سیلین دیۆن توشی نەخۆشییەكی مەترسیدار دەبێت

زێ بادینان

خانمە گۆرانیبێژ و ئەكتەری ناسراوی ئەمریكی، سیلین دیۆن توشی نەخۆشییەكی مەترسیدار بوە و بەهۆیەوە كۆنسێرت و گەشتە هونەرییەكانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

سیلین دیۆن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاوكردەوە كە لەبارەی نەخۆشییەكەیەوە دەدوێت و رایگەیاند، “ببورن كە كاتێكی زۆری ویست پێتان بگەم، بیری هەموتانم دەكرد و ناتوانم بوەستم تا ئەو كاتەی لەسەر شانۆ بە راستەوخۆ قسەتان لەگەڵ بكەم”.

وتیشی، “وەكو هەموتان دەزانن كە من هەمیشە وەكو كتێبێكی كراوە وابوم، بەڵام پێشتر ئامادەنەبوم لەبارەی ئەمە بدوێم و ئێستا ئامادەم، ماوەیەكی زۆرە من بە دەست گرفتێكی تەندروستییەوە دەناڵێنم و بەڕاستی قورس بو كە روبەڕوی ئەم دۆخە ببمەوە و لەبارەی ئەوەوە بدوێم كە پێیدا تێپەردەبم”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، “نەخۆشییەكەی من ناوی “stiff-person syndrome”ـیە، كە لە ملیۆنێك كەسدا تەنها یەك كەس توش دەبێت، بەداخەوە ئەمە كاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەم دەبێت، وادەكات بە سەختی بتوانم رێبكەم، رێگە نادات دەنگ بەكاربهێنم بۆ گۆرانی وتن بەو شێوازەی كە پێشتر بەكارمدەهێنا”.

ئەوەشیخستەڕو، ئەوە ئازارم دەدات كە دەبێت پێتان بڵێم ناتوانم ساڵی داهاتو زنجیرە كۆنسێرتەكانم لە ئەوروپا ئەنجامبدەم، گروپێكی گەورە لە پزیشكم هەیە كە یارمەتیم دەدەن بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بم و باشتر بم، بە یارمەتی پزیشكەكەم و منداڵەكانم”.

لە كۆتاییدا پەیامێكی بۆ هەوادارەكانی نارد و وتی، “بیری ئەو كاتە دەكەم كە لەسەر شانۆ دەتابینمەوە، من هەمیشە حەقی %100 دەدەم بە كۆنسێرتەكانم، بەڵام دۆخی تەندروستیم بۆ ئێستا رێگە نادات ئەو حەقەتان پێبدەم، سوپاس بۆ پاڵپشتی و هیوای چاكبونەوە كە بۆ منی دەخوازن، ئاگاتان لە خۆتان بێت و باش بن”.

سیلین ماری کلۆدیت دیۆنە و لەدایکبوی 1968، خەڵکی کەنەدایە و یەکێکە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی هونەری گۆرانی و میوزیکی پۆپ و خاوەنی چەندین خەڵاتی گرامی و جۆنۆیە.

لەساڵی 1994 هاوسەرگیری لەگەڵ گەورە بازرگانێکی ملیۆنێری کەنەدی دەکات و دەبێتە دایکی سێ کوڕ، بەڵام لە 2016 بەهۆی شێرپەنجەوە هاوسەرەکەی دەمرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.