▪ ئایا ژنان و منداڵانی ئەنفالکراوی کورد، ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە بوو کە زیندەبەچاڵ کران؟
ئەنوەر سەید عومەر
کێ ئەنفالی کردی؟
کێ کیمیابارانی کردی؟
کێ منداڵی ساواو ژنی دووگیان و گەنج و پیری کوردی کۆمەڵکوژ کرد؟
کێ ئاڵای کوردستانی خستەژێر پێ؟
هەر ئەو نامرۆڤانەی دەیان و سەدان تاوانیان دەرحەق بە خەڵکی کوردستان کرد، هێشتا دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە ناهێڵن ئاڵای کوردستان لەناو یاریگایەکدا بەدەستی گەنجێکەوە بشەکێتەوە کە دەیان کیلۆمەتری بڕیووە و چووە بۆ هاندانی هەڵبژاردەکەی ئەو بۆ بردنەوەی جامی کەنداوی عەرەبی!
ئێمە لەو بیابانەی سەماوە لەسەر گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانی کورد بانگەوازێکمان بڵاوکردەوە و ووتمان:
وەرن بە چاوی خۆتان ببینن کە هەر چوار منداڵ و پێنج منداڵ و شەش منداڵ دامێنی کراسە کوردییەکانی دایکیان گرتووەو پێکەوە گوللە باران کراون و منداڵەکان لەتاوی دەستڕێژی گوللەی جەللادەکان خۆیان داوەتە پاڵ دایکیان و هەر هەموویان بەسەریەکدا شەهید کراون و ئێسک و پروسکی پیرۆزیان تێکەڵ بە یەکتری بووە، ووتمان وەرن ببین کە چۆن هێشتا دایکانی کورد منداڵە ساواکانیان لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا توند توند لە ئامێزگرتووە و ئێسک و پروسکی دایک و منداڵی ساوای باوەشیان تێکەڵ بەیەکتری بووە.
ئێمە هاوارمان کرد، بەڵام جگە لە چەند رۆژنامەنوسێک و چەند ئەندام پەڕلەمانێکی کورد کە بەپەنجەی یەک دەست دەژمێردران، کەسی تر نەهات بەدەنگی ئەو هاوارەوە، هیچ نوێنەر و باڵوێزێک تەشریفیان نەهێنا، سیاسیەکان و هونەرمەندان و سینەماکار و دەرهێنەر و جگە لە ژمارەیەک کەسوکاری قوربانییەکان هیچ کەسی ترمان نەبینی، بۆ چەند رۆژێک وەکو تراژیدیاترین تابلۆی جیهان گۆڕە بەکۆمەڵەکە کە روفاتی ١٧١ ژن و منداڵی ئەنفالکراوی کوردی تێدابوو واڵامان کردبوو ، هەر چاوەڕوان بووین بێن و کەس نەهات؟!
٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ دەبێ ئەوان لەو بیابانانەدا بێکەس و تەنها وەکو زوڵملێکراوترین مرۆڤی سەر ئەم هەسارەیە لەچاوەڕوانیدان و کەس نەچوو بەلایانەوە.
نەتەوەیەک ئامادەبێ بۆ کەیف و سەفا و هەڵپەڕکێ چەندین کیلۆمەتر ببڕێت و هانی هەڵبژاردەی ئەو دەوڵەتە بدات کە جینۆسایدی کردووە، ئەو دەوڵەتەش نەک ئامادە نەبێ قەرەبووی قوربانییەکانی بکاتەوە بەڵکو ئامادە نەبێت داوای لێبوردن لە رووحی قوربانییەکانیش بکات، ئەو نەتەوەیە ئەبێ لەوە دڵنیابێت لە ئایندەدا دووبارە و زۆر خراپتر لە رابردوو جینۆساید یەخەی دەگرێتەوە.
لەڕاستیدا ئەوەی لەم دواییانە لە کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆی دەرکەوتن، نەک وەرگرتن و پێچانەوەی ئاڵاکە، حەزم دەکرد تاک بەتاکی ئەو کوردانەی چبوون بۆ هاندانی هەڵبژاردەی عێراق، لەو قوڕ و لیتاوەی دەوری یاریگاکەیان هەڵبکێشن و بەپێی پەتی و بەسەروگوێلاکی شکاوەوە هەر بەپێ ڕەوانەی هەرێمی کوردستانیان بکەنەوە.
دەبوو هەموو ئەو کوردانە لەناو یاریگاکەدا کۆبکرانایەوە و پێیان بگووترایە:
ئەرێ ئێوە کەی تێدەگەن؟ ئەرێ ئێوە چ مەخلوقێکن؟ خۆ سەدان ژن و مناڵ و گەنج و پیرتان ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە نەبوو زیندەبەچاڵمان کردن، ئێوە بەهەموو عەقڵێکتانەوە هاتوون لەناو یاریگای ئێمەدا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە؟!
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.