ڕۆژی جیهانی کچان
لیا سیف الدین
ڕۆژی چوارشەممە، 19ی کانوونی دووەم(دێسەمبەر)ـی 2011، لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیارنامەی 66/170ی پەسەندکرا بۆ ڕاگەیاندنی 11ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەك ڕۆژی جیهانی کچان، لەو بەروارەوە هەموو ساڵێك ١١ ـی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەك ڕۆژی جیهانی کچان ناسێنراوە.
ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی کچان، لەلایەن دامەزراوەیەکی گەورەی وەك نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها دیاریکردنی ڕۆژێك نەبوو بۆ کچان، بەڵکو لەدوای هەستکردن بوو بەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی کچانی کۆمەڵگە جیایاکانی جیهان بووبوونەوە، ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە بۆ داننان بوو بە مافەکانی کچان و ئەو ئالەنگاری دژوار و جۆراوجۆرانە بوو کە کچان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕۆژی جیهانی کچان سەرنج دەخاتە سەر پێویستیی هەنووکەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەوئاریشانەی کچان ڕووبەڕوویان دەبننەوە لە بەرەوپێشچوون یان بەدیهێنانی مافە مرۆییە سەرەتاییەکان تا سەرجەم مافەکانی دیکەیان.
یەکێکی تر لەهۆکارەکانی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژێکی جیهانی، دەگەرێتەوە بۆ لاسەنگی لەبەدەستهێنان و مومارەسەکردنی مافەکان لە نێوان توخمی نێر و مێ، ڕەنگدانەوەی زاڵبوونی توخمی نێر بەسەر توخمی مێدا لە ناو کۆمەڵگە جیاجیاکان بەگشتی و خێزان بە تایبەتی.
لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ڕیشە درێژبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە تەواوی کۆمەڵگەو خێزان بە ڕوونی هەست بە لاسەنگی جێندەری دەکرێت لە نێوان کور و کچەکانماندا، وەک سنودارکرنی تواناکانی کچان، بێبەشکردنیان لە مافی خوێندن، دەستدرێژی سێکسی، ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونیی و جەستەیی، ناچارکردن و بەزۆر بەشوودان، کار پێکردنی زۆر و تەماشاکردنیان بە چاوی خزمەکار لە ناو ماڵ…هتد.
چۆن گرنگی بە توانای کچان بدەین؟
ڕۆڵی خێزان:
خێزان ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی هەیە لە پەروەردەکردنی تاک بۆ کۆمەڵگە، بەتایبەت دایك ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەیە لەگرنگیدان بە توانای کچەکەی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ڕەگەزەکانی خێزان، پێوستە دایکان هۆشیاریی گشتیی و بەتایبەت هۆشیاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییان لەئاستێکی گونجاو یاخود بەرزبێت تا بتوانن هاوکار و پشتیوانی کچەکانیان بن و گرنگی بە تواناکانیان بدەن و هاوکاریان بن بۆ سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتە تایبەت و کۆمەلایەتیەکان، داکۆکیکاری سەرسەختی بەدەست هێنانی مافەکانیان بن.
ڕۆڵی حوکمەت و ناوەندی پەروەردە:
لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە پێویستە کچەکان وەك ڕەگەزێکی گرینگ و هاوبەشی کۆمەڵگە سەیر بکرێن، ئەمەش لە ڕێگەی ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو و دوور لە هەر توندتیژیی و جیاوازییەکی رەگەزی و دابینکردنی ماف بە یەکسانی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا.
هەڵبەت ئەگەر وەک مرۆڤ و دوور لە جیاکاری ڕەگەزی سەیری کچان بکرێت ئەوا جگە لە ئەرکی دایکایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ، لە بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگەش ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان دەبێت، ناتوانرێت چاوەرێی پێشکەوتنی کۆمەڵگە بکرێت ئەگەر تواناکانی کچان سنوداربکرێت و لە ماڵەوە بەندبکرێن و بکرێنە قوربانی کولتوری پیاوسالاری.
خۆشبەختانە:
سەرباری هەموو ڕێگریی و بەربەستەکانی بەردەم کچان، بەڵام بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، کچان لە هەرێمی کوردستاندا توانیویانە خۆیان لەگەڵ بەرەوپێشچوونە جیهانییەکان بگونجێنن و لە ئێستادا ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان هەیە, هەرچەندە کەموکوڕیمان زۆرە و هێشتا زۆر کەس بەبینینی کچێک و دەرکەوتنی تواناکانی لە هەر بوارێکدا بێت لەسەر تیڤی یان سۆشیال میدیا هێرشی دەکەنە سەر، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین زۆرێکی دیکە رایان جیاوازە و بەرگری و دەستخۆشی لێدەکەن.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.