پەرێز شوان…لای من هونەری وێنەكێشان مانای هەست و جوانی دەبەخشێت

دهۆك بەرۆژی-خەلیفان:

داواكارم پەرەی زیاتر بە وانەی هونەر بدرێت و پاڵپشتی ئەو كەسانەش بكرێت كە بەهرەی جیاوازیان هەیە، گرنگە كچان سەرباری ئاڵنگاری و بەربەستی نەریتی و بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەكانیان كۆڵنەدەن، بۆیە حەزدەكەم وەك مامۆستایەك لە رێگەی هونەرەوە خزمەتی گەل و نیشتمانەكەم بكەم.
پەرێز شوان، لە دایكبووی ساڵی 2000ـە و قوتابی قۆناخی چواری كۆلێژی هونەرە جوانەكانە لە زانكۆی سەلاحەدین، لە بارەی هونەری وێنە كێشان و چالاكی و گرفتەكانی بەردەم كارەكەی بۆ زێ بادینان گوتی:” هەر لە منداڵییەوە شەیدانی هونەری وێنە كێشان بووم و خۆشبەختانە لە كۆلێژی دڵخوازی خۆم وەرگیرام و توانیم پەرە بە تواناكانم بدەم تا ببم بە هونەرمەندێك و پەیامی كۆمەڵگە لەو ڕێگەیەوە بڵاو بكەمەوە، چونكە لای من هونەری وێنەكێشان مانای هەست و جوانی دەبەخشێت، مرۆڤ ئەوەی لە ناخیدا پەنهانە كە ناتوانێت بە قسە دەریببڕێت، بە نیگارێك گوزارشت لە دونیا بینی خۆی دەكات و هۆكارێكیشە بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی ڕۆشنبیری.
ئەو بەهرەمەندە ئاشكراشیكرد:” خێزانەكەم، مامۆستاكانم پشتگیری تەواویان كردووم، هاوكاری سەرەكی بوونە لەوەی كە بتوانم بە شێوەیەكی سەركەوتوو لە بواری هونەری شێوەكاریدا پێشڤەبچم، هەروەها لە چەندین چالاكی و پێشانگای هونەری وێنە كێشان بەشداریم كردووە و خۆشبەختانە كارەكانم بوونەتە جێی ڕەزامەندی حەژێكەرانی هونەری شێوەكار، ئەمەش وادەكات كە بەردەوام بم و پەرەی پتر بە كارە هونەریەكانم بدەم و هەگبەی هونەرەكەشم ئەو بیرۆكەیەی لەلا گەڵاڵە كردووم كە لە داهاتوودا پێشەنگایەكی هونەری شێوەكاری لە خەلیفان بكەمەوە، بۆ ئەوەی كچان و كوڕانی ئەو شارۆچكەیە زیاتر بە هونەر ئاشنا بن، هەروەها جگە لەوەی تابڵۆكانم كە بەرهەمی تێفكرین و ماندوبوونی دەست و پەنجەكانی منن، بەپێویستی دەزانم بە بازاڕیان بكەم و وەك سەرچاوەیەكی بچووكی دارایی سوودی لێ ببینم، حەزی زۆریشم هەیە كە دوای دەرچوونم لە زانكۆ وەك مامۆستایەك بتوانم وانەی هونەر لە یەكێك لە قوتابخانەكان بڵێمەوە، بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی گەل و نیشتمانەكەمی پێبكەم.
دەربارەی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم كارەكەی پەرێز، گوتی:” بێگومان بۆ هەركارێك ئاڵنگاری و بەربەست دێتە پێش بەتایبەت بۆ كچان، چونكە سەرباری هەندێك گۆڕانكاری، بەڵام هێشتا كوڕ یانژی پیاو سالاری وەك نەریتێكی كۆن باوی ماوە، بەڵام گرنگە بە گیانی كۆڵنەدان و بەردەوامی درێژە بە گەیشتن بە ئامانج و خەونەكانمان بدەین، پێشموایە تا ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمە هەبێت تامی سەركەوتن پتر دەبێت، داواكاریم لەلایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە لە ناوەندەكانی خوێندنی بنەڕەتیەوە بایەخی پتر بە وانەی هونەر بدرێت و پاڵپشتی ئەو كەسانەش بكرێت كە دەستی ڕەنگینە و ویستی ئەوەی هەیە تواناكانی بخاتە خزمەتی كۆمەڵگەی كوردی”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.