هێزی دراو و قەیرانی ئێستای ئابوری عیراق
نەوزاد محەمەد
دراوی هەر وڵاتێک هێزی خۆی لە چەند خاڵێک وەردەگریت، وەکو ژێر خان و گەشەی ئابوری، هەبوونی سامانە سروشتیەکان و بە تایبەتی پترۆل، شوێنی جوگرافی، هێزی سەربازی.
دراوی دۆلاری ئەمریکی یەکێکە لە دراوە بەهێزەکان لەسەر ئاستی جیهان، کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئابوری جیهان بە گشتی، زۆربەی وڵاتان جگە لە دراوی فەرمی خۆیان، تا ڕادەیەک ئابورییان بەستراوە بە دۆلار.
بەرز بوون و نزم بونەوەی بەهای دراوی ناوخۆیی هەر وڵاتێک بەرامبەر بە دۆلار، پەیوەندی بە چەند خاڵێکەوە هەیە، وەکو بودجەی وڵات، قەزی دەرەکی، سیاسەتەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەوە هەیە.
جگە لەم خاڵانەش، پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی هەر وڵاتێک لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی و ڕادەی هاوپەیمانی و یان دژایەتی بەرامبەر بە ئەمریکا، ئەوەش کاریگەری خۆی دەخاتە سەر هێزی دراوی فەرمی وڵات بەرامبەر بە دۆلار، خودی ئەمریکا ئەو خاڵە لەبەرچاو دەگریت و کاری لەسەر دەکات.
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق بگرە لە ساڵی ٢٠٠٣ و بە دواوە، لە ئاست سیاسەت و پەیوەندیە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکان، سیاسەتەکانی عیراق بە تایبەت بەرامبەر بە ئەمریکا، ڕادەی پابەند بوونی عیراق بە رێکەوتنەکان، پاراستنی سەروەری عیراق و ڕێگری کردن لە دەستتێوەردانی دەرەکی، سیاسەتی ئابوری و گەشەکردن لە پێناو بەدەست هێنانی هاوسەنگی و بەرز کردنەوەی بەهای دراوی عیراقی، لە ئاست ئەم هەموو خاڵانەدا، عیراق شکستی هێناوە و بەیتوانیوە وەکو پێویست خومەت بە گەلانی عیراق بکات.
بەڵکو بە پێچەوانەوە، تەواوی حکومەتەکان ملکەچی سیاسەتەکانی ئێران بوونە، دوژمنی سەرەکی ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهان بە گشتی، ملکەچ بوونی رێژەی هەرە زۆری حزبە شیعیەکان بە فەرمانەکانی ئێران و دامەزراندنی هێزی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا لە پێناو زیاتر سەپاندنی ئیرادەی ئێران، سیاسەتی روخاندنی ئابوری عیراق لە تەواوی سیکتەرەکانەوە، دژایەتی کردنی ئەمریکا و رۆژئاوا، وەستان لە دژی سزا ئابوریەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، لە کۆتاییشدا ناردنی بڕی هەرە زۆری دراوی یەدەکی عیراق لە دۆلار بۆ ئێران و خولقاندنی ئەو قەیرانە لە بەرز بونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار عیراقی کە تا ئێستا گەیشتۆتە ئاستی ١٥٥٫٠٠٠ سەد و پەنجاو پێنج هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی و بەرەو زیاتر بەرزبونەوەیە.
هەندیک لایەنی عیراق پێشنیاری جیاوازیان هەبووە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، کە هەر خۆیان خوڵقاندویانە، بەڵام ئەم لایەنانە سیاسەتەکانی ئێران جێ بە جێ دەکەم و پێشنیارەکانیشیان تەنها سوڕانەوەیە و مەبەستیان زیاتر شکاندنی بەهای دینارە.
دەیانەوێ دۆخی ئابوری عیراق، بگاتە ئاستی ئەو داڕمانەی کە ئێران و سوریا و لوبنان دووچاری هاتوون، لەبەر ئەوەی عیراقیش بەشێکە بە هێڵی بەرگری ئێران وەکو سوریا و لوبنان و دەبێ بە هەمان دەردی ئەوان بڕوات.
تاکە چارەسەر بۆ ئەم قەیران و هەڵاوسانە ئابورییە، گۆڕانکاری بنەڕەتی یە لە سیستەمی حوکمرانی و پاکسازی سیاسی لە عیراق، ئەم هەوڵەش تەنها بە دەستی خودی گەلانی عیراقەوە دەکرێت لە ناوەڕاست و باشوری عیراق، ئەگر نا چاوەڕێی ئەوە نەکرێت کە بەم زووانە چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەم قەیرانە ئابوریەی رووی لە عیراق کردووە.
با ئەوەش روون بێت کە ئەمریکاش ئەم هەڵە دەقۆزتەوە و ئەویش بە لای خۆیەوە کاری خۆی لەسەر دەکات لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.