〝بێکاری وەکو پرسێکی کوردستانی〞

لە نوسینی چاڵاکوان:کوردستان یاسین ڕەسوڵ

بێکاری وەکو پرسێکی کوردستانی

بێکاری یەکێکە لە دیاریدە هەرە بڵاوەکان لە ژیان و کۆمەڵگادا، کێشەیەکی جیهانیە و ئەم دیاریدەیە لە زۆربەی کۆمەڵگاکان هەیە و هەبووە.

بە شێوەیێکی گشتی دەتوانین بڵێن بێکار ئەو کەسەیە کەوا توانای هزری و جەستەی هەبێت، وە ئارەزووی کارکردنی بکات، بەدوای کاردا بگەڕێت نەیدۆزێتەوە.

بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت تەمەنی کارخواز لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵیدا بێت، ئەو تەمەنە دیاریکراوە تەمەنی مامناوەندی پێدەوترێت.

ئەو تەمەنە نێوەندیانە بریتین لە گونجاوترین تەمەنەکان بۆ کارکردن کە تواناسازن و توانای جەستەییان باشە دەتوانن تا ئاستێک کاری جۆراو جۆر و سەختیش بکەن.

خەڵکی کوردستانیش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی لە تەمەنی مامناوەند(ستاندارد)ی دان کە گونجاون بۆ زۆربەی کارەکان.

لە نێوان ئەو تەمەنە مامناوەندیانە ڕێژەیەکی زۆر دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەنی چەندەها بڕوانامەی بەرز هەن.

لەگەڵ ئەوەشدا لێرە لە کوردستان ڕێژەیی بێکاری زۆر بەرزە و کەمترین کارخواز لە ئێستادا خاوەن کاری خۆیانن.

ئەگەر بێینە سەر بابەتی سەرەکیمان کە باسەکە باسی بێکاری و کاریگەریەکانی، وە هۆکارەکانی بێکارین و باسی چارەسەرەکانیش دەکەین لە هەرێمی کوردستاندا.

لەبارەی ڕێژەی بێکاری لە هەرێمدا گەلێک ئاماری جیا جیا دەخرێنە ڕوو، بەپێی ئاماری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بێت ڕێژەی بێکاری بۆساڵی(٢٠٢١) زیاترە ٪١٢ کە بێگومان ئەمە ڕێژەیێکی بەرزە.

هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی بێکار لە هەرێمدا بێگومان لێکەوتی ناتەندروست و ناپەسەندی دەبێت بۆ گۆمەڵگا، وە چەندەها کێشە و کۆسپ دێنێتە بەرهەم، بەتایبەت لەڕووی دەروونیەوە ڕێژەی دەمارگیری و کێشەی کۆمەڵایەتی ڕوو لەزیادبوون دەکەن.

“بێکاری یەکێکە لە دیاریدە هەرە بڵاوەکان لە ژیان و کۆمەڵگادا”

باری دەروونی تاک دەشێوێت، بەهۆی بیرکردنەوەیان لە دواڕۆژ و پاشەڕۆژی خۆیان و نەوەکانیان.

و دەبێتە هۆی ئەوەی کە یاسا سەروەری خۆی لە دەست بدات، خەڵک گوێ بە یاساکان نەدەن هەموو کارێکی نایاسایی ئەنجام بدەن.

هەروەها ڕێژەی تاوان و کوشتن و خۆکوشتن ڕوو لە زیاد بوون دەکات. ڕێژەی هەژاری ڕوو لە هەڵکشان دەکات، جۆرێک لە چینیاییەتی دروست دەبێت لەنێوان خەڵکدا، وە زۆر کات ئەوانەی کەوا زۆر نەداروو هەژارن واتا بێسەرمایەن بۆ ژیانکردنیان زۆر ڕێگایی نادروست دەگرنەبەر بۆ پەیداکردنی پارە، بۆ نمونە دزیکردن کە یەکێکە لە باوترین و دووبارەترین ڕێگایی ناڕاست بۆ پەیداکردنی پارە.

بەم شێوەیە نا سەقامگیریێکی زۆر لەنێو کۆمەڵگا و دەروونی تاکەکان دروست دەبێت.

