پولیسی ڕەوشت کۆتایی دێت، ئازادی بە کوێ دەگات…؟!

∎ بێستون ساڵەیی

لە ئێستادا دژایەتی دەسماڵ و حیجاب بابەتێکی گرنگی حکومەت و کۆمەڵگەی ئێرانە، دەوڵەتی ئێران پۆلیسی ڕەوش سڕ دەکات و چالاکیەکانی ڕادەگرێت.
دواجار پۆلیسی ڕەوشت ئەو دەزگا ئەمنییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بووە سەرئێشەو مەترسی بۆ سەر دەسەڵات، بۆیە ڕوداوەکانی ئەم دوایەی ناوخۆی ئێران دەوڵەتی ئێسلامی ناچار کردووە کە پێداچووەوە بەو دەزگایە بکات و چالاکیەکانی سڕ بکات، لە هەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری حیجابی زۆرەملێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ئەم پرسە نەرمتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت..
کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستە سیاسەتێکی ڕەق و توند و دیکتاتۆرانە پیادە دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا بەوەی لە شارەکاندا دەگوزرێت بە مەترسی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی دەزانێت بۆیە بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی ئەو کۆمارە ڕێگای گۆڕانکاری و پێداچوونەوە بە بەشێکی گرنگ لە یاساکانی ئەو وڵاتەدا دەکەن و تا ڕادەیێکی سنووردارکراو پرسی ئازادیەکان کۆتوبەندەکانی لەسەر هەڵدەگرن..

ئێستا کۆماری ئیسلامی تێگەیشت خەڵک چی دەوێت…!
ئازادی……
بۆ ئازادیش پێویستە گۆڕانکاری لە یاساکان بکرێت، دڵنیام کۆماری ئیسلامی لە پێناو مانەوە و دەسەڵاتی خۆی ریفۆرمێک لە سیستەمەکەیدا دەکات….

ئەوەی گرنگە باسی بکەم ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئایا بە کوێ دەگەن؟
من لەسەرەتاشدا بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات گوتوومە، خەڵکی ڕۆژهەڵات غەدر لە خۆیان دەکەن کە دروشم و داواکاریەکانیان تەنها بە ( روسری ) و حیجاب و دەسماڵەوە گرێداوە، کورد مافخوراوە و پێویستە بەدوای مافەکانیدا بڕۆن، دەنگ و ناڕەزایەتیەکان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری بێت ، کە بەداخەوە تا ئەم ساتەش پرسێکی گرنگ و نەتەوەیی بە دروشمی بەستنی پەچەو دەسماڵ و بە نەبستنیەوە بەسترایەوە… !

ئێرانیەکان لەچەند بەشێک پێکهاتوون،
بەشێکیان نەتەوەی بالادەست کە خۆی لە ئازەرو فارس دەبینێتەوە کە ئەم بەشە تا دەستەبەرکردنی مافی ئازادی تاکەکەسی لەگەل شۆڕشدان…
بەشەکەی دیکەش ئەو نەتەوانەن کە خاوەنی هیچ مافێک نین، ئەم بەشە وا پێویست دەکات لە شۆڕش و خەباتیان بەردەوام بن و داوای مافە نەتەوەییەکانیان بکەن و خۆیان لە شۆڕشێک بەناوی حیجاب و دژە حیجاب بەدوور بگرن کە وەکو کورد و عەرەب و گیلەکیەکان و بەلووچەکانن.

بەدرێژایی مێژووی کوردواریمان رووسەری و لەچک و دەسماڵ نەبووەتە کێشە بۆ کۆمەڵگاکەمان و هەر لەکۆنەوە کچ و ژنی کورد لە هەر کوێ بوو بێت دەسماڵ و پەچەی هەبووە و هەر دەمێنێت، ئەوەی جێگەی داخە مافە نەتەوەییەکانە کە پێشل کراون و لێمان زەوتکراون…

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.