سیاسەتی لۆژیکانەی مەسرور بارزانی و چارەسەری گرفتەکان

فەرسەت سەید شکور

سەرەتا

ڕۆژی چوارشەممە ١١/١/٢٠٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد. بنەمای سەردانەکەی سەرۆک وەزیران دەگەڕێتەوە بۆ رەخساندنی زەمینە لەپێناو چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، کە ماوەیەکی زۆرە بە چەقبەستوویی ماونەتەوە و ماوە دوای ماوە سەر هەڵدەدەنەوە، هەروەها نیشاندانی نیازپاکی و پاڵپشتی لە حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای یەکدی قبوڵکردن و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان کە ئەوەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هاتووە، لە رابردووشدا، هەوڵەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق دیار و بەرچاوە لەپێداگیریی و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سڵی نەکردووتەوە و ئەگەر لەیادیش نەکەین لەو کاتانەی بە پیلان و بەرنامە هەوڵی ملکەچکردنی هەرێمی کوردستان دەدرا، سیاسەتی بوێرانەی مەسرور بارزانی وایکرد کە فشارەکان کاریگەری لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەکەن.

مەسرور بارزانی لە یەکەم سەردانی بۆ بەغداد دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق لەگەڵ محمد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. خاڵی گرنگ و سەرەکی کۆبوونەوەکانیش بریتیی بوون لە چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور و سازان و لێگەیشتنی ئاشتییانە بەتایبەتیش تاوتوێی پرۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵی و پشکی هەرێمی کوردستان لەو نێوەندە هاوکات ئەو ئامادەکارییانەی بۆ پرۆژە یاسای نەوت و گاز لە فیدراڵی دەکرێت، تەوەرێکی گرنگی دیکەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بریتیی بوو لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی هێزی پێشمەرگە و بەجێگەیاندنی رێککەوتنامەی شنگال. لە ئێستاشدا کوردستانیانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە خۆشحاڵییەوە لە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان و ئاساییکردنەوەی هەموو ناوچەکانیان دەروانن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی خوازیاری پەیوەندی ئاشتی و دۆستانە بووە لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، هەرچەندە دەستی دەرەکی و ناوخۆیی بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆز و ناسەقامگیر بکرێت، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم وایکردووە، کە چارەسەری هاوکێشە قورس و پڕ ئاستەنگییەکانی هەولێر و بەغداد لە قۆناغی مەحاڵ بێتە دەرەوە و ئیدی دەرچەیەک بۆ کردنەوەی گرێیە ئاڵۆزەکانی رابردوو هەبێت.
لەکاتێکدا ھەرێمی كوردستان کە بە ھەموو توانای خۆی ھەوڵی داوە خۆی لە ململانێ ناوچەیی و جیھانییەکان بپارێزێت و نەبێتە لایەنگری ھیچ لایەک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لە ڕاستیدا ئەگەر بنکۆڵکاریی ئەم دۆخە بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەندە قورس و هاوكات مایەی دڵخۆشییشە حکوومەتی كوردستان لە بنیاتنان و ھەنگاونان بەرەو جیھانیبوون بەردەوام بێت، و لەلایەک هەوڵدەدات هاوسەنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕابگرێت کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. لەلایەک لە قۆناغی چاکسازی و پاکسازیدایە و نایەوێت بابەتی بچووک و نالۆژیکی ببنە مایەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق.
کۆبەند
بە دروستی دەگەینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای (ئالنگارییەکان، ناکۆکییەکان، گرفتەکان) حكوومەتی هەرێمی لە پێشخستنی كوردستان بەردەوامە، راستە كە لە ھەندێک بەش و سێکتەری دیکەی حکومڕانی ھێشتا زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری گرفتە کەڵەبووەکان ھەیە، بەڵام ڕەنگبێ خوگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی جیھان و ناوچەكەی تێ کەوتووە، بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا لەلایەک و گۆرانی هاوکێشە جیهانییەکان ئاسان نەبێت، لێ كاركردن و هەنگاونان بەردەوامە.
کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی و گرنگترین خاڵیش بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەکەم) مێژووش ئەوەی سەلماندووە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لە ئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.