پەیامی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەم كاتە زۆر گرنگ و پێویست بوو
پ.ی.د.ئەبوبکر دێوانە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوردی تیشكی خستۆتە سەر كرۆكی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەوردی هۆكاری كێشەكانی روونكردۆتەوە، پەیامەكەی سەرۆك حكوومەت كۆمەڵێك خاڵی گرنگی تێدایە، كە ئەم پەیامە بۆ ئەم كاتە زۆر گرنگ و پێویست بوو، چونكە ئێمە لە كوردستان بە بارودۆخێكی سەختی سیاسی تێدەپەڕین ناوچەكە لەبەردەم دوڕیانێكی نادیارە، كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند لە بارودۆخێكی نادیارە یارییە سیاسییەكانی حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و پەشیمانبوونەوەیان لە بەڵێنەكانیان و دروستكردنی كۆسپ بۆ مافە دەستووریەكانی هەرێم و خەڵكی كوردستان بەتایبەت لە نەناردنی شایستە داراییەكان وا دەخوازێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشت بەخۆی و داهاتەكانی ببەستێت ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە كۆنترۆڵكرنی داهاتەكان و بوونی شەفافیەت لە كۆی داهاتەكان بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و بەردەوام بوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەپێی توانا و داهات ئەمەش بەمەركەزیەتێكی بەهێزی حكوومەتی كوردستان دەكرێت وەزارەتی دارایی چۆن لەسەری پێویستە مووچەی هەموو كوردستان دابین بكات بەهەمان شێوەش لەسەری پێویستە كونترۆڵی هەموو داهاتی كوردستان بكات و حكوومەت سەرپەرشتی داهات بكات نەك حیزب وتاقمێكی سیاسی دیاریكراو.
دێوانە، دەشڵێ: سەروەری حكوومەت لەوە بەدیار دەكەوێت كە بەرپرس بێت لە دابینكردنی دادپەروەری و سزادانی تاوانباران لە هەر كەیسێكی تاوان ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بەتیرۆر ئەوە دەستبردنە بۆ پێشێلكردنی سەروەری ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان لەم حالەتەش دەبێت هەموو دەزگاكانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان هاوكار بن بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و دەستگیردنیان و بەسزاگەیاندنیان و بۆ رای گشتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئاشكرا بكرێت ئەگەر بەم شێوەیە كار نەكرێت خەڵك لە دڵەراوكێیەكی مەترسیدار دەژین هەست بە ئارامی و ئاسایشی دەروونی خۆیان ناكەن و پاشاگەردانی دروست دەبێت ئەمەش یەك ناگرێتەوە لەگەڵ بنەماكانی دەوڵەتی مەدەنی و حوكمی رەشید.
دكتۆر ئەبوبەكر دێوانە، مامۆستای زانكۆ، ئاشكراشی كرد: كرۆكی رێگری ودروستكردنی كۆسپ تەگەرە بۆ كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدیدی ئێمە دەگەرێتەوە بۆ چەند خاڵێك، یەكەمیان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوە ناسراوە كە زۆر جددییە لە كارەكانی لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتیش لەسەر ئەو وەرقە سیاسییە رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كە دەبێت حكوومەت، حكوومەتی هەموو كوردستان بێت و ئاسەواری دوو ئیدارەیی لە كوردستان نەهێڵدرێت بۆیە نایانەوێت حكوومەتێكی بەهێزی سەرتاسەری لە كوردستان بوونی هەبێت ئەمەش مەدلولی سیاسی ئەوە دەگەینێت كە نابێت هەرێمێكی سیاسی بەهێز لە كوردستان بوونی هەبێت، لەو بابەتە مەترسیدارەش گومان لەوەنییە كە یارییەكی خەتەرناكی نێودەوڵەتی بوونی هەیە و كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە دوو ئیدارەیی لە كوردستان زەق بكرێتەوە، دووەم بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ مەركەزیەتی حكوومەت لە كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیەكان لە دەروازە سنووریەكان رامانێكی روونی هەیە كە دەیانەوێت بەهێزی خۆیان بەبوونی داهاتێكی باش ببستنەوە و بەكارهێنانی بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، سێیەم بابەتەكە پەیوەستە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان و رێگریەكان لەو پرۆسەیە دەرخەری ئەوەیە كە كێشە سیاسییەكانیان و ترسیان لە ئەنجامەكەی و گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی و دەركەوتنی هێزی نوێ گرنگترین هۆكارن بۆ دروستكردنی بەربەستەكان.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، زیاتر دەڵێ:” دەبێت كوردستانیانە بیر بكەینەوە بەرژەوندی گشتی و كوردستان لای ئێمە گەورەتر بێت لە بەرژەوندی حیزبی، چونكە ئێمە هەموومان لە كەشتییەك داین لە زەریاكی پڕ لە مەترسی شەپوڵەكانی دەریا زۆر بەهێزن، ئەگەر هەموومان پارێزگاری لە كەشتیەكەمان نەكەین ئەنجامەكەی بەدڵی ئێمە نابێت”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.