ستراتیجیەتی مەسرور بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان

فرسەت سەید شکور
٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢

سەرەتا

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە، میتۆدی سەرەکیی پێشکەوتن و مانەوەی ھەر دەوڵەت و وڵاتێکن. بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگکارانە، ئەستەمە دۆخی ئابووری بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت، جیالەوە، لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەرھەنگی، ھتد..) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرنگ و پێویستە.

ئیتاڵیا و ھەرێمی کوردستان

ئیتاڵیا دەوڵەتێکی کاریگەرە، ژمارەیەکی بەھێزی نێودەوڵەتی و ئابووری و سیاسەتی جیھانییە. بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە پێگەیەکی تۆکمەی لە ئەوروپادا ھەیە،لە ساڵی 1958وە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە تا ئێستا 12 جار سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپای کردووە.
لە پاڵ ھەموو ئەوانەش ژمارەیەکی بەھێزی ناتۆ و وڵاتانی G7ـە.
ھەر گۆڕانکارییەک لەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی جیھانی و بەتایبەت ئەوروپاوە ھەیە، ئیتاڵیا لە شەڕی داعش بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەک، یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی دا، جگە لەوە تا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام بووە، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو مەشق و راهێنانی هێزەکانی ئیتاڵیا بە پێشمەرگە دەستپێبکاتەوە، ئیتاڵیا وەک یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به‌ داعش، رۆڵێکی کاریگەری بینی لە هاوکاریکردنی ‌‌هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

ڕۆڵی (سەربازانی ئیتاڵیا) زیاتر مەشقپێکردن و راهێنان و فێرکردنی تەکنیکی نوێی شەڕ بوو بە هێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق
ئیتاڵیا لە شەڕی داعش، بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەک هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کرد، بەتایبەت بە پێدانی چەکی دۆشکەی پێشکەوتوو.

سەرەتای پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و ھەرێمی کوردستان
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 کاتێک سەرۆک بارزانی لەگەڵ (بێرلسکۆنی) سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. دیارە، فراوانبوونی ئەو پەیوەندییانە ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو ھەنگاوەیە. ھاوکات (سەرۆک بارزانی) لە ساڵانی 2012 و 2014 و 2015 سەرۆک بارزانی بەردەوام لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا کۆبووەتەوە.
ئیتاڵیا کونسڵخانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە وەک ھەنگاوی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان.
لە ڕووی ئابوورییەوە؛ وا چاوەڕوان دەکرێت پاش سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا چەندان کۆمپانیای دیکەی ئیتاڵی بێنە ھەولێری پایتەخت، جیالەوەی ژمارەیەک کۆمپانیای نەوت لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

نەھێشتنی سەرچاوە داراییەکانی داعش

یەکێک لە ستراتیج و بەرنامەکانی ئیتاڵیا ھاوشان لەگەڵ ئەمریکا و سعوودییە ووشکردنی سەرچاوە داراییەکانی داعشە، ئیتاڵیا ھەرێمی کوردستان وەک بەرگریکارێکی گەورە دژی فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش دەبینێت، بۆیە مەبەستییەتی کە ھاوئاھەنگی زیاتری لەوبارەیەوە لەگەڵدا بکات.

پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئەوەی ڕاگەیاندبوو، لە ساڵی 2017دا ئیتاڵیا زیاتر لە 800 سەرباز و راهێنەر و مەشقپێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەی راوێژکار و سەربازانی ئیتاڵیا نزیکەی 280 راوێژکار و سەربازە.
بەجۆرێک تاوەکو کانوونی دووەمی 2017 ئیتاڵیا را‌هێنانی بە حەوت هەزار پێشمەرگە کردووە

بەردەوامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

خاڵێکی دیکەی کە شیاوی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، ئاماژەدان بە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کە تا ئێستاش ئیتاڵیا، ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشێکی کارا و گەورەی خۆی لە بەگژاچوونەوەی ھەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەناوچە دێنە پێش، دەبینێت، لە پێشووتریشدا (جۆرجیا میلۆنی) ئاماژەی بەوەداوە کە ھەست بە ئاسایش و سەقامگریی لە ھەرێمی کوردستان دەکات، خستنەڕووی ئەم ڕاستییەش بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دونیای دەرەوە دەرگای دیکەی باشتری دیپلۆماسی بەڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە.
ھەروەھا لەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی زێدەترکردنی ھاوئاھەنگی و نێوان ھەرێم و ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ھاوکات فراوانتکردنی ئەو پرۆژە مرۆییانەی کە بە سەرپەرشتی بەرنامەی ھاریکاری ئیتاڵی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لەگەڵ ئەو پێکەوەژیان و ئاشتییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بووەتە نموونەیەکی بەھێز کە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی جیھان بەردەوام ئاماژەی پێدەدەن.
کەرتێکی دیکەش لەو کەرتانە بواری گەشتوگوزارە کە ئیتاڵیا بەھۆی پێگە جوگرافی و مێژووییەکەی پێگەیەکی گەشتیاری بەھێزی لە جیھاندا ھەیە، خوازیارە کە ھەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی ئەوان وەک دەوڵەتێکی گەورەی گەشتیاری ببینێت.

ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان

پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.
دواین دوو سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و سەردانی پێشووتری سەرۆکی ھەنگاریاش جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم.

پوختە

جیهانی سیاسەتی نوێ، دروستکردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش، بەندە بە مسۆگەرکردنی دانپێدانان، لە ڕێگه‌ی برەودانی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەت ڕوون و گشتگیری و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان، وریایی لە مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێدەکدەھێنێت، کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامە لەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.