بەرەو کۆنگرە

نەوزاد محەمەد

بەستنی هەر کۆنگرەیەک بۆ هەر حزبێکی سیاسی هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی خۆی هەیە، چ لە رووی سیاسی و گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، یان لە رووی پێویستی بە نوێ بونەوە و بەخشینی خوێن و روحێکی نوێ بە حزب.

مەبەست لە بەستنی کۆنگرەش، پێداچونەوەیە بە قۆناغی نێوان دوو کۆنگرە و دەست نیشان کردنی خالە ئەرینی و نەرینیەکان، پێداچونەوەیە بە پەیرەو و پڕۆگرامی حزب، ئامانجە دور و نزیکەکان، دیراسەت کردنی بۆ دۆخی سیاسی و دارشتنی نەخشە رێگا بۆ قۆناغی داهاتوو، لە کۆتاییش دا بابەتی هەڵبژاردن خاڵێکی هەرە گرنگە کە نوێ بونەوە بە حزب دەبەخشێت.

بۆ حزبێکی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تەمەنی سەروی ٧٦ ساڵە، بەستنی کۆنگرە قۆناغێکی هەرە گرنگ و چارەنوسسازی ناوخۆی حزبە، چونکە پارتی لە لایەک هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و بەرگریکارێکی سەرسەختی ناسنامەی کوردایەتی یە، لە لایەکی تریش خاوەن ئەو پێگە بەهێز و فراوانەی سیاسی و جەماوەری یە، جگە لەو دەستکەوتە گەورانەی کە لەسەر دەستی پارتی بە دەست هاتوون و ئەرکی پاراستیان کەوتۆتە سەر شانی پارتی و هەروەها لە خەباتی بەردەوام دایە بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکان.

ئەم خاڵانە ئەرک و بەرپرسیارەتی پارتی گەوەتر دەکەن، هەر ئەم خاڵانە و چەندی تریش پارتی لە حزبەکانی تر جودا دەکاتەوە.

جگە لەوەی حزب ئامادە کاری بۆ کۆنگرە دەکات و کات و ساتی گەنجاوی بۆ دیاری دەکات، هەروەها رێنمایی پێویست دەردەکات، بە پێی پەیرەو و پرۆگرامی ناوخۆیی حزبیش هەر ئەندامێک یان کادرێکی حزب مافی ئەوەی هەیە خۆی کاندید بکات بۆ ئەندامەتی کۆنگرە، لە ناو کۆنگرەش دا دەرفەتی ئەوە دەبێت کە خۆی بۆ پۆستێکی حزبی کاندید بکات.

هەروەها ئەو هەڤاڵانەی شەرەفی ئەوەیان دەبێت کە ببنە ئەندامی سەرکردایەتی، یان لە ناو ئۆڕگانەکانی حزبی دا دەبنە خاوەن ئەرکی نوێ، ئەرک و لەرپرسبارەتی هەرە گەورە و قورس یان دەکەوێتە سەر شان، لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی حزب و هەروەها لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندیەکان و کارکردنیان لە پێناو بە دەست هێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان کە لە بەرنامەی حزب دا دیاری دەکرێن و دەچەسپێن.

ئەوەی لێرە زیاتر مەبەستمانە و زۆر بە گرنگی دەزانین، خۆ کاندید کردن لەسەر چ بنەمایەک بێت، نەمازە لە ناو حزبێکی وەکو پارتی کاندید بوون و سەرکەوتن و بەردەوامی دان بە خەبات، شەرەف و پێگەیەکی گەورەیە.

بێ گومان، دەڵسۆزی، دەست پاکی، ئەمانەت، ڕاستگۆیی، خزمەت، قوربانیدان، ئاستی کەسایەتی و ڕۆشەنبیڕی و لێهاتوویی، ئەمانە هەموویان خاڵی پێویستن کە بونیان هەبێت لە کەسایەتی هەر هەڤاڵێکی پارتی دا و بە تایبەت لە کاتی کۆنگرە و بۆ ئەو هەڤاڵانەی نیازی خۆ کاندید کردنیان هەیە.

ئەم خاڵانە وەکو پێوەرێک تەماشا دەکرێن و دەبنە هۆکاری ئەوەی کە هەڤاڵانی کاندید متمانە وەربگرن و ببنە جێگای رەزامەندی و لە کۆتایی دا سەرکەوتوو بن.

بە تایبەت کە ئێستا سەردەمی چەسپاندنی دیموکراسی و زانست و شارستانیەت و جیهانیبونە، بۆیە دەبێت ئەو هەڤاڵانەی نیازی خۆ کاندید کردن و گەیشتن بە پێگەیەکی بەرزتر لە ناو حزب دا، باش بیر لەو بابەتە بکەنەوە و خۆیان بە پێی پێویست ئامادە بکەن، دوور لە هەندێ بابەتی لاوەکی و بەرتەسک کە هیچ سوودیان بۆ حزب نابێت و بەڵکو لەوانەیە تەنها لە رووی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی بەرتەسکی کەسی یەوە بیریان لێ بکرێتەوە و نامەوێ باسیان لەسەر بکەم.

ئەوەی هەموومان دەیزانین، حزبی سیاسی گۆمپانیایەک نیە بۆ دەستکەوت و زیاد کردنی سەروەت و سامان، بەڵکو رێگایەکی سەختی خەبات و خزمەت و قوربانی دان و خۆبەخشینە، لە پێناو دۆزی نەتەوەیی و سەرفیرازی گەڵ و وڵات.

ئەگەر بەرزترین پلە لای جەنابی ڕابەر و سەرۆک بارزانی پێشمەرگایەتی بیت، دەبێ هەڤاڵان و کەوادری پارتی لەوە تێبگەن کە خۆیان تەنها وەکو پێشمەرگەیەک ببینن و گیان لەسەر دەست بن لە پێناو کورد و کوردستان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.