روناهیەک لسەر شینەوارێ بەردەبەڵکەی بزانە …..

هەڵکەوت محمد پشدەری

  1. شوێنەواری بەردەبەڵکە
    بنچینەی زۆربەی هەرە زۆری توێژینەوە زانستییەکانی ڕەچەڵەکی مرۆڤی نوێ لەسەر بیردۆزی ڕەچەڵەکی مرۆڤ لە ئافریقا، دادەڕێژرێ. مرۆڤ لە نێوان هەردوو سەردەمی کەشوهەوای گەرم و جێگیری چاخی پیلیۆسین بۆ ئەوەی چاخی پلیتۆسینی ساردتر، ئەو کۆچەی بەرەو یورۆئاسیا و قەوقاز کردووە (زیاتر لە یەک شەپۆلی کۆچ هەبووە). لەو ماوە دوور و درێژەدا، مرۆڤ لە هەر شوێنێک ژیابێ، تەکنیک و شێوەی شوێنەوارەکانی تەواو لەیەک دەچن. لە چاخی بەردینی کۆندا هەندێ شێوازی تازەی ئامرازەکان دەردەکەون. لە ناوەڕاستی چاخی بەردینی ناوەڕاستیشدا، هەڵسوکەوتی وەکو خۆجوانکردن، ڕاوکردنی ئاژەڵی گەورە، ناشتنی کەل و پەل لەگەڵ مردوو، گەرمکردنی ئامرازە بەردەیینەکان و بەکارهێنانی ئێسقان، دەردەکەون.
    شوێنەواری بەردەبەڵکە ماوەیەکی زۆرە دەستنیشان کراوە و ٣ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چەمچەماڵە و دەکەوێتە دەم چەمی شیروە. ئەوکاتەی مرۆڤی کۆنی لێ ژیاوە، کانییەکی لێبووە. بەردەبەڵکە گرێدەری نێوان هەموو مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوایە. بەردێکی جۆری لایمستۆنی سەردەمی چاخی بەردینی کۆن، بە بەرزیی ٣ مەتر و نیو بە پێوە وەستابوو. ئەو شوێنە لە ساڵی ١٩٤٩ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری عێراق، وەک شوێنەوار ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥١ گەڕان و هەڵکۆڵینی بۆ کراوە.
    بە سەرنجدان لە ئامرازە بەردینەکانی بەردەبەڵکە، تێگەیشتنی نوێمان سەبارەت بە مرۆڤی چاخی بەردینی کۆن ومێژووی ژیان لەو ناوچەیەدا، دوای چاخی بەستەڵەک، بۆ دەردەکەوێ. جاران تەکنیکەکانی دیاریکردنی تەمەنی ئامرازەکان تەنیا بە کاربۆن ١٤ دەکرا و ناتوانێ لە ٥٠ هەزار ساڵ کۆنتر دیاریبکات. دواتر تەکنیکی زۆر باش و نوێ هاتنە بەردەست. هەر بۆیە بەپێی شێوە جیۆلۆجییەکانی بەردەبەڵکە، برۆس هۆوی لە مۆزەخانەی زانکۆی هارڤارد، تەمەنی بەردەبەڵکەی بۆ نزیکەی ١٠٠ هەزار ساڵ گەڕاندەوە. بەڵام کاتی چاخی بەردینی کۆن دەبێ لە نێوان ٢٥٠ هەزار تا ٢٤٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، تەماشا بکرێ. ئەو تەمەنە نوێیە لەگەڵ دۆزراوەکانی بەردەبەڵکە یەکدەگرێتەوە. چونکە لەوێ تاشە بەردی گەورەی یەکلاتیژ دۆزرانەوە، ئەو جۆرە بەردانە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنەوە.
    دۆزینەوەکانی بەردەبەڵکە دوای ئەوانەی هەزارمێرد، دووەمین دۆزینەوەی لەو جۆرەن. جگە لەوانەی لە بەردەبەڵکە دۆزرانەوە، ئامرازە بەردەکانی ناوچەی زاگرۆس هەموویان لەیەک دەچن. چونکە لە بەردەبەڵکە ددانی زۆرتر و تیژترن. ئەوانەی ناوچەکانی دیکەی زاگرۆس بەردە بڕەر و بەردی شێوە بیوریان تێدا نییە. ئەوانە بەڵگەی کۆنیی شوێنەواری بەردەبەڵکە دەدەن. دۆزینەوەی پارچەی زۆری تیژکردنەوە و ڕاستکردنەوەی دەمی بەردەکان، بەردەبەڵکە لە شوێنەوارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.
