ب وێنە ، شکەفتا پاڵەگەورە ل سلێمانیێ

هەڵکەوت پشدەری

ئەشکەوتی پاڵەگەورە – بەشی یەکەم


ئەشکەوتی پاڵەگەورە لە نێوان سلێمانی و بازیانە و دەکەوێتە بەرزایەکانی پشت هەزارمێرد. لە ساڵی ١٩٥١ هەڵکۆڵینی بۆ کراوە و لەگەڵ ئەشکەوتی زارزی لە بازیان، هەردووکیان بەخاوەن کەلتووری زارزی لەقەڵەم دراون. لەو کاتەدا یان شێوازەکانی هەڵکۆڵینی زانستی و ئامرازە زانستییەکان پێشکەوتوو نەبوون، یان هەر نەبوون. لەبەر بایەخی زۆری پاڵەگەورەو لە میانەی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی کەوانۆکەی بە پیتی زانکۆی لیڤەرپول و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، دووبارە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ سەردان کرایەوە. ئەم توێژینەوەیان تەماشای مێژووی نێوان ٢٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ناوچە شاخاویەکانی زاگرۆس، دەکات.
مەبەست لە پرۆژەی ٢٠١٦ بەراورد بووە لە نێوان شوێنەوارەکانی کەلتووری زارزی لە باشووری کوردستان، لە ڕووی کاتەکانی دەرکەوتن، نیشتەجێیەکان و بەکارهێنانی سەرچاقوەکانی دەورووبەریان،لەگەڵ ئەو شوێنەوارانەی لە ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دۆزراونەتەوە، بەراورد بکرێن. پاشماوەی ڕووک و ئاژەڵان دەربهێندرێن و بە تەکنیکی کاربۆن ١٤ تەمەنیان دایری بکرێ و لەسەر نەخشەی شوێنەوارناسیی ڕۆژئاوای ئاسیا دابنرێن.
دوو چاڵی ١ بە ٢ مەتر لە دەرکی ئەشکەوتەکە لێدران، هەردووکیان تا گەیشتن بە بەردی شآخ هەڵکەندران. لە چاڵی یەکەمدا لە قوڵایی نێوان ٦٠ تا ١٣٠ سانتیمەتر، بابەتەکانی زارزی دەرکەوتن. تا گەیشتن بە بنی بەردی شاخ هەموو خۆڵ و بەردی ڕووەکانی سەرەوە لابران، لەسەر ئەو بنە بەردە ئامرازە بەردەکانی سەردەمی چاخی بەردین دۆزرانەوە، واتا ئەو بنە بەردە شاخە لەوکاتەدا بەردێکی ڕووت بووە و مرۆڤەکان بەسەریدا هاتووچوونیان کردووە. دواتر بە ڕمانی بەردی دەمی ئەشکەوتەکە و لەسەرەوەی شاخەکەوە، بەر دەرگاکەی پڕبووەتەوە و گڵ و خۆڵی لەدەور کۆبووەتەوە.
لەو هەڵکۆڵینەدا تیمەکە ١٣٨ نموونەی خەڵووز، ١٨٤٥٥ پارچە ئێسقانی گیانداران، ٤٤٠ پارچە خەڵووز، ٩٦٦ پارچەی دیکەی ڕووەک و تۆوەکان و ٥١٨١ ئامرازی بەردیان دۆزییەوە. ٦٣ نموونەی خاک و خۆڵیشیان وەرگرت. پشکنینەکانی تەکنیکی کاربۆن ١٤ نیشانی دەدەن مرۆڤی کۆن بەر لە ١٩٩٠٠-١٩٢٠٠ ساڵ توێكڵە بادام و بەڕووی لەوێ سووتانندووە و لەوێ ژیاوە. چینەکانی خۆڵی بەردەم ئەشکەوتەکە بەپێی قۆناغەکانی هەڵکۆڵین تا تەمەنی ١٣٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر دێ. لەو نێوانەدا بە بەردەوامی چالاکی مرۆڤ لەوی هەبووە و ژماەیەکی زۆری ئامرازی بەرد و ئێسقانی ئاژەڵانی بەجێهێشتووە. بەو پێیە کەلتووری زارزی لەوێ بەر لە ١٣٢٠٠ ساڵ لە دەستپێک بووە. دواتر لە دوای ساڵانی ١٢٩٠٠ مرۆڤ هیچی دیکە لەوێ نەماوە و بە تەواوی بەجێی هێشتووە.
