کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانی و ئێرانیدا ؟

زێ بادینان،دهۆک بەرۆژی:

هەوڵەکانی عوسمانی و ئێرانی بۆ زاڵبوون بە سەر هۆزە کوردەکان وەک کرداری لە ناوبردنی میرنشینەکان سەرکەتوو نەبوو. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەم دوو دەوڵەتە نەیانتوانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ بسەپێننە سەر ئەو هۆزانەی کە زۆربەیان ڕەوەند یان نیمچە کۆچەر بوون.

باروودۆخی کوردستان دوای ڕووخانی میرنشینەکان:
دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی ئەو سەربەخۆییە ناوەخۆییەی کوردی لە ناوبرد و لە ساڵی ١٨٥١ز سەردەمی میرنشینەکان بە تەواوی کۆتایی هات، کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانی و دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچە کوردیەکان بەر قەرار بوون. لە شوێنی میر و دەسەڵاتدارانی کورد پاشا و موتەسەڕیف و قائیمقام و فەرمانبەرانی تری عوسمانی دانران، هێزە سەربازیەکانی عوسمانیش شوێنی هێزە خوماڵیە کوردیەکانیان گرتەوە. بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ سەرکوتکردنی هەر بزاڤێکی ناڕەزایی کورد. کاتێکیش لە ساڵی ١٨٦٤ز ڕژێمێکی کارگێڕی نوێ لە دەوڵەت پەیڕە کراو ویلایەتی نوێ پێکهێنرا، بە تەواوی کوردستان بە دەسەڵاتی ناوەند گرێدرایەوە و هێچ مافێکی کارگێڕی نەما. لە کاتێکدا ئەم هەلومەرجە نوێیە بە هیچ شێوەیەک باروودۆخی وڵاتی باشتر نەکرد.
باروودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی:
لە بواری ئابووریدا زیادکردنی باج و پیتاک دیارترین سیماکانی ئەو سەردەمە بوو. ئەو باجانە کە بڕەکەی زیاد دەکراو بەرەبەرە جۆری تری دەخرایە پاڵ، سەرباری پیادەکردنی شێوازی توندووتیژ لە کۆکردنەوەیدا، دەبووە هۆی گرانتر کردنی باری دانیشتووان بە گشتی و جوتیاران بەتایبەتی. تەنانەت هەندێ جار بەرووبوومەکان بەشی باجەکانی نەدەکرد. بێگومان ئەمەش بژیوی دانیشتوانی زۆر خراپ کردبوو. هەروەها کاری کردبووە سەر هەموو بوارەکانی تری ژیانی. لە ئەنجامدا لایەنەکانی تەندروستی و ڕۆشنبیری و تەنانەت کۆمەڵایەتیش هیچ پێشکەوتنێکیان بە خۆوە نەدیت، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە کاروانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە دوا دەکەوتن.
لە پاڵ ئەمەشدا ڕژێمی (سەربازگیری)کە لەو سەردەمەدا سەپێنرا، بەڵایەکی تر بوو بۆ سەر کورددا هات، چونکە ئەوانەی بۆ سەربازی دەبردران بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ چاویان بە ماڵەکانیان نەدەکەوتەوە زۆر جاریش لە ناو دەچوون و نەدەگەڕانەوە. ئەمەش کارەساتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوتەوە، بۆ نموونە گەڕیدەیەکی بیانی دەڵێ(کەمی ژمارەی رەگەزی نێر لە شاری “سەعەرد” هەستی پێدەکرێ).
هەروەها باروودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە لە ژێر دەسەڵاتی قاجاری (ئێران)دا بوو لەم بەشەی باسمان کرد باشتر نەبوو، تەنانەت کوردان لەوێ بەدەست ستەمی مەزهەبیش دەیانناڵاند، چونکە ئەوان سوننە بوون و دەوڵەتیش شێعە بوو.
باروودۆخی هۆزەکان:
هەوڵەکانی عوسمانی و ئێرانی بۆ زاڵبوون بە سەر هۆزە کوردەکان وەک کرداری لە ناوبردنی میرنشینەکان سەرکەتوو نەبوو. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەم دوو دەوڵەتە نەیانتوانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ بسەپێننە سەر ئەو هۆزانەی کە زۆربەیان ڕەوەند یان نیمچە کۆچەر بوون. لەپاڵ ئەمەشدا بەهێزی(پایبەنبوونی هۆزایەتی) لای رۆڵەکانی ئەم هۆزانە و ملکەچ نەکردنیان بۆ بێگانە وای کرد ئەم هەنگاوە سەر نەگرێت. بۆیە قەوارە هۆزایەتیەکان لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک هۆزەکان مانەوە و نەکەوتنە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی عوسمانی و ئێرانی. ئەم لایەنەش لە بەرژەوەندی کورد دابوو بەتایبەتی کە ئەو هۆزانە دواتر بوونە کەرەستەی ڕاپەڕینە کوردیەکانی ئەم سەردەمە.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.خالد مەمحمود کەریم ،دەوڵەتی وعوسمانی و عەشیرەته کوردەکان لە کوردستان باشوور 1869-1914.
2.پ.ی.د ابوبکر دێوانە بالەکی،مێژووناسی ئیسلام
3.د.عەبدوڵلا، کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.