هەتا كەی كوردستان كات لەگەڵ عێراقی ستەمكار وساختە بە فیرۆ بدات ؟

رێبوار حەمەلاو شوانی


بەدرێژایی مێژوویی لكاندنی نەتەوە و خاكی كوردستان بە دەوڵەتی دەستكردنی عێراقەوە ،سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەھەمبەر کورد ھەمیشە سیاسەتێکی سەرکوتکارانە بوو، سیاسەتێک کە ھەڵگری زمانی توند و تیژی و ڕەتکردنەوەی کەلتوور و مێژوو کوردی تیادا بەرجەستە بوو، تەنانەت لە دەستوورەکانیش کورد نەتەوەیێکی ماف پیشێلکراو بوو بۆ نموونە ئەگەر بگەرێینەوە سەر دەستوورەکانی عێراقی وەک دەستووری 1958،دەستووری کاتی 1964،دەستووری کاتی1970،دەبینین ئەم دەستوورانە بە چەند دەقێک زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن ، ئەمەش مانای ڕەتکردنەوە و پشت گوێ خستنی دۆزی گەلی کورد دەگەیەنێت وەک نەتەوەیێکی خاوەن خاک ، زمان،مێژوو،کلتوری ھاوبەشتەنانەت لە کاتی دەسەڵات گرتنە دەستی بەعسییەكان یش دا ، پرسی کورد ھەر بە کێشەیێکی چەقبەستوو مایەوە، ڕژێمی بەعس بە درێژایی 35 ساڵی حوکمڕانی دژایەتی نەتەوەی کوردی کرد و ھەوڵی سەرکوتکردنی بزوتنەوە ڕزگاریخوازە کوردییەکان و لاوازکردنی پێگەی سیاسی کوردی داوە ، ھەمیشە وەک نەتەوەیەکی یاخیگەر سەیری نەتەوەی کوردی کردووە . ھەر بەمەش نەوەستاوە بەڵکو ھەوڵی بە عەرەب کردن و تواندنەوەی گەلی کوردی داوە لە رێگای ئەنجامدانی چەند تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی وەک کیمیاباران،ئەنفال، بەعەرەبكردن و ڕاگواستن،… . ئەم ماڵوێرانیانە چەند ڕاستیێکن کە لە رابردوو دەنگیان دێت و تا ئێستاش لە گوێچکەکانمان دەنگ دەدەنەوە .

“پرسی کورد ھەر بە کێشەیێکی چەقبەستوو مایەوە”


دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ئاراستەكان جارێكی تر بەرەو تاكڕەویی و دیكتاتۆرییەت هەنگاوییان نایەوە ، سەڕەرایی هەوڵەكانی سەركردایەتیی سیاسی كورد وبەتایبەت سەرۆك بارزانی ، بەلام زێهنیەتی خۆسەپێنی زاڵ بوو بەسەر پێكەوەژیان وهاوبەشی و سازان و هاوسەنگیی.بۆیە، حوکمڕانی لە عێراق دا خۆی لە دەسەڵاتێکی تاکڕەوی دەبینێتەوە ، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتدار مافی پێکھاتەکانی تری عێراقی پیشێل کردووە و پەراوێزی خستوون لە بەژداریکردن لە بڕیاری سیاسی و مەسەلە چارەنووس سازەکان دا .
بەڵام کارکردن بە گیانێکی برایەتیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغدا و بەژداریکردن لە بڕیاری سیاسی ھەرگیز کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە کە لە بەرژەوەندی کورد دا بێت ، بەڵکو ھەڵوێستی دەسەڵاتدارانی عێراق لە ھەمبەر کورد ھەمیشە ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیایێکی دژایەتیکارانەی کۆن بووە ، ئاشکراییانە بە پێ ی دەقە یاساییەکان کۆسپ و تەگەرەیان خستۆتە بەردەم گەشەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی کوردستان ، چەند پرسێکی گرنگی وەک نەوت ، بودجە .. یان وەک کارتێکی فشار بەرامبەر کورد بەکارھێناوە، جگە لەمەش شێوازی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق سیاسەتێکی تاکڕەوانە بووە ، ئەم ڕاستیە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی پێشوو نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی دا زۆر بە ڕوونی بینرا ، كە زیندوترین نموونەن لەسەر بوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەوی لە عێراق دا ، دەسەڵاتێک کە ھەموو جومگەکانی حکومەتی پەک خستووە و تاکڕەوانە بریار دەدات و شەرعیەت دەدات بەم دەسەڵاتەی کە ئاستەمە جگە لە سیستەمی سیاسی عێراق لە وڵاتێکی تر بەدی بکرێت .
بۆیە، ئەو دەوڵەتە ساختە و میلیشایی و بەو پاشخانە ستەمكارییە عێراقییە لە ھەمبەر کورد دا دەمانگەیەنێتە دەرەنجامی ئەوەی کە گەلی کورد مافێکی ڕەوای خۆیەتی چۆن ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەەنجامدا و بەم شێوەیەش مافی سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت ، جگە لەو پێوەر و ڕەگەز و مەرجانەی کە بە پێ ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکانی تر و یاسای نێو دەوڵەتی کە مافی چارەی خۆنووسین دەدەن بە نەتەوەی کورد ھەندێ ھۆکاری تریش ھەن کە دەشێت بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان ھەبێت لەسەر ئەم پرسە چارەنووس سازە کە ئەوانیش بریتین لە :سەرنەکەوتنی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕَژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا لە پاراستنی یەکڕیزی پێکھاتەکان و یەکپارچەیی خاکی عێراق
بێ ئومێدبوونی کورد لە دەسەڵاتدارانی عێراق لەم بەڵێن و پەیمانانەی کە ھەر لە ماوەی 17 ساڵی رابردوو كە بە کوردیان داوە و تا ئێستاش جێ بە جێ یان نەکردوون ، ئەمەش وایکردووە کە ئیتر کورد متمانەی بە برایەتی کورد و عەرەب نەمێنێت و بگاتە ئەو ڕاستیەی کە مەسەلەی برایەتی و بەیەکەوە ژیان لە عێراق لە دروشمێک زیاتر ھیچی تر نیە .بۆیە ئیتر پێویستە بیر لە ئایندەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بکاتەوە بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دا بێت و لە ڕێگایەوە بتوانێت مافە ڕەواکانی گەلەکەی بەدەستبھێنێت ، سەرکەوتنی پراکتیزە کردنی سیستەمی فیدرالی و ئەزموونی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان بە درێژایی ھەر 30 ساڵی رابردوو و حكوومرانی ، کە دەکرێت ئەمە وەک بەڵگەیەک سەیری بکرێت لەوەی کە کورد سەڕەرای ئەو ھەموو نەھامەتی و قەیرانانەی کە ڕووبەرووی بۆتەوە توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکان و خۆی بەرێوەببات ، ئەم ئەزموونە سیاسیە نیشانمان دەدات کە کورد سەرکەوتوانە ئیدارەی کوردستای کردووە ،تەنانەت لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکانیش دا زۆر جار وەک دەوڵەتێک مامەڵەی کردووە و وەک دەوڵەتێکیش لە لایەن دەوڵەتانی تر مامەڵەی لەگەڵ کراوە .، نابێت زیاتر لەمە بە سیناریۆ وپیلانگێری و مووشەكباران و دڕۆنباران و دادگای نا فیدراڵی شکۆی ئەزموونی حوکمڕانی سیاسی کوردی بشکێنرێت و لەکەدار بکرێت و قەیرانە سیاسیەکان لەمە زیاتر درێژە بکێشن و یان جێبەجێكردنی مافەدەستوورییەكانی گەلی كورد و یانیش سەربەخۆیی كوردستان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.