▪ کۆمەڵگای مەدەنی و یاسا……

ئەسرین شوانی:

ڕۆژنامە نووس هەر کۆمەڵگایەکی شارستانی و ڕێکخراو لە هەر شوێن و ناوچەو کەلتورێک دا بێت بێ گومان ڕێچکەیە هەیە بۆ گرێ دانی ئەو کۆمەڵگایەو ڕێکخستنی پایە بە پایەی ئەندامان و گروپەکانی ئەو کۆمەڵگایەو ئەوەش بە یاسا ڕێک دەخرێت، کە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوەو بە پێی بەندو خاڵ و ڕێنماییەکانی یاسا و دەستوری ئەو ناوچەو وڵاتە ڕێک دەخرێت، دیارە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی ترو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر،جۆری یاسا جیاوازی هەیە و یاسا بەپێی سیستەمی ئەو وڵات و کەلتوری ئەو ناوچەو کۆمەڵگایە دادەنرێت،واتا لە کاتی دانانی یاساو دەستوری هەر وڵاتێک ڕەچاوی داب و نەرێت و کەڵتوری دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگایەی هەیە یاسا دادەڕێژرێت و کاری پێ دەکرێت.

بۆیە هەرگیز یاسای ئەوروپی و جیهانی پێشکەوتوی ئەسکەندنافیا ناگونجێت لە گەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی جۆری بیرکردنەوەو کەلتورو ئاستی زانیاری ئەو ناوەندانە جیاوازیەکی زۆری هەیە لە ڕوی ئاینی و فیکری و فەلسەفی ئاستی تێگەیشتن و ئەتوانین بڵێن لە ڕووی ئابوریشەوە، کەواتە یاسا بۆ هەر کۆمەڵگایەک و هەر گەل و وڵاتێک دادەنرێت بە پێی ئاستی تێگەیشتن و وەرگرتنی کۆمەڵگاکەی دەبێت، ئەبێت ڕەچاوی باری کەلتوری و ئابوری و ئاینی و ئاستی تێگەیشتن و ڕادەی ڕۆشنبیری ئەو گەلە بکرێت کە یاسای بۆ دادەڕێژی و یاسای بەسەردا دەسەپێنیت، لە بەر ئەوەی ئەوە دەستورو یاسایە کە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا ڕێک دەخات و کەس دەس بۆ مافی کەس نابات و سنوری کەسی تر نابەزێندرێت بە پێی یاسا و هەر کەسێک لەو هێڵە دەربچێت و بە پێی یاسا سنوری ئازادی کەسێکی بەزاند بە پێی یاسا مامەڵەی لە گەڵ دا دەکرێت.

کەواتە یاسا هەموو ئەو گیروگرفتانە ڕێک دەخات کە لە ژیانی ڕۆژانەو بە پێی بەرکەوتنمان ڕووبەڕومان دەبنەوە بۆیە دەبینین کۆمەڵگای کوردیش لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆیەتی پێویستی بەیاساو دەستوری خۆی هەیە ڕاستە ئێمە وەک دەستور سەر بە ئێراق و حکومەتی فیدڕاڵین، بەڵام وەک گەلێکی جیاواز خاوەن کەلتوروو داب و نەڕێت و زمان و خاک و …هتد. پێویستمان بە یاساو دەستوری خۆمان هەیەو نابێت هەر پشت بە یاساو دەستوری ئێراق ببەستین کە دوو بیرکردنەوەی جیاواز و دوو کەلتور و چەندین شتی ناکۆکمان هەیە کە جیاوازیش لە جێبەجێکردنی یاسادا بەرهەم دەهێنێت، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ڕاستی هەرێمی و کەلتورو زمان وئابوری و عورف و عاداتی کوردەواری ببێتە خاوەن دەستوری خۆی و لەسەر ڕاستی کۆمەڵگای کوردەواری یاسا دابڕێژێت و تاکی کوردی بە یاسای هەرێمی کوردستان ڕێک بخات چونکە لە گەڵ ئێراق و حکومەتەکەی جیاوازیەکی زۆر هەیە بۆشاییەک لە جۆری یاسا لەو نێوەندەدا بەدیدەکرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.