توندوتیژی دیاردەیەکی جیهانیە ، لە ناو هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەکدا بە ئاست و شێوازی جیاواز بوونی هەیە

لیا سیف الدین

‎ئاست و جۆرەکەشی هەرچەند و هەرچۆنێک بێت کۆمەڵگا بە گشتی و خێزان بە تایبەتی دەخاتە دۆخێکی نائارام و مەترسیدارەوە ، بە تایبەتی ئەو توندوتیژیانەی لە چوارچێوەی خێزاندا ڕوودەدەن ، لەوانە، توندوتیژی دەروونی یان جەستەیی یان ئابوری، یاخود توندوتیژیی سێکسی
‎ مەترسیدارترین جۆری توندوتیژی کە دەکرێت و شوێنەواری خراپ لەسەر دەروونی مرۆڤ بەجێ دە‌هێڵێت توندوتیژیی سێکسییە، کە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا دژ بە ئافرەتان و منداڵان ئەنجام دەدرێت، کە زۆرجار ئەم توندوتیژییە دەچێتە قاڵبی تاوانی قێزەونەوە.

‎لە سەردەمی ئێستاماندا توندوتیژیی و تاوانە سێکسییەکان بەشێوەیەکی گشتی بوونیان هەیە و بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆریش لە زیادبووندان، پەرەسەندنی ئەمەش بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەدا و کاریگەری راستەوخۆیشی لەسەر خێزان دروست کردوە.

توندوتیژیی سێکسی چەندین ڕەهەندی هەیە، لەروی دەروونییەوە کەسی قوربانی توشی داڕوخان دەبێت و دەکەوێتە بارودۆخێکی خراپی دەروونییەوە، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەر نەفرەتی کۆمەڵگا و خێزان دەکەوێت.

لەزۆربەی حاڵەتەکانیشدا تاوان لێکراو ڕووبەڕووی مەرگ دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە ئەم کەسە تاوانی بەرانبەر کراوە و قوربانییە ، ئەم حاڵەتەش جگە لە بونە قوربانی کەسی توندوتیژیی بەرانبەرکراو ، لەزۆربەی بارودۆخەکاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی خێزانیش ، ئەمە جگە لە دروست بوونی دوژمنایەتی لە نێوان دوو خێزان یان چەند خێزانێک و ناوزراندنی خێزان و خانەوادەی تاوانلێکراویش لەولاوە بوەستێت، کەزۆربەی جار ئەو خێزانە ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێبوونیان لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بگۆڕن تاخۆیان ون بکەن.

‎ئەوەی زۆر جێگەی داخە ئەوەیە کە هەمیشە ئافرەتان قوربانی یەکەمی ئەم تاوانە قێزەونەن، تێڕوانینی کۆمەڵگە و خێزانیش داخێکی دیکەیە کە بەشێوازێکە لەبری هاوکاری کردن و یارمەتیدانی قوربانیەکە بۆتێپەڕاندنی دۆخەکەی و سەندنەوەی مافەکانی و بەسزاگەیاندنی تاوانباری تاوانەکە، جارێکی تر دەکرێتەوە بە قوربانی و سەرتاپا ژیانی دەکرێتە دۆزەخ و لە زۆربەی دۆخەکاندا بە کوشتنی کۆتایی دێت، یان ناچاردەکرێت هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئەو کەسەی دەستدرێژی کردۆتە سەری و بەدرێژایی ژیانی لەو ئازارە دەرونیەدا بژی.

‎هەربۆیە بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەو خێزان و خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە و خۆپاراستن لەم جۆرە لە توندوتیژی و تاوان پێویستە زانیاریی و هۆشیاری یاسایی لە بارەی توندوتیژیی و تاوانی سێکسی بەگشتی بگەیەندرێتە هاولاتیان و خێزانەکان.

بۆ ئەوەی ئاشنابن بەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێتەبەر لە دژی تۆمەتبار و لە ئامێزگرتن و وەستانەوە لەگەڵ قوربانی و پشتیوانیکردنی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و بەسزاگەیاندنی تاوانبار و دەستدرێژیکار، ئەمەش تاکە ئەرکێکە کە ئەندامانی خێزان پێویستە ئەنجامی بدەن بەرانبەر دەستدرێژی لێکراو، دواتریش هەرگیز نە خۆیان و نە رێگەش بدەن هیچ کەس بەچاوی نزم و وەک ئابڕوتکاوێک سەیری تاوان لێکراو بکەن و ئەوە بکەنە هێڵی سور.

مادام رۆژ دوای رۆژ و قۆناغ دوای قۆناغ کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاری و ئاڵۆزی دەڕوات و کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەرونیەکان زیاتر و زیاتر دەبن وپەیوەندیە کۆمەلایەتی و خێزانیەکانیش رۆژ دوای رۆژ لاوازتر دەبن ، بابەتی دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵی سێکسی و تاوانی سێکسیش رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبن، بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بەگشتی و خێزانەکان بەتایبەتی بەجۆرێکی دیکە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و ئەوەی جێی گرنگی و خاڵی سەرەکی بێت لایان پاراستن و بەرگریکردنیان بێت لە تاوان لێکراو و لەئامێزگرتنەوەی و ئاسایی کردنەوەی دۆخە دەروونییەکەی، تا کەسەکە بەتەواوی لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاشەوە نەکرێتە قوربانی وەک ئەوەی جاران (بە ئێستاشەوە ) کراوە و دەکرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.