▪ شكستی عێراق وعێراقچییه‌كان به‌رامبه‌ر پارتی وكوردستان

رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

گه‌لی کورد بە درێژایی مێژوو لەلایەن ڕژێمه‌یه‌ك دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه‌ چەوسێندراوەتەوە و ھەمیشە به‌ ھاوڵاتی پلە دوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوە، گه‌لی کورد وه‌ك دووه‌م گه‌وره‌ نه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ زۆر خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌و ده‌وڵه‌ته‌ ساخته‌یه‌وه‌ لكێنرا لەسەر دەستی کاربەدەستانی حکومەتی عێراق و رژێمی بەعسی بەسەرچوو ھەموو ئازارێکی پێ تاقیکراوەتەوە، ھەر لە کیمیاباران و ئەنفال و زیندەبەچاڵ تا دەگاتە دەربەدەری و ئاوارەیی، ئه‌سته‌مه‌ گه‌لی کورد به‌ ئاسانی لەبیری بکات و جارێکی دی متمانە بەو عێراق بکات، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا جێگەی داخە عێراقچێتی ھەندێک لایەنی کوردی، مێژووێکی درێژی ھەیە، بەڵام زۆر دوور ناڕۆین، ھەر لە دروستبوونەوەی عێراقی نوێدا دەستپێدەکەین.لە ساڵی 2003 دا گه‌لی كورد وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بوو بۆ بونیاتنانی عێراقی نوێی كه‌ تێیدا مافه‌كانی مسۆگه‌ر بێت و ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقییەکانی کۆکردەوە و دوای کێشمەکێشمێکی زۆر و نووسینەوەی دەستوور و بونیادنانی کایەکانی حکوومڕانی، عێراقیان وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی ناساند.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ وانیشاندرا، کە عێراق بووە دەوڵەتێک، کە تێیدا بنەماکانی فیدڕاڵی و دیموکراسی جێگیربوون و بوونە دروشمێکی باوی سەر زار، کوردیش بە ئومێدەوە لەو دەوڵەتەی دەڕوانی، کە لە دروستبوونیدا کارەکتەرێکی کاریگەر بوو، ڕۆژگار ھات و ڕۆیی، ھەڵبژاردن کرا و پاش ماوەیەکی زۆر حکوومەت کەوتە کار و دەسەڵات و ھێز و ئابووری کەوتە سەرپێی خۆی و سێکتەرەکانی حکومەت کەوتنە خۆ بۆ کارکردن لەپێناو بەدیھێنانی دەوڵەتێکی دادپەروەری سەقامگیری فرەلایەنی فیدڕاڵ، کە ھەمووان بەو ھیوایە شەونخوونیان بۆ دەکرد بەدیاریکراویش کورد، چونکە کورد لەدەست ڕژێمی بەعس زۆر تاڵی و سوێری چەشت بوو.پاش ھەموو ئەمانە، جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتدانی به‌غدا له‌ به‌ڵێنه‌كانیان پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ چونكه‌ بەرپرسانی عێراق وەک خۆی نە گه‌لی کوردیان بەھاوبەشی ڕاستەقینە قبووڵ دەکرد لە حکومەت و نە لە %١٧کەشیان بەتەواوی بۆ دەنارد، ئەمە وێڕای دروستکردنی دەیان لەمپەر بۆ پۆست و پلەکانی بە کورد دەبڕان.سەرباری ھەبوونی بوودجە و داھاتێکی زۆر، بەڵام عێراق تووشی دەیان کێشەی ئەمینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و…ھتد دەبوویەوە و ئارامی و ئاسایش بەتەواوی بۆ خەڵک نەما، لە کوردستانیشدا، ڕۆژانە ھەست بە گەشەی حکوومڕانی، سیاسیی، ئابووری و خۆشگوەزەرانی دەکرا و تەنانەت ھەولێر بووە ناوەندێکی بەھێزی سیاسیی و ئابووری، بەڵام ھەندێک کەس و لایەن لە عێراق و کوردستانیشدا ژانی خێرایی گەشەسەندنی کوردستانیان گرت لەسەر دەستی پارتی و ھێدھێدی بوونە کۆسپ لەبەردەم ناردنی بودجە و ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و لەپاڵ ئەوەشدا، دەیانجار لەسەر ئاستی کەسی و حزبیشیدا خۆیان بەباوەشی بەرپرسانی عێراقدا دەکرد و داوایانلێدەکردن، کە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەولێر نەکەن و بوودجە و مووچەش مەنێرن بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی پارتی شکستی حکوومڕانی بھێنێت و خەڵک لێی تووڕە بێت و خۆپیشاندان بکەن و ئاژاوە و پشێوی جێی ئارامی بگرێتەوە.
