تۆپ باران کردنی دەڤەری زاخۆ و بەگڕەوەندەکانی
نەوزاد محەمەد
جاری یەکەم نیە دەڤەرە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەهانەی هەبوونی چەکدارانی پ ک ک وە، لە لایەن تورکیا وە توپ باران و موشەک باران دەکرێن، هەماهەنگی هاوبەشی تورکیا و پ ک ک لەو بارەوەیە روون و ئاشکرایە و تورکیاش ئامانجی و مەڕامی خۆی لە دواوە هەیە.
لە لایەکی ترەوە ئێرانیش بە هەمان شێوە و بۆ هەندێک ئامانجی خۆی، دەستی نەپاراستوە لە فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، تا گەیشتە ئەو ئاستەی زیاتر لە جارێک چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگای بەکرێگیراو کانیەوە و بە بەهانەی جیا جیا، هێرشی موشەکی و دڕۆن بکڕێتە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەوەش دا ئامانجەکانی ئێران روون و دیارن.
ئەو هێرشەی ئەمڕۆ رۆژی چوارشەمە رێکەوتی ٢٠٢٢/٧/٢٠، بۆ سەر کوندی پەرەخێ ی سنوری دەڤەری زاخۆ کە ناوچەیەکی سڤیل نشین و گەشتیاری یە و لەو هێرشەدا ژمارەیەکی هاووڵاتی عیراقی بوونە قوربانی.
بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان ئەم هێرشە لە لایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە و بە شێوەی تۆپ باران کردن بووە.
ئەم هێرشە شێوازێکی جیاوازترە لە هێرشەکانی پێشوتر کە تورکیا گرتبویەبەر، ئەمەش گرژیەکان دەباتە ئاستێکی بەرزتر.
بۆچی لەم کات و ساتەدا تورکیا ئەم هێرشەی ئەنجامدا، بە تایبەت لە دوای کوبونەوەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و ئێران و روسیا کە لە پایتەختی ئێران ئەنجامدرا ؟.
ئەم کوبونەوەیە سێ قۆڵی یە، تایبەت بو بە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ئەم سێ وڵاتە لە پێناو بەرەنگاربونەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لە ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
گومان لەوەدا نیە کە بابەتی زیاد کردنی فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، خاڵێک بووە لە خاڵەکانی ئەم کۆبونەوەیە.
جگە لە ئامانجەکانی تورکیا و ئێران، لە پاش شەری نێوان ئۆکراینا و روسیا و پێشهاتەکانی، روسیاش ئامانجی خۆی هەیە لە فشار کردن بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
روون و ئاشکرایە شەری نێوان ئۆکراینا و روسیا، جگە لەوەی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی روسیا وە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە ململانێی ئابوری یەوە هەیە و بە تایبەت نەفت و گاز.
ئەگەر ئەوە بزانین کە سێ بەشی پێداویستی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ گاز لە لایەن روسیا وە دابین دەکرا، وە لە ئەنجامی پالپشتی رۆژئاوا بۆ ئەکراینا، رۆژئاوا و روسیا کەوتنە شەڕێکی ئابوری، لە لایەک رۆژئاوا هەنگاوی بلۆک کردنی پارەکانی روسیا و سزای تری ئابوری گرتەبەر ، لە لایەکی روسیا هەنگاوی ڕاگرتنی هەناردە کردنی گازی بۆ رۆژئاوا گرتەبەر.
هەنگاوەکەی روسیا رۆژئاوای خشتە دۆخێکی نالەباری گاز و وزەوە، کە وای لە رۆژئاوا کرد بیر لە سەرچاوەیەکی تری گاز بکاتەوە.
بە کورتی بە پێی پێگەی ئێستای سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و ئەو گەشە ئابوریەی لە ئارادایە و بە تایبەت هەبونی رێژەیەکی بەرچاوی نەفت و گاز و هەبونی زیاتر لە هێلێک بۆ گەیاندن و هەناردە کردنی بۆ دەرەوە و بە تایبەت گاز بۆ رۆژئاوا، بیر لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرووەی روسیا لە دابین کردنی گاز بۆ رۆژئاوا و ئەمریکا و رۆژئاوا بە جدی کەوتونەتە دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئەم پرۆژە نوێ یە.
ئەگەر ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی تەواوی هەرێمی کردستاندا بێت لە ئێستا و بۆ ئایندە، بەڵام وڵاتانی تورکیا و ئێران و روسیا بە زیانی خۆیان دەیبینن.
پێشتریش ئاماژەم بەوە کردووە کە روسیا دەستبەرداری ئێران نابێت، بەڵکو هەوڵ دەدات زیاتر بەکاربێنێت لە ناوچەکەدا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا.
هەر بۆیە دەڵێین زیاد کردنی فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان خاڵێکی کوبونەوەی سێ قۆڵی ئەم هەرسێ وڵاتە بووە، یەکەم هەنگاوی جێ بە جێ کردنیشی توپ بارانەکەی ئەمڕۆی تورکیا بوو، پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە ئێرانیش بە لای خۆیەوە فشارەکان زیاتر بکات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.