گرنگە کورد لەم کاتەدا یەکگرتوو و یەک ریز بن لە ناو خۆیاندا

ھشیار شکاک خورشید

گرنگە کورد لەم کاتەدا یەکگرتوو و یەک ریز بن لە ناو خۆیاندا , تاوەکۆ بتوانن رووبەرووی ئەو تەحدا و مەترسیانە ببنەوە کە لە داھاتوودا دەکرێنە سەر کورد و ھەرێمی کوردستان لە عێراق .

لە حکۆمەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق کە لە دوای ٢٠٠٣ تەشکیل کراون ، ھیچ کاتێک مافەکانی بۆ تەواوی پێکھاتەکان عێراق زامن نەکراون ، ھەوڵ نەدراوە بە شێوەیەکی دیموکراسی و دادپەروەری لە حکۆمەتەکانی عێراق ھەر پێکھاتە و حزب و لایەنێک بە گوێرەی ئستحقاق و وەزنی ھەڵبژاردنەکان پێ بدرێت ، بەلکۆ ھەر یەکەیان ھەوڵی داوە ھی خۆی بۆ خۆی بێت و ھی ئەوی تریش بۆ خۆی بێت .

لە رووی ئابوورییەوە:

ھەر چەندە عێراق سەرچاوەی کانزایی و بازرگانی زۆرە بەلام تەنیا ولاتانی دەورووبەر لە خێر و بێری عێراق دەخوون ، کەچی شار و ھاولاتیانی عێراق لەم خێر و بێرە بێ ناز کراون ، ھەوڵنەدراوە بە شێوەی شەفاف و یەکسان سوود بگەینێت بە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ، کورد کە یەکێکە لە پێکھاتەی عێراق ھەمیشە پشکی کورد لە حکۆمەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق جێگیر و پەسەند نەبووە ، چەندین جار گۆرانکاری بە سەردا ھاتووە ، بەردەوام ویستوویانە ئەو پشکە وەک کارتێکی فشار بەرامبەر کورد بە کار بێنن ، تاوەکۆ کورد مەڵکەچی بریارەکانی ئەوان بێت ، ھەر بۆیەش زۆربەی جار کێشە و گیروگرفت دەخەنە بەر ھەناردەکردنی پشکی کورد ، وەک پێکھاتەیەکی بیانی سەیری دەکرێت ، نەک بەشێک لە عێراق .

لە رووی سیاسییەوە:

عێراق لە ھەر سێ پێکھاتەی (شیعە ، کورد ، سوونە) پێکھاتوون ، جێگای داخە ھیچ وەختێک عێراق سەقامگیری سیاسی بە خوویەوە نەبینیووە ، بۆ ئەوەی ھاولاتیانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانەوە بە ئاسوودەیی و ئارامی بژین ، بەردەوام دەستی دەرەکی باڵی کێشاوە بە سەر عێراق دا ، ھەمیشە عێراق وەک کلیلێک بووە بە دەستی ولاتانی دەورووبەرەوە ، تەنانەت کاریگەری ولاتانی دەورووبەر بەزەقی دەبینرێت بە سەر ھەموو بریارە سیاسییەکانی عێراق ، ھۆکارەکەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو ناتەبا و نایەک ریزیەی نێوان پێکھاتەکانی عێراق ، چۆنکە ھەر یەکەیان ھەوڵیداوە خۆی فەرز بکاتە سەر ئەوی تر ، جا چ لە رێگای ھێزەوە بێت یان لە رێگای وەزن و قافییە بێت ، بارۆدوخی سیاسی عێراق پەیوەستە بە لێک تێگەشتن و یەکتر قەبووڵ کردنی پێکھاتەکان , بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی سیاسی لە عێراق بەرەو سەقامگیری سیاسی ھەنگاو بنێت.

لە رووی سەربازییەوە:

عێراق ھیچ کاتێک ھەوڵی نەداوە ئەو سوپایەی کە ھەیەتی بکاتە پەرژینێک بۆ پاراستنی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ زۆر بوونی ئەو لایەن و گرۆپە لە یاسا دەرچووانەی کە بالا دەستن لە عێراق ، ھەر حزب و لایەن و پێکھاتەیەک ھەوڵیداوە لە رووی سەربازییەوە خۆی بە ھێز بکات تاوەکۆ بتوانێت لەو رێگایەوە خۆی فەرز بکاتە سەر لایەن و پێکھاتەکانی تر ، چۆنکە بە درێژایی مێژوو ھەمیشە لە عێراق ئەوەی ھێزی ھەبێت دەتوانێت خۆی ھەڵبداتەوە بە سەر ئەوی تر و ببێتە حاکمی عێراق ، جێگای باسە بەردەوام پێکھاتەی سەرەکی لە عێراق لایەنی سەربازی بۆ مەرام و پاراستنی پێگەکانی خۆیان بەکار ھێناوە ، وەک بینیمان کە چۆن ھێرشیان کردە سەر کورد کە یەکێکە لە پێکھاتەی ولاتی عێراق ، لە جیاتی پاراستنی کورد وەک پێکھاتەیەکی ئەو ولاتە کەچی پەلامار و ھێرشیان کردە سەر تاوەکۆ لە ناوی ببەن .

بۆیە ئێستا عێراق بە قوناغێکی تەواو مەترسی سیاسی و سەربازی و ئابوری تێپەردەبێت ، گرنگە کورد لەم کاتدا خۆی بۆ ھەموو ئەگەرێک ئامادە بکات ، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ھەر بارۆدوخێک یەکگرتوو بن ، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن ، با ھەموویان پێکەوە لە سەر یەک مێز و بە دەوری (سەرۆک بارزانی) دا کۆ ببنەوە ، ئەوەی جەنابیان فەرمووی گوێرایەڵی بکەن ، لە بەر ئەوەی تاکە کەسە بە کەمترین زیان خۆی لە کێشەکان رزگار دەکات ، چۆنکە ئێستا ئەو کەسانەی لە ناو ساحەی سیاسی عێراقن ، ئەوانەن کە قوتی خەڵکی کوردستانیان بری ، ئەوانەن کە ھێرشیان بۆ سەر کوردستان ھێنا ، ئەوانەن کە پێشەوایەتی سوپای عێراقیان دەکرد تاوەکۆ ھێرش بکەنە سەر کورد و ھەرێمی کوردستان ، بۆیە گرنگە کورد لەم کاتەدا یەکگرتوو و یەک ریز بن لە ناو خۆیاندا , تاوەکۆ بتوانن رووبەرووی ئەو تەحدا و مەترسیانە ببنەوە کە لە داھاتوودا دەکرێنە سەر کورد و ھەرێمی کوردستان لە عێراق .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.