ئەو عێراقچیانە بەوەش نەوەستاون، کە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانیان بڕی، ئێستا ھاتوون و پێیان زۆر زیاتر لەبەڕی خۆیان ڕاکێشاوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری کوردستان لە بەرپرسانی عێراق دەکەن، بەو داوایەشیان درێژە بەمێژووی خیانەتەکانیان دەدەن و لەپاڵ ڕادەستکردنی نیوەی خاکی کوردستان بە عێراق، ئەو خیانەتکار و عێراقچیانە، کە بەڕۆژی ڕووناک خیانەت لە گەل و نیشتمان و خەڵکی خۆیان دەکەن، زۆر بێشەرمانە دێن و بەناوی بەرگری لە خەڵک و مووچەخۆران دەیانەوێت پیرۆزیی و خوێنی سەدان ھەزار شەھید و ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی سەدان گوند دووبارە بخەنەوە ژێرپێی عێراقێک، کە کەس جگە لەتاڵی، خۆشی لێنەبینیوە، بەڵام دەبێت ئەو عێراقچیانە، کە زیاتر لە ھەر عەرەبێکی شۆڤێنی بەرگری لە حکوومڕانی عێراق دەکەن بزانن، کە کورد لەسەر بڕینی بوودجە و مووچە و شایستە داراییەکان بێدەنگی ھەڵژاردن، چونکە خەباتی کورد بۆ بوودجە و مووچە نەبووە، بەڵکوو بۆ ئازادی سەرتاسەری و بوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی بووە، کە لەژێر سایەی حکوومی خۆماڵیدا خەونەکانی بێتەدی، بەڵام بۆ نەمانی قەوارەی دەستووری کوردستان لێتان دێتەگۆ و ڕیسوای مێژوو دەبن، مێژووش بەزەیی بەھیچ کەسێکدا نایەتەوە، کە خیانەتکار و دژە گەل و خاک بێت.ئەو عێراقچیانە ھەموو ئامانجێکیان چڕکردووەتەوە بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی پارتی، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانن، کە ئەو ھەموو عێراقچێتییە و خیانەت و یارمەتییەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەدەن، خۆشبەختانە سەرباری نیشاندانی دونیایەک پەرۆشی ئەو عێراقچیانە بۆ عێراقی نوێ، ھێشتا بەرپرسانی عێڕاق وەک خاوەنی قەزیەی کوردی سەیریان ناکات و لە ھەموو دانیشتن و گفتوگۆکانیشیاندا، پێیانوتراوە؛ ئێوە خاوەنی قەزیەی کوردی نین و ماڵی بارزانی خاوەنن.بۆیه‌ ، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ئەو عێراقچیانە دان بەوەدابنێن و چیتر خۆیان بۆ عێراقێک ماندوونەکەن، کە تێیدا جێیان نابێتەوە، ئەو ڕاستییەش درک پێبکەن، کە دۆست و دوژمن گەواھیدەرن، ڕێگەی چارەسەر و دوا بڕیار لەسەر پرسی کورد و کوردستان لەلای سەرۆک بارزانی و پارتییە، بۆیە دوژمنەکانی کوردیش رێگەی چارەسەری کێشەکان بۆ لای سەرۆک بارزانی و پارتی دەبڕن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.