بەرى خۆر بە بێژینگ ناگیرێت

دڵشاد مەولود گەردی

بەرەى پۆپۆلیستی و ئەوانەى میکیاڤیلیانە دەیانەوێت بە پێ نان بەسەر شان و ژیان و گیانی هاوڕێکانیان سەر بکەون و بگەنە لوتکە رۆژێک دێت رووی راستییان دەرکەوێت و دەمامکە ساختەکانیان بکەوێت و خەڵک رووی راستەقینەیان ببینێت و مێژوو وەک خۆى ناسنامەیان بۆ نەوەکانى داهاتوو بناسێنێت.

لە شۆڕشی خەڵکی کوردستاندا هەمیشە ئەو چیرۆکانەمان بیستووە، کە هەڤاڵێک لە سەنگەردا ئامادە بووە تا دوا تنۆکی خوێن قوربانی بدات لە پێناو رزگاربوونى هەڤاڵێکی بریندارى.. چیرۆکی زۆر هەن، پێشمەرگە چەندین رۆژ هاوسەنگەر و هاوڕێ و هەڤاڵە بریندارەکەى بە کۆڵ و پشت گواستووەتەوە تەنیا بۆ ئەوەى ژیانی رزگار بکات و نەکەوێتە دەست دوژمن، کەچى ئەمڕۆ لە سەردەمی سیاسەتی هەرزەکارە سیاسییەکاندا ئەو وێنە و چیرۆکە جوانانە نەک نەماون، بەڵکو خراپتر لەوەش پێچەوانەکەیان دەبینین.

هەموومان بەکامێرای ئێچ دی دانپێدانانی خیانەتکارانی شازدەى ئۆکتۆبەرمان بینی کە چۆن پشتیان لە پێشمەرگە هاوسەنگەر و سەرکردە دێرینەکانیان کرد بۆ ئەوەى بکەونە بەر شاڵاوی دوژمن و خۆیان لێی دەرباز بن، دانپێدانانی ئەو گرووپەشمان بینی، کە چۆن لە هەولێر، هاوڕێ و هاوپیشە و هاوکارى خۆیان بە وەحشیانەترین شێوە تیرۆر کرد.

لە بوارى سیاسەتیشدا، بینیمان چۆن رەوتێکی سیاسی کە ناوی لە خۆى ناوە جوڵانەوە خۆیان لە کادیرێکی پێشکەوتویان بێبەرى کرد و بوختانى ناڕەواشیان بۆ هەڵبەست و ویستیان کەسایەتییە مەعنەوییەکەى تیرۆر بکەن.

هەموو ئەوانە لە بەرچاومانن کە هیچ کاتێک لە مێژووی خەباتی بزاڤی نەتەوەیی و نیشتمانی ئێمەدا وێنەیان نەبینراوە.

ژیانی مرۆڤ لەوە کورتترە مرۆڤ لە دژایەتی و یەکدی شکاندن و بوختان هەڵبەستن و سوکایەتیکردن بە بەرامبەرەکانی بەکارى بهێنێت. سەیرە هەندێک کەس و لایەن تەنانەت دۆخی تەندرووستی و ژیانی تایبەتی کادیر و پەرلەمانتارى خۆیشیان بە لاوە جێی بایەخ نییە و هێرشی دەکەنە سەر.

ئەم رۆژگارە وەک سەردەمی رابردوو نییە، راستیەکان دوای دەیان ساڵ ئاشکرابن، بە چرکەسات مرۆڤ دەتوانێت بە بەڵگەوە و لە رێی ئینتەرنێتەوە بگاتە راستیی. وێنە و ڤیدیۆ و پەیوەندی راستەوخۆ هەموو بەردەستن بۆ ئەوەى مرۆڤ بگاتە راستیی. کە بە دڵنیاییەوە زۆر ناخایەنێت و سەرجەم راستییەکان ئاشکرا دەبن و خەجاڵەتی و شەرمەزارى بەشی ئەوانە دەبێت کە بە مەبەست خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و راستییەکان دەشێوێنن و بوختان بە نزیکترین دۆست و هاوڕێیان دەکەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.