” ئۆکرایـــن دەروازەی جەنگی جیهانی سێیەم”

  • بێستون ساڵەیــــی

ئۆکراینا سەرەتای شەڕێکی گەورەو درێژخایەن و دەروازەی جەنگی جیهانی سێیەمە…
بۆ فڕێدانی بەردی دەستپێکی ئەو شەرە مەزنە دەبوایە بگیرێتە جێگایەک ، ئۆکراینا گونجاوترین و گەورەترین مەیدان بۆ دەستپێکی ئەو شەڕەیە..
شەڕەکە شەڕی بەرژەوەندی دوو بلۆکە ، بلۆکی غەرب ، بلۆکی شەرق. ئەمریکا زلهێزەکەی جیهان کە خاوەنداریەتی بلۆکی غەرب دەکات، وەکو ڕزگارکەرو بەرگریکارێک لە هاوپەیمانانی خۆی لە وڵاتانی ئەوروپا لەژێر ناوی تیمی ڕاوێژکاری سەربازی و هەواڵگری زۆرترین پێگەی سەربازی لە وڵاتانە بنیاد ناوە، ئەوەی لە ئۆکراینا بەدیمان کرد لە هاوکاریەکان لۆجستی و ماددی و ڕاوێژکاریی بوون، شەڕکەر سەرباز و خۆبەخشەکانی ئۆکراینین، ئەمریکا سیاسەتی شەڕکردنی گۆڕیوە و لە ئێستا لە پای هاوکاڕی و پاڵشتی شەڕی بە وەکالەتی بۆ دەکەن…

کاریگەری مەترسیەکان و سەختیەکانی ئەم شەڕە هێدی هێدی لە سەر ژیانی تەواوی ئەوروپییەکان ڕەنگی داوەتەوە و ژیان ڕۆژ لە دوای قورستر و زەحمەتتر دێتە بەرچاو، ئەوروپایەکان هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردووە ڕۆژێک بێت خواردن و سووتەمەنی بە زەحمەت دەستیان بکەوێت و یاخود دەستی پێوە بگرن.. هەرگیز بیریان لەوە نەکردبووەوە ڕووناکی و گەرمکردنەوەیان لەسەر ببڕێت یان بچن خەریکی ئەنبار کردنی سووتەمەنی بن…! لە ئەنجامی بەردەوامبوونی شەڕ و کەمی سووتەمەنی و گاز لە وڵاتانی ئەوروپا برسیەتی و نەبوونی باڵ دەکێشت بە سەر خەڵک ئەوروپادا و فشارو گرفتەکان زیاتر دەبن و کارگە مەزنەکان لە کار دەکەون و هێزی کار ڕادەوەستێ و خەڵکێکی زۆر بێ کار و بێ دەرامەت دەمێننەوە…
سیستەمی ژیان و دەسەڵاتەکان و جوگرافیاکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەو جیاوازیەی لە دەستەبەری ژیانێکی باش هەبوو هێدی هێدی ڕوو لە کاڵ بوونەوە دەکات و نامێنێت، زۆرێک لە یاساکانیان پێداچوونەوەی بۆ دەکەن و لە گەڵ ژیانی داهاتوو کە سەختە دەیگونجێنن.. جوگرافیای جیهان لە هەنگاوی دابەش کردندایەو
ئەم شەڕە بەرۆکی ئەوروپاییەکان دەگرێت و دەکەونە شەڕی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕوسیادا ، ئەمریکا وەکو سیاسەتی نوێی لە بەشداری کردن لەشەردا هەمیشە ڕۆڵی چاودێری کردن و ئاگاداربوون لە شەڕەکان دەبینێ، بۆیە بۆ وەدەستخستن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەوەی دەیهەوێ بە ئەوروپاییەکانی دەکات و لە چەک و هاوکاری ماددیش بێ بەشیان ناکات…

دەوڵەتی چین کە هاوپەیمانێکی هەمیشەیی ڕووسیایە، لەم شەڕە درێژخایەندا دەستەوەستان دانانیشێت و میحوەرێکی سەرەکی دەبێت لەو شەڕەدا، دوای ئەوەی ئەوروپا هەوڵدەدات بە گفتوگۆ و دانوستاندن کۆتایی بەو شەڕە بێنن لەگەڵ ڕوسیادا، لە دەریاکانی چینەوە شەڕێکی سەختتر و وێرانتر لەگەڵ تایوان دەست پێدەکەن و بە هاوکاریە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ تایوان چین ئاگری شەڕەکە خۆشتر دەکات و هێرشەکانیان تەنانەت هێزە دەریایەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە و هەردوولا موشەک ئاراستەی یەکدی دەکەن، لەم نێوەندەدا هیچ کام لە کۆریای باکوور و باشوور بێ لایەن نابن و هەریەکە پاڵپشتی خۆی بۆ هاوپەیمانەکانیان ڕادەگەیێنن و بەشداری شەڕ دەبن..

ئەوەی دەمێنێتەوە دەوڵەتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەاستـــە کە وەک هەمیشە خاکەکانیان دەبێتە ناوەندی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا و پێگەی موشەک و فرۆکە جەنگیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی….

ئەم شەڕە ئاگرەکەی خۆشتر دەکرێت و گڕەکەی زۆر وڵات دەسووتێنێت، وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا لە ئێستادا شەڕ لە بەردەرگای ئەوروپایە و درێژە دەکێشت و گفتوگۆکان ئەنجامی ئەرێنی نادەن بەدەستەوە، شەڕەکە بۆ گۆڕانکاریە لە سیستەمی جیهانی، کێشمەکێشەکان لەسەر سیستەمێکی نۆیە بۆیە پشکی گۆڕانکاریکانی جیهان هیچ لایەنێک ناگەیەنێت بە ئەنجام.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.