ڕۆژێك بۆ هەڵمەتی دژی توندوتیژی و هەمو ڕۆژێك دژی توندوتیژی

لیا سیف الدین

یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن
فیمینستەکانی ئەمەریکاوە رۆژی ٢٥ ی نۆڤەمبەردەستنیشانکرا وەکو رۆژی بەرەنگاربونەوەو نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان .
دیاریکردنی ڕۆژێك وەك ڕەمزی بەرەنگاربونەوەو نەهێشتنی توندوتیژی ، دوای گردبونەوە و نارەزایەتی بەردەوام بو دەربارەی (نایەکسانی، جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، دەرونی ، دەستدرێژی سێکسی ، بازرگانی کردن بە ئافرەتان، خەتەنەکردنی مێینە…هتد) بۆیە دوای هەوڵ و ماندوبونی زۆر ، ئەوە بوو بەبریاری نەتەوە یەکگروەکان لە ساڵی ١٩٩١ رۆژی (٢٥)ی نۆڤەمبەر(کانونی یەکەم ) وەکو رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەستنیشان کرا ، لەوە بەدوا سالانە لەلایەن حکومات و ریکخراوە کانی بەرگریکار لە مافەکانی ئافرەت و چالاکوانانی ئەو بوارە هەڵمەتێکی ١٦ رۆژە بەرێوەدەچێت کە تێیدا چالاکی هۆشیارکردنەوەی هەردو رەگەز لەسەر شێوازو جۆرەکانی توندوتیژی و ئامارەکان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی ئەو دیاردەیە بەفراوانی بەرچاو دەخرێت ، لەهەرێمی کوردستانیشدا ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی هەرێم و رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان و چالاکوانانەوە ئەو هەڵمەتە بەرێوە دەچێت و تێیدا چەندین چالاکی و کۆڕو سمینارو بەرنامەو دیبەیت بەرێوەدەچێت .

ئاشکرایە کە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاردەیەکی جیهانییە ، بەڵام شێوازەکەی لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی تر دەگۆڕێت ، لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی زاڵبونی کولتوری پیاو سالاریەوە کە ڕیشەیەکی قوڵی هەیە لەهەناوی کۆمەڵگاکەدا توندوتیژی و نایەکسانی لەپێدانی ماف و سوکایەتی پێکردن و بەکەم سەیرکردنی رٶل و تواناکانیان و دەرفەت پێ نەدانیان وەک پێویست پەیڕەو کراوە ، ئەمە ش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئافرەتان لە پێشکەوتن و پێگەیشتن و هاتنە مەیدانی کارو رۆڵ بینین وەک تاکێکی کاریگەر کەمتر دەربکەون و جێدەستیان دیار بێت ، ئەگەرچی ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانکاری پۆزەتیڤی بەسەردا هاتوە و کرانەوەیەک ڕویداوە کە جێ ی دڵخۆشیە ئەگەرچی جێ ی ڕەزامەندی تەواویش نەبێت .
بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی جەستەیی و مەعنەوی و نایەکسانی دژی ئافرەتان بن بڕ بکرێت پێویستی بە هۆشیاریی گشتی و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی تاكەكان هەیە چی لەناو خێزانەوە ، چی لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەو ناوەندەکانی خوێندن ، چی لە مزگەوتەکانیشەوە ، پێویستە گیانی لێبوردەیی و یەکسانیخوازی و دادپەروەری جێندەری لەنێو کۆمەڵگەو خێزانەکاندا برەوی پێبدرێت و بکرێتە بنەمای پەروەردەو تێڕوانینی تاکەکان ، پێویستە هەڵمەتی ١٦ رۆژە ی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکرێتە دەرفەت بۆ ئەوەی ساڵانە لەو ١٦ رۆژەدا هەم ئاماری توندوتیژی و قوربانیەکان بەفراوانی بڵاو بکرێتەوەو بەرچاو بخرێت ، هەم چالاکی جۆراوجۆری مەیدانی ئەنجام بدرێت ، چونکە ئەم کارو چالاکیانە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر هۆشیاربونەوەی قۆناغ بە قۆناغی تاکەکانی کۆمەڵگا ، وەپێویستیشە ئەم هەڵمەت و چالاکیانە زیاتر ببرێتە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەکان و گرنگی زیاتر بە شاروچکە و گوندەکان و شوێنە دورە دەستەکان بدرێت و هەڵمەتی هۆشیاری ببرێتە ئەو شوێنانە چونکە بەپێی ئەوەی کە ئاستی داخراوی کۆمەلایەتی و نزمی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەو شوێنانەو زاڵی زیاتری کەلتورو عەقڵیەتی پیاو سالاری و هۆزو بنەماڵە سالاری لەو شوێنانە وایکردوە کە زیاتر ئافرەتان بێ ماف کراون و توندوتیژی جەستەیی و مەعنەوی زیاتریان بەرانبەر دەکرێت و کەمتریش ئاماری ئەو توندوتیژیە بەردەست دەخرێت و تۆمار دەکرێت .

. ‎ – پێویستە لەمەو بەدوا دروشمەکانی ئەم هەڵمەتەش دەستکاری بکەین و هەندێکیان بگۆڕین و زیاتریش هەوڵ بدەین دروشمەکان واقعی بن و کاری مەیدانیش بکرێت زیاتر لەوەی کە هەر قسەکردن بێت ، وابکرێت هەموو تاکێک خۆی بە بەرپرسیاربزانێت لە وەرگرتن و بەخشینی هۆشیاریدا دەربارەی توندوتیژی و بنبڕ کردنی .

  • خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە پێویستە دەزگا میدیاییەکان و دیژیجتاڵ میدیاکان رۆڵی پۆزەتیڤ ببینن لەم بوارەدا نەک وەک ئیستا کە زۆرێک لەو میدیایانە بەراستی رۆڵێکی خراپ و نابەرپرسیارانە دەبینن و لەجیاتی ببنە فاکتەری کەمکردنەوەو بن بڕکردنی توندوتیژی بونەتە فاکتەری زیاترکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان .
  • یەکێکی دیکە لە ڕێگا گرنگەکانی کەمکردنەوەو بنبڕکردنی توندوتیژی دەستکاریکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و وتاری وتاربێژی مزگەوتەکان و پیاوانی ئاینیە کە رٶڵی سەرەکیان هەیە لەو بوارەدا ، جگە لەوەش پیوستە لەدادگاکاندا سزای توند و قورس دیاری بکرێت بۆ ئەوانەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجام دەدەن یان ئافرەتان بەبیانوی شەرەفەوە دەکوژن ، دادگاکان لەوبارەیەوە چاوپۆشی و کەمتەرخەمی و خاترانە نەکەن .
    ئەمانە ئەو ڕێگایانەن کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە توندوتیژی دژی ئافرەتان کە نێوەی گرنگی کۆمەڵگان پاک بکرێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکرێت .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.