دوو ڕوویی یه‌كێتی ته‌نیا زیانگه‌یاندنه‌ به‌ گه‌ل و نیشتمان‌


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بێت یه‌كێتیی پێداچوونه‌وه‌ به‌ دروشمه‌كانی كه‌ دیموكراسی و مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌ بكاته‌وه‌ ، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوو رێك پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی گه‌ل و هه‌ڵبژاردن و ئازادی هه‌ڵوێستی زۆر نالۆژیكانه‌ی په‌یره‌و كردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچكامیان له‌ سوودی به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی كورد و كوردستان نه‌بووه‌ ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌مكورتییانه‌شی كه‌ یه‌كێتیی هه‌یبووه‌ به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی پێگه‌ و دۆخی سیاسی كورد وكوردستان هه‌میشه‌ به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی كردووه‌ و باج و قوربانی گه‌وره‌ی له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ ته‌بایی و به‌هێزی كورد داوه‌ ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و خه‌سڵه‌ت و سروشته‌ به‌رز و جوانانه‌ی قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی و رابه‌رایه‌تی بارزانی و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ دڵسۆز و فیداكاره‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌ رۆحێكی حیزبابه‌تی به‌رته‌سك مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌ .
ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌یكات یارییه‌كی منداڵانه‌یه‌ له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌كارهێنانێتی له‌لایه‌ن دووژمنان وناحه‌زانه‌وه‌ ، چونكه‌ ناكرێت یه‌كێتی له‌لایه‌ك خۆی به‌هاوبه‌ش بزانێت و لایه‌كی تریشه‌وه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و رازیكردنی دڵی ناحه‌زان زیان به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستان بگه‌ێنێت ، خۆ مافه‌ كادیر وئه‌ندامه‌ نیشتمانپه‌وه‌ره‌كانیان ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌موویان په‌راوێز خراون و یانیش گرنگیان پێنادرێت یه‌كبگرن و رووبه‌رووبه‌رووی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی یه‌كێتیی و سه‌ركرده‌ سه‌رلێشێواو و ئاژاوه‌گێره‌كانیان ببنه‌وه‌ .
چونكه‌ یه‌كێتی له‌ رابردوو و ئێستاشدا كه‌ هه‌میشه‌ هاوبه‌شی سه‌ره‌كییه‌ بوو هه‌رده‌م ئه‌و ئۆپۆزسێونێكی ناته‌ندروست و ئاژاوه‌گێر و هانده‌ری لایه‌نه‌كانی تر له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان رۆڵی نه‌رێنی بینیووه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ی له‌ ڕێگه‌ی چه‌ندین راگه‌یاندنی ئاشكرا و سێبه‌ر هه‌وڵی لاواز پیشاندان و لاوازكردنی پێگه‌ی حكوومه‌تی كوردستانی داوه‌ ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا له‌ نێو حكوومه‌تیشدا رۆڵێكی نابه‌رپرسانه‌ و لاوازی بینیووه‌ و به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ باری پارتی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قورستر بكات نه‌ك سووك .
یه‌كێتی به‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی پێیوایه‌ ده‌توانێت هه‌ڵه‌ و شكسته‌كانی بشارێته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی زیادبكات به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری سڵیمانی وگه‌رمیان و راپه‌رین كه‌ خۆیان به‌ باڵاده‌ست ده‌زانن و 30 ساڵ زیاتره‌ و هه‌موو سه‌روه‌ت و داهاتی ناوچه‌كه‌یان له‌ ژێر كۆنترۆڵدایه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكیان تووشی ئازاردانی رۆحی و هه‌ره‌شه‌ و تیرۆری فیكری كردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌و بێجگه‌له‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یانیان کردووه‌ بە مەیدانی کێشە و گرفت و بە سەربازگە کردن و هەڵکوتانە سەر خەڵک و تێکدانی ئاسایش و نەهێشتنی ئەمن و ئەمان لەو شارەدا، ئەوەش لە بەرەنجامی بەرنەدانی فۆبیای سەرنەکەوتنی کاندیدی سەرۆککۆمارەکەیان و سوێبوونەوەیە لە بینینی پێشکەوتنە بەرچاوەکانی حکومەت و ئەدای دروست و سەردەمیانەی پارتی، کە بەو یاریکردنە خواروخێچەکانی ئەوان پارتی، لە خزمەتکردن بە خەڵک و نیشتمان ناوەستێت .

بۆیه‌ ، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ چیتر قبوڵی ئه‌و دوو ڕووییه‌ی یه‌كێتی نه‌كرێت كه‌ زۆر زیانبه‌خشه‌ بۆ هه‌مووان و ده‌بێ سەرکردە و کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی قبووڵی ئەو جۆرە جووڵە و سیاسەتە چەواشەکاریانی گرووپە توندڕەوەکەی سەرکردایەتییان نەکەن، لە کاتێکدا کە کورد زیاتر پێویستی بە ته‌بایی و یەکڕیزی هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هه‌ره‌شه‌ و مەترسییەکانی سەر قه‌واره‌ی کوردستان و پێوسته‌ له‌ جیاتی به‌رژوه‌ندییه‌ شه‌خسی و حیزبییه‌كان ته‌نیا كار و هەوڵه‌كان بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد بێت له‌ عێراقی فیدراڵ و زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت حكوومه‌تی كوردستان كه‌ خزمه‌تگوزاری هه‌موو كوردستانیانه‌ به‌ بێ جیاوازی..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.