سورانەوەی عێراق لە بازنەیەكی داخراودا..
ڕێبوار حهمهلاو شوانی:
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و رزگاربوونی عێراق لە چەگ دیكتاتۆری كە ئامانج تێیدا بونیانتانی عێراقێكی نوێی بوو كە تێیدا رزگار بێت لە زێهنیەتی خۆسەپاندن و قۆرخكاری ، ئەویش بە نووسینەوە دەستووری و كاری هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان وڵات بەرێوە ببرێت .بۆیە، دەتوانرێت بگووترێت كە ، پێشهاتەكان و ڕووداوەكان ئەو راستییە مان پێدەڵێن، كە بنبەستی سیاسی لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت نییە، بەڵكو بنبەستی لە خودی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بنەماكانیدا هەیە. بنبەستی لە قەناعەتبوون بە دیموكراسی و باوەڕبوون بە فیدڕالی.
بەڵام دوای ماوەیەكی كورت بە كردەوە هەموو بابەتەكان خۆی لە سیاسەتی خۆسەپاندن و دابەشكردنی پۆست و سەروەرت و سامان و بەتاڵانبردن موڵك و ماڵی گەل وپێكهاتەكان بینیووە لەگەڵ دروستكردنی میلیشایا و دەستگرتنی هێنانی سوپای داگیركەران و دەستوەردان وڵاتانی دراوسێ و ئینجا سیاسەتی پەراوێز خستن و پەڵاماردانی سەرباز و زێهنیەتی دیكتاتۆری مەزهەبی و تایفی كە ئاسەوارێكی خراپی بەجێهێشتووە .
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە دەستوور و مافەرەواكانی گەلی كورد و ئینجا هاوبەشی و شایستەداراییەكان و بودجە و هاوسەنگی و هاوبەشییەوە هەیە و لەگەڵ هەموو پرەنسیبەكانی فیدراڵیزم كە هەموویان لە دەستوور دا جێگركراون ، ئەوا لەماوەی 20 ساڵی رابردوو حوكمڕانی ئێستای عێراق بە زێهنیەتێكی خۆسەپێنەر مامەڵەی لەگەڵ كراوە ئەوەش لە ڕێگەی دەسەڵات وهەژمونی مێلشیا و پشتبەستن بە هێزی دەرەكی و نەبوونی پرۆسەكانی گەشەپێدان و زیادبوونی دیاردەی گەندەڵی درووست كردووە.
بۆیە، ئەوەی دەبینرێت دروستكردنی هیوا نییە ، بەڵكو سورانەوە بەدەوری بازنەیەكی داخراوەدا ، چونكە ئیتر هەڵبژادرن و دیموكراسی هیچ واتایەكی نەماوە هەموو شتێك بێ پلانە و كاتییە هەر حكوومەتێكیش دروست بێت تەنها دوای چەند مانگێك دەگاتە بنبەستی سیاسی و توانایەكی لاوازی لە رووی بەرێوە بردن دەبێت بەشێوەیەكی ناتوانێت بچووكترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات ، ئەمەوە جگە لەگەندەڵكاری و هەژاری كە وەك تارماییەكی باڵی بە سەر ژیانی خەڵكدا كێشاوە سەرەرایی ئەوەی كە عێراق خاوەن یەدەكێكی زۆر زێر و دراوە ، ئەوەش بۆ نەبوونی دڵسۆزی و خۆ بەخاوەن نەزانین وخۆپەرستی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەگەرێتەوە .
دەتوانین بڵێین كە ئیتر دەنگ و ناڕەزایی خەڵك هیچ مانایەكی نییە و بچوكترین پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ فەراهەم ناكرێت هەر ئەمەش دەبێتە هەلێك بۆ لایەنی سیاسی دەسەڵاتدار لە دەوڵەت و كۆمەڵگا بە هۆی كەلتووری سونەتی كە ناڕەزاییەكانی خەڵك لە ململانێی سیاسی لە گەڵ یەكتردا وەبەربهێنن و، بە شێوەیەكی كردەیش هەر ناڕەزایی و بزاڤێكی جەماوەری ناگاتە ئامانج . بەشێوەیەك كە هەڵبژاردنی پێشوەختەش هیچ جارەسی نابێت پاش ماوەیك، لە چوارچێوەی یاساكانی ململانێ لەم بازنە داخراوەدا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام دەدرێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پیرۆزبایی خۆی دەنێرێت، و بەم جۆرەش خولی بازنەكە بەردەوام دەبێت.
هەموو ئەو بێ ئومێدی و داخرانەوە و خوڵانە بەدەورەی بازنەیەكی بەتاڵ و داخراودا ، بۆ شكستی پرۆسەی سیاسی دەگەرێتەوە ، ئەوەش وادەكات كاریگەری لە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كورستان و عێراق دابنێت ، ئەوەش وادەكات كە ئومێدەكان بە چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا كەم بكاتەوە .
بۆیە، باشترین رٍێگە بۆ گەرانەوە متمانە و مافەرەواكانی گەلی كورد لەگەڵ عێراق و دەربازبوون لە دەرگە داخراوەكان و سەقامگیری و ئاشتی جێبەجێكردنی دەستوور و داڕشتنی پلان و سیاسەتی ئابووری و گەشەسەندنی عێراقە كە جارێكی تر متمانە و سەقامگیری و ئاسایش بپارێزێت , ئەگینا بەردەوامی ئەو جۆرە زێهینەت و مامەڵەكردنە وگەندەڵكاری و دەستوەردانی دەرەكی تەنها سورانەوەیە لە بازنەیەكی داخراودا.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.