▪ د.شێروان شەریف” وەک ئەنجومەنی زانکۆی سۆران رێککەوتووین رۆژانی پێنجشەممە بەجلی کوردی دەوام بکەین”.

د.شێروان شەریف” وەک ئەنجومەنی زانکۆی سۆران رێککەوتووین رۆژانی پێنجشەممە بەجلی کوردی دەوام بکەین”.
“دەبێت گشت رۆژەکانی ساڵ ببن بەرۆژی جلی کوردی”
محەممەد مەحموود – سۆران :
سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سۆران رێککەوتوون هەموو رۆژانی پێنجشەممە بەجلی کوردی بچنە سەرکار و دەوام بکەن، ئەمەش وەک سەرۆکی زانکۆی سۆرا ن ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت ” وەک گەلی کورد یەکێک لە شانازییەکانمان بوونی جلو بەرگی تایبەت بەخۆمانە و جلێکی شیاوە بۆکاری فەرمیش لەبەربکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ زاری کرمانجی د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران گووتی ” سەرەڕای کاری زانستی و توێژینەوەی زانکۆ، لە هەمان کاتدا زانکۆکان بەرپرسن لە بەرز ڕاگرتنی ئاستی زانستی و ئاراستەکردنی قوتابییان بەرەو ڕێگا ڕۆشنەکانی زانست و پەروەدەکردنیان بە ئەخلاقی ئەکادیمی، ناکرێ لایەنی مرۆڤسازی و نیشتیمان دۆستی فەرامۆش بکرێ. لەسەر بنەمای ئەوەی کە گشت مرۆڤەکان یەکسانن، لە هەر نەتەوە و ئایینێک. ئێمەش وەک کورد و کوردستانی لە هیچ نەتەوەیەکی ئەم زەمینە کەمتر نین، خاوەن مێژوویەکی قووڵ و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندین. یەکێک لە شانازییەکانمان پۆشاکەکانمانە کە ستایل و شێوازی جۆراو جۆرمان هەیە، کە گشتیان شیاون بۆ کاری فەرمی لەگشت ڕوویەکەوە.
د. شێروان شەریف، باس لەوەشدەکات د کەوا لە ساڵێ یەک رۆژ بەس نییە بۆجلی کوردی، ئەگەر بڵێین تەنها یەک ڕۆژ لە ساڵدا ڕۆژی جلی کوردییە، ئەی ڕۆژەکانی تر چین؟ ئایا جلی کوردی تەنها بۆنەیەکە بۆ یادکردنەوەی ئەم جلە؟ ئایا لەناوچووە بۆیە یادی دەکەینەوە؟
سەرۆکی زانکۆی سۆران خۆی وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوەو دەڵێت ” لەم ڕووانگەیەوە، ئێمە لە ئەنجومەنی زانکۆی سۆران ڕێککەوتووین کە ڕۆژانی پێنجشەممە بە جلی کوردییەوە دەوام بکەین، تەنانەت ئەگەر وانەو بۆنەی فەرمی و نێودەوڵەتیشمان هەبێ. ئەمە ئیجباری نییە ، بەڵام ئارەزوو دەکەین گشت مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابیانیش بەشداربن و لە دەرەوەی زانکۆش خەڵکان بەم کارە هەڵبستن. بەڵکو گشت ڕۆژەکانی ساڵ ببن بە ڕۆژانی جلی کوردی و ئەم جلەش ببێت بە پۆشاکی فەرمی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.