ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست لە ئاگری شەڕە مەزهەبیەكاندا


نوسینی: وەفا ئەحمەد:


ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكداین كە لە ناویدا دین و ئایین دەركەوتنێكی هەمە لایەنەی گشتی هەیە،ناوی خوا هەر كۆچە و كۆڵانێكدا دەبیسترێت، هەر بەناو ئەو خواوە هەموو شتێك ڕێگەی پێدراوە و كەسانێك بەناوی دینەوە تاوانی وا قێزەون دەكەن كە هاوشێوەی لە شوێنیكی دیكە و لە جیهندا كەمتر بینراوە و بیستراوە.
لەسەر ئاڵای داعش، حیزبوڵڵای لوبنان، عەربستانی سعودیا، كۆماری ئیسلامی ئێران، تالیبان و زۆربەی زۆری ئیسلامیەكانی دیكە ناوی ((الله))لێدراوە و كوتراوە و هەموو سیاسەتەكانیان بەناوی ئەو الله یه و لە ژێر ئاڵای ئیسلامی بوون ئەنجام دەدەن، خۆ قسە و باسمان لەسەر ئەوە نییە كە هەمووی یەك ئامانج و یەك شتیان كردووتە پیشەی خۆیان، قسە و باس لەسەر باشی و خراپ بوونیشیان نییە،قسەو باسەكەمان لەسەر تایبەتمەندییە هاوبەشەكەی هەموویانە.
هەموویان بەناوی دینەوە سەنگەریان گرتووە و لە گەڵ یەكتریدا بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و موناقشە و جەنگ دەكەن و هەموو سیاسەتە جێبەجێكاریەكانیان پەیوەستە دەكەن بە بەرژەوەندیەكانی خۆیان بە دین و مەزەبەوە.


ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕابردوودا هەرگیز تا ئەم ڕادەیەی نەكەوتبووە ناو زڵكاو و كێشمەكێش و ناكۆكییە سیاسی و مەزەبیەكانەوە. ئەوەش كه لە كەس شاراوە نییە ئەمەیە كە بێگومان هۆكاری ئەم بارودۆخەی ئێستاكە دین و مەزەب نییە. ئامانج و مەبەستە جیوپۆلیتی و ئابووریەكان و هەروەها دەستێوەردانی هێزە بیانیەكان و هەبوونی ئیستیعمار و داگیركەرەكان هەر لە كۆنەوە لە ژێر ناوە جۆراوجۆرەكان و سروەت و سامان و سەرچاوە سروشتیەكانی ئەم ناوچەیە و نیازی وەڵاتە پیشەسازی دایكیەكان،لە هۆكارە سەرەكیەكانی بارودۆخە قەیراناویەكەی ئێستان،هەڵبەت هەبوونی گروپە تووندئاژووەكانی مەزەبیش كه بۆ بەدەست هێنانی هێز و دەسەڵات دەجەنگن لە هۆكارە هەر گرنگ و سەرەكیەكانی لێكگیر بوون و ڕووبەڕووبونەوەكانی ئەم ناوچەیە لە قەڵەم دەدرێت.

“خەڵك لەو سیستەمەی تێكەڵ بە ئاییندا هەرگیز مافێكی یەكسانیان بۆ دەستەبەر نابێت”


