پەیامەکەی سەدر و مەبەستە شاراوەکەی

نەوزاد محەمەد

لە بەرواری ٢٠٢٢/٩/٣ موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە، پەیامەکە بابەتی بۆنە ئایینیەکان و ئەو رێورەسمە گەورانەی ساڵانە بەم بۆنانەوە بەرێوە دەچن لە خۆ گرتبو.

لەگەڵ ئەوەش دا پەیامەکەی سەدر بێ بەش نەبوو لە مەڕامی سیاسی و سەدر لە پشت ئەم پەیامەوە مەسجێکی ئاراستەی هەندێک کەس و لایەن کرد و مەبەستی خۆی بە دواوەبوو.

بۆ هەموو لایەک مان روون و ئاشکرایە کە ئێران خاوەن هەژمونێکی بەهێزە لە عیراق، دەستی لەناو تەواوی سیکتەرەکانی حوکمرانی و ئاینی و کۆمەڵایەتی دا هەیە و بە رێگای کلکەکانی لە ناوخۆی عیراق دەستێوەردانی خۆی دەکات، هەر ئەم دەستێوردانە بونەتە هۆکاری ئەم دۆخە نالەبارەی سیاسیەی لە عیراق دا هەیە، چگە لە بابەتەکانی تر.

ئەو ململانێیە کۆن و نوێیەکەی نەجەف و قوم و بابەتی شەرعەیتی مەرجەعیەتی شیعە، هێشتا بەردەوامە و ئێستا موقتەدا وەکو خلوەن ماف و بەرگریکاری شەرعیەتی نەجەف ڕۆڵ دەنوێنێت.

ئەم ململانێیە چەند قۆناغێکی بڕیوەو ئێستا گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی و یەکلاکەرەوە، یان سەدر سەرکەوتوو دەبێت و کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی ئێران دەهێنێت، یانیش لە ژێر فشاری جۆراوجۆر پاشەکشە دەکات و قبوڵێ ئەمری واقع دەکات، لە کاتێکدا رەتکردنەوەو بەردەوامی ململانێ بەو ئاراستەیەی ئێستا هەیە، لەوانەیە تەنها بە رووبەرووبونەوەی چەکداری یەکلا بکرێتەوە، بێ گومان ئەجندای دەرەکیش ڕۆڵ دەبینن لەم بابەتەدا.

کە واتا ئەم پەیامەی سەدر پەیوەندی بە هەوڵەکانی سەدرەوە هەیە لە پێناو کۆتایی هێنان بە هەژمونی ئێران لە عیراق و شەرعەیتی ئاینی ئالی سەدر لە نەجەف وەحو مەرجەعی شیعەکان.

سەدر لەم پەیامەدا سەرەتا باسی پیرۆزی شاری نەجەف دەکات لە رووی ئاینی یەوە و دواتر باسی مەراسیمی ئاینی و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و رێکخستنی هاتنی سەرەدانکەران لە دەرەوە و پایەند بونینان بە یاساکانی دەوڵەتی عیراقێ، لە هاتنی فەرمی بە پێی پاسپۆرت و پشکنین و ڕێکارەکانی تری پێویست، وە رێکارەکانی وڵاتی سعودیەی لە کاتی حەج دا کردە نمونە.

واتا سەدر دەیەوێ بە دەستهەڵاتی رەهای عیراقی و بە پابەند بوون بە یاساکانی عیراق هاتووچوو و مەراسیمی رێو رەسمەکان رێک بخرێن و بورێوەبچن و هەموو لایەک پابەند بن پێی، وەکو ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوردانی ئێران لەم رێورەسمانەدا کە ساڵانێکە ئێران بە پێی ویستی خۆی رێکیان دەخات.

ئەوە جگە کە ئێران ئەم دەرفەتانەی دەقۆزتەوە بۆ هێنانی بە سەدان کەسی سەر بە سوپای پاسداران و ئیتلاعات و تا دەگاتە مادەی هۆشبەر بۆ ناو عیراق.

لە کۆتایشدا سەدر داوای لە لایەنەکە فەرمی و ئەمنیەکان کرد و بە تایبەتی لە شاری کەربەلا، کە زۆر وریا بن لە رووی ئەمن و ئاسایشەوە و دەبێ تەنها هێزە ئەمنیەکانی عیراقی بەو ئەرکە هەستن، نە حەشد و نە سەرایا سەلام، ئەمەشیان مەبەستی بە دواوەیە.

لەم پەیامەدا، سەدر دەیەوێ بەردەوامی بە هەوڵەکانی خۆی بدات لە دژی میلشیاکانی سەر بە ئێران و هەژمونی ئێڕان لە عیراق بە گشتی، لە رووی ئاینیشەوە دەیەوێ ئەو شەرعیەتەی نەجەف بگەڕێنێتەوە و بابەتی رێوڕەسمە ئاینیەکانی کردە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی مەسجەکەی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.