قه‌واره‌ی كوردستان به‌رهه‌می خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ وخوێن شه‌هیدانه‌

رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی


ئه‌م ئه‌زموونه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌رهه‌می زیاتر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ شۆڕش و خه‌باتی بێ وچانی ئه‌م گه‌له‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیووه‌یه‌ كه‌ داگیركه‌ران و دوژمنان هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامن له‌ دژایه‌تیكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌ شێواز و پیلانگێری جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ كۆیڵه‌كانیان ، جێگه‌ داخه‌ هه‌ندێك كه‌س ولایه‌ن له‌ چاویی به‌رته‌سكی حیزبایه‌تی و به‌رژوه‌ندیی شه‌خسییه‌وه‌ تاكڕه‌وانه‌ و خۆسه‌پێنه‌رانه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی شكۆشكاندن ودروستكردنی هه‌ڕه‌شه‌ ومه‌ترسین بۆ سه‌ر شكۆ و ده‌ستكه‌وته‌كانی .
مێژوو و ئه‌زموونی دوێنی وئه‌مڕومان پێمان ده‌ڵێن كه‌ هه‌میشه‌ یه‌كده‌نگی و ته‌بایی ڕۆڵی گرنگ و بونیاتنه‌ری هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و گشت ده‌ستكه‌وته‌كانی تر تا به‌ ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌ت كه‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وجیهان به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ دروانه‌ ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ ئاشتیانه‌ وسه‌قامگیری ومتمانه‌یه‌ له‌ قه‌واره‌یه‌ كه‌ له‌ نێو ناوچه‌یه‌كی پڕ ئاڵۆز وكێش مه‌كێشدایه‌ و هه‌ر خۆشی پارێزگاری لێده‌كات .
ئه‌وه‌ی ده‌مهه‌وێت ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ رۆحییه‌تی هه‌ندێك كه‌س ولایه‌ن له‌ هه‌وڵی خۆسه‌پاندن و ناوچه‌گه‌رێتی وایكردووه‌ كه‌ به‌ردوام دڵه‌ڕاوكێ له‌ نێو هاوڵاتیانی كوردستان دروست ببێت ئه‌وه‌ش له‌ راستیی خه‌ونی ناحه‌زانی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه‌یه‌ ، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ، هه‌رێمێكی دیموكرات و ئازاده‌ و به‌ خه‌بات و قوربانیدانی ده‌یان ساڵه‌ و گشت هێزولایه‌نه‌ تێكۆشه‌رو دڵسۆزه‌كانی تریش و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌ ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م قه‌واره‌یه‌ و به‌ دیموكراسیكردن و دامه‌زراویكردنی كه‌ ئه‌ویش سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ زۆر به‌رپرسیارانه‌ و هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌ستیاری عێراق و ناوچه‌كه‌ و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی كردووه‌ له‌ پێناو چه‌سپاندنی مافه‌ره‌واكان و ئینجا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌دی نه‌هاتوون.

بۆیه‌، پێوسته‌ هه‌مووان پرسیار خۆیان بكه‌ن كه‌ خه‌باتی و قوربانیدانی ئێمه‌ له‌ دژی دوژمنان و داگیركه‌ران بۆچی بوو ؟ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ وانه‌یه‌كی باش له‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد وه‌ربگرین ،، چۆن بزانین کێ دۆستمانە و کێ بە درێژای مێژوو بە دوژمنی زانیوین، چی هۆکارێک وایکردووە تا ئێستا نەبووین بە خاوه‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆیی و دەوڵەت. كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بزانین كه‌ كێ له‌ خه‌م و په‌رۆشی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یدا و دۆز وهاوكێشه‌ سیاسییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ كوێ.
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بزانین كه‌ پشتیوان وخاكه‌ڕێ و دڵسۆز و خزمه‌تكاری ئه‌و گه‌ل و نیشتمانه‌یه و تا چه‌ند خزمه‌تی ئه‌م گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌ كراوه‌ ؟ كێ هه‌میشه‌ خۆی به‌ به‌رپرسیاری ودڵسۆزی ئه‌م خاك و میلله‌ته‌ زانیووه‌. بۆیه‌، كاتی ئةوه‌ كه‌ خۆتان یه‌كڵا بكه‌نه‌وه‌ ، خه‌بات ئه‌گه‌ر له‌ پێناویی ئازادی و دیموكراسی و سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ ناكرێت چیتر بیر له‌ ئازاردانی خه‌ڵك و حیزبابه‌تی به‌رته‌سك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵ و سامانی خه‌ڵك و قۆرخكردنی زۆره‌ ملێ نادیموكراسیانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و ئامانجمان ته‌نها به‌هێزكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بێت .

هه‌ر بۆیه‌،تەبایی و سەرخستنی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ و گه‌لی كورد ئه‌رك و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە ئەستۆی هەموو تاکێکی کوردە، چونكه‌ گه‌لی كورد قوربانیی زۆری داوە، ناكرێت له‌ پاڵ به‌رژوه‌ندی شه‌خسی و حیزب چه‌ند كه‌س ولایه‌نێكه هاووڵاتیان تووشی كێشه‌ی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خزمه‌تگوزاری بكڕێته‌وه‌ .
بۆیه‌ ، له‌ مێژه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای چاكسازی و پشتیوانی زیاتری حكوومه‌تی كوردستانی كردووه‌ له‌ پێناو خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی زیاتر بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری سڵێمانی وگه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و راپه‌ڕین ، بەڵام پێده‌چێت تا ئێستا به‌ هۆی سه‌ره‌رۆیی و به‌رژوه‌ندی حیزبی و شه‌خسی و زۆرجاریش كاریگه‌ری لایه‌نی ده‌ره‌كی سەرجەم هەوڵەکان بێهوودەبوونه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری .
ده‌یان جار پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كردووه‌ كه‌ ، خه‌می به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی كورد وكوردستان ئه‌وڵییه‌ت بێت با چیتر دڵی هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ نه‌شكێنڕێت و بەرژەوەندیی گشتی میللەت بپارێزێت. به‌ڵام جێی داخه‌ كه‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی قۆرخكاری له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و گوێنه‌دان به‌ یه‌كریزی و ته‌بایی و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شی له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان وداموده‌زگه‌كانی تر له‌ پێناو دروستكردنی قه‌یرانی سیاسی و هه‌ڵنه‌گرتنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان زیانی گه‌وره‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و كوردستانیان چیتر ئه‌م دۆخه‌ له‌ یه‌كێتی قبووڵ ناكه‌ن .
كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خه‌می ئه‌م خاك و گه‌له‌ین باهه‌موومان له‌ پیناو پارێزگاریكردن له‌ شكۆ و ته‌بایی وئینجا خزمه‌تگوزاری گشت و ئینجا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیان یه‌كده‌نگ بین و خه‌ونی ناحه‌زان بۆ تێکدانی قەواره‌ی هه‌رێم نه‌هێنینه‌ دی ،چونكه‌ به‌رهه‌می خه‌بات وماندووبوونی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی شه‌هیدانه‌ و ده‌بێت بیپارێزین .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.