لەم كەشوهەوایەی كە قەیرانی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و سعودیا و توركیا بووەتە سیمبول و نموونەیەكی ململانێی نێوان شیعە و سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بتەوێت نەتەوێت وەڵاتەكای دیكەی وەك ئێراق،سوریا، یەمەن و بەحرێنیشی خستووتە ناو ئەم شەڕ و تەنگژەیە و ململانێ و بە هۆی ئەو شەڕ و جەنگانەی كە بە نیابەتی ئەوان ئەنجام دەدرێت نائارامی و ناسەقامگیریی لە وەڵاتە جیران و دراوسێكان بەدوایدایە و لەم كەشوهەوایەشدا تالیبان و وەهابیەت پەڕو باڵ دەگرێت و ململانێكان زیاتر و زیاتر دەبن و هەرا و جەنجاڵ و نا ئارامی زیاتر پەڕەدەسینێت و ئەم بارودۆخەش تەنیا بە زیانی خەڵكی ناوچەكە دەشكێتەوە،چونكە ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیانی دۆشتانە و ئاشتیخوازانە لە بار دەبات .
لەم ناوەوە تەنانەت دەسەلاتە سكۆلارەكانی وەك سوریاش كە بنەمایەكی ئایینی یان نییە، تێگەڵ بە ئاشووب و فیرقەگەرایی و عەشیرەتگەری دەبن، ئێراق و یەمەن و سوریا لەم هاوكێشەیەدان،پڕ ئاشووب و قەیراناوی، چونكە لە هەموو ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ وەڵاتێك خاوەن مەزەب و دین و ئایینێك نییە، بۆ نموونە یەمەن حكوومەتێكی سوننەیە كە پێكهاتەكەی لە سەدا چل و پێنجی شیعەیەپڕ لە ئاشووب و ململانێ.شەڕی شیعە و بەحرێنی سوننە دەسەڵات. نموونەیەكی دی دیسانیش شیعە ناڕازی و عەرەبستانی سوننە و كەمینەیەكی شیعەی ژێر گووشار و بە ململانێوە. هەر وەها هاوكێشەی لە هەموویان خراپتر ئەوا ئێراق بە زۆرینەی شیعە و كەمینەی سوننە و كوردەكان و پێكهاتەی حكوومەتێكی لاواز و لەرزووك كە داعش هەڕەشە لە یەكپارچەیی خاكەكەی دەكات.


لە كەشوهەوای دەسەڵات و حكوومەتێكی ئایینی كه لە ناویدا حكوومەتەكان خۆیان لە چوارچێوەی ئایینێك یان مەزەبێكی تایبەت دەناسێنن و بیرو باوەڕ و ئایدۆلۆژیایەكەیان بە شێوەیەكی بەگ و موختارانە دەرخواردی خەلك دەدەن و لەسەر دەسەپێنن هیچ دیموكراسییەك بە دی ناكرێت. سیستەمی ئایین سالاری و زاڵبوونی ئایین ئەو كۆمەڵە خەڵكەی كە بە جۆرێكی تر لە ئایین و مەزەب دەڕوانن ڕووبەڕووی ئەو كەسانە دەكات كە بڕوایان بەو بیرو باوەڕە بە شیوەیەكی جیاواز هەیە یانیش پەیوەندییەكی ئەوتۆیان لە گەڵ ئاییندا نییە.
خەڵك لەو سیستەمەی تێكەڵ بە ئاییندا هەرگیز مافێكی یەكسانیان بۆ دەستەبەر نابێت، بۆ نموونە ئایا دەسەڵاتی شیعەی ئێراق ڕەفتارێكی دادپەروەرانەی لەگەڵ كەمینە سوننە مەزەب و كوردەكان هەبووە؟؟؟!!! ئایا ئیسلامی بوونی دەسەڵات توانیویەتی بۆ كۆمەڵگا زانینە ئەخلاقیەكانی زیاتر و گەندەڵییەكی كەمتر دروست بكات، باشە لە وەڵاتی ئێراندا توانیویەتی؟؟؟
وەڵاتەكانی ناوچە و هەریمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمتر دەرفەتیان بۆ ئەزموونی شێوازە جۆراوجۆرەكانی دیموكراتییەت لە كۆمەڵگایەكدا هەبووە كە لە ناویدا ئایین تێكەڵ بە دەسەڵات نەبووبێت.
ئەزموونی دەسەڵاتە باوەكان و سكولارەكانی ئیران لە سەردەمی مەشروتییەت و لە توركیاشدا هەر لە سەردەمی ئەتاتوك ئەزموونیكی نادیموكراتیك و ستەمكارانە بووە. هاوبەشی پێنەكردنی خەلك لە دەسەڵاتدا و نەبوونی گەشە و پێشڤەچوونی كلتووری و ستەمكارانە بوونی دەسەڵاتەكان، ئینتیما و مەیلیانی بۆ ئیسلامگەرایی لەم وەڵاتانەدا زیاد كردووە. لە ئێراقیشدا بە هۆی هەبوونی سیستەمی ستەمكارانەی پێشوو و دەمارگیریی قەومی و نەتەوەیی عەرەبی و بوونی ڕاشكاوانەی وەڵاتە بیانیەكان دوای شەڕی كەنداو، مەیل و ئینتیمای ئیسلامگەرایی شیعە و سوننە گەیشتووتە بەرزترین ئاستی خۆی،بەڵام ئایا ئەم ئیسلامگەرایانە تا چەند لە چاكتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵك كاریگەرییان هەبووە، بارودۆخی ئازادی و شەفافیەتی سیاسی مەزەبی تا چ ڕادەیەك پێشكەوتنی بە خۆوە بینیوە، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیرو ڕا و ئایدۆلۆژیا تا چ ڕادەیەك وەڵامدەری باری ئێستا بووە؟؟؟؟ ئایا بارە لارەكەی ئەم وەڵاتەی ڕاست كردووتەوە؟؟؟

