گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو و، بەیانی هیچ مەترسییەکی روودانی لافاو لە هیچ شوێنێکی کوردستان نییە. دەشڵێت، لە دەڤەری گەرمیان و بەشێکی پارێزگای سلێمانی پێشبینیی بارینی بارانی زیاتر دەکرێت لە هەولێر و دهۆک.
شەوی چوارشەممە، 4-1-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمشەو و پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەمشەو و رۆژی پێنجشەممە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت لە چەند شوێنێکیش بەفر ببارێت، بەڵام بارانبارینی ئەمشەو و بەیانی هیچ مەترسییەکی روودانی لافاوی لێناکرێت.”
دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پێشبینییەکانیان، چاوەڕوان دەکرێت ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی بەو شەپۆلەی بارانبارین کاریگەربن و لەو ناوچانە زیاتر باران بارێت و لە هەولێر و دهۆک کاریگەرییەکە کەمترە، بەڵام لە بەشی زۆری ناوچەکانی کوردستان باران دەبارێت و لەسەر لووتکەی شاخەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت.
بەهۆی بارانبارینەوە لە ساڵی 2021 و 2022، چەند جارێک لە چەند ناوچەیەک بە تایبەت لە شاری هەولێر لافاو دروستبوو و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوت.
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەفربارینەوە، قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، لە سەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە بکرێتە پشوو.
ئەمڕۆ بەهۆی بارینی بارانی زۆرەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، بکاتە پشووی فەرمی و لە چەندین ناوچە و پارێزگای عێراق لافاو دروستبوو و ئاستەنگیش بۆ هاتووچۆ دروستبوو.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.