ئەم جارە جی لە هەگبەی مەکگۆڕک دا هەیە
نەوزاد محەمەد
ئەمڕۆ رۆژی سێشەمە رێکەوتی ٢٠٢٣/١/١٧، برێت مەکگۆڕک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایش لە رۆژهەڵاتی و ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، بە یاوەری شاندیکی سیاسی و دیبلوماسی، گەیشتە هەرێمی کوردستان و چاویان بە جەنابی ڕابەر و سەرۆک بارزانی کەوت.
هەرچەندە لە قۆناغەکانی پێشتر مەکگۆڕک هەڵوێستێکی نەرینی هەبووە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵام دیارە ئەم هەڵوێستەی کاریگەری نەکردووتە سەر سیاسیەتی گشتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.
ئەم سەرەدانەی مەکگۆڕک و شاندی ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە جیهان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی بە دۆخێکی ناسەقامگیر تێدەپەڕێت وە پێشبینی دەکرێت هەگبەی مەکگۆڕک چەند پرسێکی گرنگ لە خۆ بگرێت، وەکو ..
– شەری رووسیا و ئۆکراینا وکاریگەریەکانی بەسەر ئابوری جیهان.
– پرسی وزە و گاز بە تایبەت لە دوای ڕاگرتنی رووسیا هناردە کردنی گاز بۆ ئەوروپا.
– ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
– شەڕی تیرۆر
– پرسی دیموکراسی
– پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
بە دوو خاڵ مسۆگەر کردنی ئەم پرسانە دەسەلمێنین کە لە هەگبەی مەکگۆڕک دا بوونیان هەبووە ..
یەکەم : دووپات کردنەوی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان.
دووەم : جەخت کردنی جەنابی ڕابەر و سەرۆک بارزانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژانەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەم دوو خاڵە سەلمێنەری گرنگی دانی ئەمریکایە بە هەرێمی کوردستان، لە تەواوی بوارەکانی ئابوری و سیاسی و دیبلوماسی و لەشکری، بێ گومان پرسی دیموکراسی لە ناوچەکە زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا.
لە ئەنجامدا، دەتوانین بڵێین کە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی دەبێت لە ستراتیجیەتی ئەمریکا و بگرە جیهان بە گشتی، ئەوەش نەک وەکو بەخششێک پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵکو پێکەی جیوپۆلۆتیکی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان ئەو کاریگەریەی دروست کردووە و بوەتە بەشێکی گرنگ لە پرسی سیاسی و ئابوری لە ناوچەکە و ئەو ڕۆڵەی چاوەڕوان دەکرێت کە ببێتە سەنتکەرێکی گرنگی جیهانی لە بواری ئابوری و ووزە.
بە گومان بە دەست هێنان و پاراستنی ئەم پێگەیە کارەێکی ئەوەندە ئاسان نابێت، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارەتیەکی گەورە دەخاتە سەر شانی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.
لە لایەک، پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا هەیە، پێویستە لە نزیکترین دەرفەت دا ئاشتەوایی سیاسی لە هەرێمی کوردستان فەراهەم بکرێت، هەرێمی کوردستان خاوەن یەک سیاسەت و گوتاری سیاسی بێت، کە ڕەنگدانەوەی خواست و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بێت و خاڵی هێزی هەرێمی کوردستان بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە لایەکی تر، دەبێ رێگا چارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە، گەڕانەوەی پەیوەندیەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، کە ئەمەیان زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا تا ڕادەیەک گرەوی لەسەر دەکات.
ئەگەر چی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆیدا بووە، بەڵام هەبوونی ڕۆڵێکی نەرینی لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسی لەوانەیە نیگەرانی لای ئەمریکا دروست بکات، وە لە پێناو بەردەوام بوونی پرۆسەی سیاسی لە ناوچەکە پێی ستراتیجیەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، لەوانەیە ئەو لایەنە سیاسیانە بخرێنە بەر ئەمری واقع و لێیان قبوڵ نەکرێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.