    هەموو ئامرازەکان لە خێزانی (ئاشیولیان)ن، واتا بەردەکان لە شێوەی سێگۆشە نزیکن، سەرەوەیان پانە و خوارەوەیان باریک و تیژ کراوە. ناوەکە لە قەشەیەکی فەرەنساییەوە وەرگیراوە بۆ یەکەم جار ئەو جۆرە ئامرازە بەردانەی دۆزییەوە. هەر بەردەبەڵکە خۆی هەمان شێوەی هەبووە (پێدەچی ئێستە ڕووخابێ، یان ڕووخێندراوە). بەپێی ڕاپۆرتی بروس هۆوی، بەردەبەڵکە لە کۆمەڵێک وەردە بەرد، بەردی کلس (لایمستۆن)، ئێسقان و ددانی ئاژەڵ و شووشە بەرد پێکەوە لکێندراون و بە قیتی لەسەر وردە بەردو گڵ، دانراوە.
    ئامرازەکانی مرۆڤی کۆن لە ناوچەکانی زاگرۆس بەردی بچووکتر و تیژترن. زۆربەی بەردەکان دووبارە تیژکراونەتەوە و بەکارهاتوونەوە. ئەو جۆرە ئامرازانە لە هەموو شوێنەوارەکانی چاخی بەردینی چیاکانی زاگرۆسدا وەک یەکن. ڕەنگە بەکارهێنانەوەی بەردەکان لەبەر کەمیی جۆری ئەو بەردانە بێ، ئەو شوێنانەی جۆری بەردی پێویستییان هەیە، دووبارە ئامرازەکانیان تیژ نەکردووەتەوە. لە زاگرۆس ژمارەی ئامرازەکان لەچاو شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەمن، بە واتای ئەو شوێنەی بەردەبەڵکە، نیشتەجێی کاتیی بووە.
    لە چاخی بەستەڵەکدا هێڵی بەفر تا ناوچە تەختاییەکان دەهات. بۆیە دەکرێ بەردەبەڵکە نیشتەجێیەکی هاوینە بووبێ. بە پێی کەشوهەوا و هەبوونی باری گونجاو بۆ ڕاو و دروستکردنی ئامرازەکان، مرۆڤی کۆن لە ناوچەیەکی نزمتری گەرمەوە بەرەو بەردەبەڵکە هاتبێ و هاوینانی لێ بەسەر بردبێ. کەواتە کاری زۆر ماوە تا لە ژیانی مرۆڤی کۆن لەو ناوچەیە شارەزا بین و بزانین لە سێ وەرزەکەی دیکەی ساڵدا چۆن ژیانیان گوزەراوە.
    بڕێکی کەم لە ئێسقانی ئاژەڵان لە بەردەبەڵکە دۆزراوەتەوە، زۆربەیان شکێندراون واتا بۆ دەستکەوتنی خۆراکی باش، مۆخەکەیان دەرهێناوە. لە بەردەبەڵکە توانراوە ئێسقانەکانی فیل، فیلی هیندستان، مەڕ، بزن، ئاسک، هێلکە شەیتانۆکە، کیسەڵ، گا، کەرکەدەن و کەر، دەستنیشان بکرێن. هەبوونی قاوغی هێلکە شەیتانۆکە واتای کەشوهەوای خۆش و مام ناوەند دەگەیەنێ. ئەوانە بەڵگەن بۆ ئەوەی بەردەبەڵکە وەکو شوێنی گۆشت داماڵین و خۆراک ئامادەکردن دوای ڕاو، بەکارهاتووە.
    سەرچاوە: https://oi.uchicago.edu/sites/oi.uchicago.edu/files/uploads/shared/docs/oic31.pdf
  • ب وێنە …..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.