▪ شێخ ئەحمەدبارزانی،فەرهەنگسازێکی نەتەوەیی……
زێ بادینان،دهۆک بەرۆژی:
“ئەمڕۆ نیو سەدە بەرسەر كۆچی دوایی مرۆڤێكی ڕوحی و كاریگەری مێژووی كوردا تێدەپەرێت كە شێخ ئەحمەدی بارزانییە.”
ئەمڕۆ54 ساڵیادی كۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی، ڕێبەری دیاری بزاڤی شۆڕشگێڕی و دادپەروەری و ژینگەدۆستیی كوردستانە، كە تەمەنی خۆی لەپێناو بەرگریی لە ناسنامەی كورد و كوردستاندا بردەسەر و نموونەیەكی باڵا بوو لە دادپەروەری و ژینگەپارێزی و پێكەوەژیان.
شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ساڵی ١٨٩٢ لە ناوچەی بارزان لەدایك بووە و دوای لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلامی براگەورەی، دەبێتە ڕێبەری تەریقەت لە تەكیەی بارزان.
لە ساڵی ١٩٣١، بەهۆی ناكۆكییەكان لەگەڵ حكوومەتی ئەوسای عێراق، شەڕ لە نێوان هێزی بارزانییەكان و سوپای عێراق هەڵدەگیرسێت، شێخ ئەحمەد بارزانی سەرپەرشتیی ئەو شۆڕشەی بارزانییەكان دەكات.
شێخ ئەحمەد بارزانی لە زۆر قۆناغی جیا جیادا بەشدار و ڕێبەری ڕاپەڕین و شۆڕشەكان بووە، حكوومەتی ئەوسای توركیا، كە ئەوكات شێخ ئەحمەد بارزانی و هاوەڵەكانی دەربازی توركیا ببوون، بە تۆمەتی بەشداریكردنی شێخ ئەحمەد بارزانی لە شۆڕشی ئارارات، خۆی و هەڤاڵەكانی ڕادەستی بەغدا دەكاتەوە، حكوومەتی عێڕاقیش بۆ شارەكانی باشووری دوور دەخاتەوە و پاشان لە ساڵی ١٩٣٦ دەهێنرێتەوە بۆ بەغدا. تا لە ساڵی ١٩٤٤ بڕیاری دوورخستنەوەی هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەگەڕێتەوە زێدی باب و باپیرانی خۆی لە بارزان.
كاتێك كۆماری كوردستان لە مەهاباد ڕادەگەیەنرێ، بارزانییەكان بە ڕابەرایەتیی ڕۆحیی شێخ ئەحمەد بارزانی و بە هاوەڵیی مستەفا بارزانیی برای و هێزێكی ئازای بارزانییەكان و بە خانەوادەكانییانەوە، بەشدار و پاڵپشت و پارێزەری ئەو كۆمارەی كوردستان دەبن و لاپەڕەكانی مێژووش پڕە لە داستانی قارەمانی و هەڵوێستی جوامێرانە و خۆڕاگرانەی بارزانییەكان لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پارێزگاریی لە كۆماری كوردستان لە مهاباد.
كاروانی شۆڕش و قوربانیدان درێژە و پارێزەرانی كوردستان، بەتایبەت هێزی بارزانییەكان لە سەنگەری پارێزگاریی لە كۆمار و لە خاكی كوردستان بەردەوام دەبن، تا ئەو كاتەی كۆمارەكە دەڕووخێ و پێشەوا قازی محەمەد و هاوەڵانی لە سێدارە دەدرێن، ئەوكات مستەفا بارزانی و یاوەرانی بەرەو یەكێتیی سۆڤیەتی ئەوسا دەكەونە ڕێ و لە ڕووباری ئاراس دەپەڕنەوە، بەڵام شێخ ئەحمەد بارزانی بۆ پاراستنی گیانی ژن و منداڵەكان، خۆی ڕادەستی عێراق دەكاتەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ وڵات، حكوومەتی عێراق بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی دەردەكات، بەڵام دوای سێ ساڵ، بڕیارەكە دەگۆڕێ بۆ زیندانی تاهەتایی و تا ساڵی ١٩٥٨ لە زینداندا دەمێنێتەوە.
دوای كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨، شێخ ئەحمەد بارزانی لە زیندان ئازاد دەبێت و مستەفا بارزانی و یاوەرانی لە یەكێتیی سۆڤیەت دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، بەمەش قۆناغێكی دیكە لە ژیانی ئەو ڕێبەرە مەزنە دەست پێ دەكات.
شێخ ئەحمەد بارزانی دەگەڕێتەوە بارزان و خۆی تەرخان دەكات بۆ كاروباری ئایینی و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكە و ڕۆڵی زۆر گەورە دەبینێت لە چاكسازی و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی، كە تا ئێستاش ڕۆڵی هەریەكە لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی بەسەر ڕەوشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان و ژینگەی ناوچەی بارزانەوە دیارە و بووەتە نموونەیەكی هەرە باڵا لە ژینگەپارێزی و سروشتی جوان و گونجان لەگەڵ تەواوی توخمەكانی ناو ژینگە، بە سەوزایی و دارودرەخت و گیانەوەر و مەل و پەلەوەرەوە، كە لەسەر ئاستی ناوچەكە بەگشتی باشترین نموونەی سروشت و ژینگەی پارێزراوە، سەرەڕای پابەندیی كۆمەڵایەتی و نەریتە جوانەكانی كوردەواری و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاجیاكانی ئایینی و نەتەوەیی.
قۆناغی ژیانی جەستەیی مرۆڤەكان ڕۆژێك كۆتایی دێ، بەڵام هەندێ مرۆڤ هەن، كە ڕۆحی ئەوان ڕێبەرایەتیی خەڵكیان كردووە و لەدوای خۆشیاندا هەڵوێست و كردەوە و خزمەتەكانیان، ناویان بەزیندوویی دەهێڵنەوە، بۆیە ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٦٨ تەندروستیی شێخ ئەحمەد تێك دەچێت و بۆ چارەسەری دەبردرێتە بەغدا و پاشان لە ١١ی ١ی ١٩٦٩ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا كۆچی دوایی دەكات، بەڵام هێشتا و بۆ هەمیشە كردەوە و وانە و دەسكەوتەكانی شێخ ئەحمەد بارزانی بۆ ناوچەكە و بۆ كوردستان بەگشتی هەر ماونەتەوە و هەر دەمێننەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.