ئامرازە بەردەکان بۆ دوو جۆر پۆلێن کران. یەکەمیان ئەوانەن لە وێنەی لاپەڕە ٢٧ی توێژینەوەکە دیارن. ئەو بەردانە لە شوێنێکی ٣٥ کیلۆمەتر دوور لە نزیک چەمچەماڵەوە هێنراون. ئەوانە ڕەنگ ڕوون و سەوز یا سوورباون و بۆ دروستکردنی ئامرازەکانی دیکە بەکارهاتوون. هەرچی جۆرەی دووەمە ڕەنگیان جۆراو جۆرە و لە نزیک ئەشکەوتەکەوە لە دووری ٤ کیلۆمەتر لە ناو چەمی دۆڵی بازیانەوە، هێنراون. لەو هەموو ئامرازە بەردانەی دۆزرانەوە تەنیا ١ دانە جۆری ئۆبسیدیان بوو (بەردێکی ڕەشی گڕکانە وەکو شووشە وایە بە کوردی پێی دەڵێن بەردەشووشە). ڕەنگەکەی لەوانەی ناوچەی دەریاچەی وانی تورکیا لە دووری ٤٥٠ کیلۆمەتر، دەچێ.
ئەو ئامرازە بەردانەی لە پاڵەگەورەدەرهێنران بۆ چەندین جۆر و مەبەستی بەکاربردن پۆلێن کران. وردەکاریی باسکردنیان زۆرە نەدەکرا هەمووی لێرەدا بخەمە بەرچاو. ئەو ئامرازانە بۆ ماوەی هەر نەبێ ٦٠٠٠ ساڵ لەوێ بەرهەمهاتوون و بۆ داماڵین و پچڕانی گۆشت بەکارهێنراون. دۆزراوەکانی پاڵەگەورە زۆر لەوانەی وارواسی ئێران و ئەشکەوتی زارزی جۆراوجۆرتر و بە ژمارە زۆرترن. دروستکردنی بەردەچەقۆ گرنگترین ئامانجەکانیان بووە. دوای ئەو هەڵکۆڵینانە، ئاشکرایە بەرهەمهێنانی ئامرازی بەردین بە کەلتووری زارزی لە ١٩٦٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی پێکردووە و تا ١٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هیچ گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا نەهاتووە.
هەر لە ناو دۆزراوەکاندا، چەندین موت و موروو هەبوو بۆ جوانکردن و بە خۆوە کردن بە کارهاتوون. هەندێکیان لەبەر دروست کراون، بەشیکی دیکەیان لە قاوغی چەند بوونەوەرێکی ناو ئاو و بەشێکی دیکەیان لە ئێسقانی ئاژەڵان. دوو قاوغی تەواو و ساغی بوونەوەری ئاو سکافۆپۆد (scaphopod -ناوەکەی بە کوردی نازانم چییە) دۆزرانەوە، جگە لەویش هەمان قاوغ بە بڕدراوی دەرهێندرا، دیارە ئەوە وەکو موروو بە کارهاتووە و وەکو ملوانکە، لە مل کراوە. بڕوانە وێنەی ژمارە ٣٥ لە لاپەڕەی ٤٤.
لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا، باسی ڕووەک و ئاژەڵانی پاڵەگەورە دەکەم، بێگومان لە هەمان سەرچاوە وەریدەگرم.
سەرچاوە:

https://doi.org/10.1371/journal.pone.0239564

  • ب وێنە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.