆشی،لەبەر ئەوەی شارەکە لە لایەن دەسەلاتدارانەوە پشت گوێ خراوەو،ئەوەندەی گەندەڵی و دزی لێ دەکرێت،خزمەتی ناکرێت،کە دەبوایە ناوازەترین شار بوایە لە ناوچەکەداو خەڵکەکەی بە شیاوترین ژیان پێناسە بکرانایە،بەڵام ئەوە نەکراوەو گەورەترین غەدری دەرهەق کراوە،سەیرە شارێک لە سەر زەریای نەوت لەنگەری گرتوە،کەچی زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکاری پەی بە دانیشتوانەکەی بردوە، شارەکە لە لادێیەکی دواکەوتوی دوور لە شارستانی دەچێت و نوقمی زبڵ بوە و بوەتە حاویەیەکی گەورەی خاشاک، دیسان سەیرە شارێکی دەوڵەمەندی وەک کەرکوک کە چاوی دونیای لەسەرە مانگانە پارەی پاککردنەوەی شار لە خەڵکی دەسێندرێت لە ڕێی موەلیدە ئەهلێەکانەوە، کەچی دزی لەو پارەیەش دەکرێت و پاشەڕۆکەی نوقمی ژیانی خەڵکەکەی دەکرێت،لێرەدا دەکرێت لە ئیدارەی شار بپرسین کە تا کەی ئەبێت تەنها لە خەمی گیرفانی خۆتان دا بن و کەرکوک بەو دەردە بەرن و نوقمی زبڵ و نەخۆشی و هەژاری بکەن،لە بەر ئەوەی شاری کەرکوک ئەگەر بودجەی ناوەندیشی بۆ تەرخان نەکرێت و تەنها بە شێوەیەکی شەفاف ئەگەر پارەی پەترۆدۆلاری بۆ سەرف بکرێت دەبێتە نمونەی شارێکی مۆدرێن و نمونەی لە جیهان داو خەڵکەکەی دەچنە ڕێزبەندی خەڵکانی پێشکەوتوی دونیاوە،بەڵام لە سایەی دەسەڵاتدارانی عێراق و ئیدارەی شارەکەوەو حوکمی سەربازی،وا دەبینین کەرکوکی پایتەختی مادو و گۆدۆکان بوتە حاویەی زبڵ و سەرچاوەی نەخۆشی و مەلبەندی هەژاران. بۆیە خەمی گەورەی کەرکوک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەبێت واز لە هەموو کارێکی بهێنێت لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کار بۆ بە گەڕ خستنەوەو زیندوکردنەوەی مادەی 140 بکاتەوەو کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی تری کوردستان کە بە ناوچەی جێ ناکۆک ناسراوە بە پێی دەستوری عێراقی لەو دوژمن کاریە ڕزگار بکات و ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان ،تا ژیان بگەڕێتەوە کەرکوکی دڵی کوردستان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.