ڕێژەی کۆچکردن بەرز دەبێتەوە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارخوازانەی کاریان دەست ناکەوێت بە نائومێدی ناچار دەبن وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و بڕۆن بۆ وڵاتێک کە بتوانن ژیان و گوزەرانی خۆیانیان بەڕێوە ببەن.

ئەگەر بێین باسی هۆکارەکانی بێکاریش بکەین بێگومان هۆکارگەلێک هەن کە بونەتە هۆی بەرزبونەوەی ئەم ڕێژە زۆرەی دیاریدەی بێکاری.

گرینگترین هۆکارەکانیش بریتین لە بەرزبونەوەی ڕێژەی دانیشتوان و کێشەی ئابووری وڵات و کێشەی سیاسی، هەروەها هاتنی کرێکاری بیانی کە دەستی کار بۆ کاخواز و کرێکای ناوخۆ کەمدەکات.

وە هەروەها کەمی پڕۆژە لەلایەن کەرتی تایبەت، خۆبەستنەوەی کارخوازان بە دامەزراندن لە بەڕێوبەرایەتیەکان(دامەزراوەی حکومی).

گرینگی نەدان و کەمتەرخەمی حکومەت لە برەودان بە توانا و پڕۆژەی گەنجان و کارکردن لەسەر بیرۆکەکانیان، وە فرەکاری(کەسێک لە یێک کاتتدا چەند کارێک بکات)، کەوا ئەمەش دەرفەتی کار بۆ کارخوازانی تر کەمدەکاتەوە، وە هەروەها نەبوونی لینک لەنێوان خاوەن پڕۆژە و کارخواز و بێکارەکان.

هەنگاو چارەسەرییەکانی نەهێشتنی بێکاری لە هەموو جیهاندا گرینگترین پرس و بابەتن، ئەو پرسە زۆرترین ڕاوێژی لەسەر دەکرێت، وە ساڵانە چەندەها توێژینەوەی جیهانی لەسەر دەکرێت.

گرینگترین هەنگاوەکان بۆ نەهێشتنی بێکاری بریتین لە ڕێکخستنی کارەکان وە جیاکردنەوە یاخود پۆڵێنکردنیان بەپێی ئاست و جۆر و پێویستی.

وە نەهێشتنی فرەکاری، کە ئەم فرەکارییە ڕێگرە لە کەمکردنەوەی بێکاری، بە نەهێشتنی فرەکاری دەرفەتی زیاتر و هەلی زیاتر بۆ کارخوازان و بێکاران دێنە بەرهەم.

وە خاڵێکی تر کە گرینگە حوکمەت کاری لەسەر بکات کردنەوەی خولی فێرکاری و برەودان بە توانا و بەهێزکردنی بیرۆکەکان.

وە خۆنەبەستنەوەی بێکارەکان بۆ دامەزراندن لە دامەزراوەی حکومی، خۆیان هەوڵی بەدەستخستی کار بدەن یاخود خۆیان ببن بە خاوەن کارو پڕۆژە وە هەلی کار بۆ چەندان بێکاری تر بڕەخسێنن.

وە زیادکردنی پڕۆژەی کەرتی تایبەت شان بە شانی کەرتی گشتی کە هاندەرێکی باشە بۆ نەهێشتنی بێکاری.

دیاریکردنی ڕێژەی کرێکارە بیانیەکان لە کۆمپانیا و پڕۆژە ناوخۆییەکان، کە وا بەشێوەیێکی گشتی ڕێژەکەیان زیاتر نەبێت لە٪٢٥ی کۆی کرێکارەکان.

دانانی لینکێک لەنێوان خاوەن پڕۆژە و بێکارەکان، چ لەڕێگەیی دانانی پڕۆگرامی ئەلیکتڕۆنی بێت یاخود سەنتەرێک تایبەت بە کارو کارخواز، کە بێکار بتوانێت خۆی تۆمار بکات و خاوەن کارەکانیش هەلی کارەکانیان تێدا ڕابگەیێنن.

وە سەپۆڕتکردن و هاوکاری کردنی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکان بەتایبەتی دەرچوەکان، لەلایەن حکومەت یان کەرتی تایبەت، یاخود سەرمایەدارەکان، بۆ برەودان بە پڕۆژە و بیرۆکەکانیان چ لەڕووی ماددی بێت یاخود مەعنەوی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.