"ئەزموونی دەسەڵاتە باوەكان و سكولارەكانی ئیران لە سەردەمی مەشروتییەت و لە توركیاشدا هەر لە سەردەمی ئەتاتوك ئەزموونیكی نادیموكراتیك و ستەمكارانە بووە"


هاوڕێ ئازیزەكانم بە درێژایی خوێندنم لە زانكۆدا، هەردەم دوو بیردۆزی سەرەكی و بنچینەیی بنەمای وانەكانمان بوو، یەكیكیان ئەوەیە كە ئایین لە سیاسەت جودایە و بیردۆزی دووەم و بەرامبەرەكشی ئەوەیە كە دین لە سیاسەت جودا نییە.من یەك بەخۆم لەو باوەڕەدا بووم كە دین لە سیاسەت جودایە و هەر دەم بە ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا خواز تاوانبار كراوم،بەڵام لەدوای ئەم هەموو ساڵە كە گەندەڵی و دزی و قەیرانی ئابووری وەڵاتە ئیسلامیەكانی وەك ئێراق و ئێران دەبینم، بە دڵنیاییەوە پیداگرم لە سەر بیروباوەڕم كە وا دین لە سیاسەت جودایە. خۆ جودا بوونی دین لە سیاسەت بە واتای دژایەتی كردنی دین نییە،بەلكو بە مانای ئەوەیە كە دین لە شوێنێ گونجاوی خۆیدایە بۆ ئەوەی بەناوی پیرۆزی و قودسییەتی دەسەڵاتی ئایینی، ئایین بەلاڕێدا نەبات و ئایین دەبێت گەورەترین پەیام و ریسالەت خۆی كە ئتشتی و پێكەوە ژیانە،بە پەیامە مەعنەوەی و ئەخلاقیەكانی بۆ خۆ فەرز نەكردن بەسەر جومگەكانی ژیانی مرۆڤ بە ئەنجام بگەیینیت، خۆ دین نابێت بیانوویەك بێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتیكی سیاسی.لە وەڵاتە ئەوروپیەكاندا دوای شەڕ و جەنگە مەزەبی و خاچ پەرستییەكان و لا چوونی كەنیسە لە خۆ تێوەگلانی نێوان سیاسەت و دەسەڵاتدا، چەند سەدەیەكە ئەم ڕێگەیەیان بڕێوە و گەیشتوونەتە كەناراوی ئارامی كە چی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تازە بە تازە دەستەویەخەی شەڕ و جەنگ و ململانێ مەزەبیەكانە بۆ گەیشتن بەو راستییەی كە دین لە سیاسەت جودایە.
هەر بمینن و سوپاس بۆ پشوو درێژیتان لە مەڕ خوێندنی ئەم پەیامم…

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.