▪ دادگای فیدراڵی .. شەرعییەتی و دژبەریی بڕیارەکانی و بەسیاسیکردنی حوکمەکانی و بازدانی بە سەر دەسەڵاتەکانیدا
نوسینی : دکتۆر کەمال کەرکوکی
دادگا دەستوورییەکان لە دیموکراسییە تازەپێگەیشتووەکان و گەشەسەندووەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دەستەبەرکردنی سەروەریی یاسادا، لە ڕێگەی ڕێزگرتنی تەواو لە ماددەکانی دەستوور و زامنکردنی باڵادەستیی دەقە دەستوورییەکان لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و سەقامگیریی سیستمی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکانی دەوڵەتدا. لەبەر ئەمە، بڕیارەکانی ئەم دادگایانە، لە چوارچێوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتەکانی دیکە و، ملکەچبوونی خودی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چاودێری و لێپرسینەوە، پشتبەستوو دەبن بە بنەماکانی بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە ململانێ و بەرژەوەندیە سیاسییە دژبەیەکەکان.
لە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی خێرادا بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی دەستوور و یاسا لە عێراقدا، دەبینین ئەو دامەزراوانە و ئەو چەمکانە هەمیشە ملکەچی دەسەڵاتی حوکمڕان بوون، بۆیە یاسا لە عێراقدا بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەسەڵاتی حوکمڕان دەنووسرێت و، هەڵدەوەشێتەوە و، لێکدەدرێتەوە و، شیدەکرێتەوە و، بەکاردێت، یان سڕ دەکرێت، بەجۆرێک کە هەموو ئەمانە بە ڕوونی لە ساڵی 1979دا بەرجەستە و ڕوون بوون، کاتێک ڕژێمی دیکتاتۆر بە پشتبەستن بە ماددەی (10)ی یاسای ژمارە 101/1977 ئەنجومەنی دادوەریی بە وەزارەتی دادەوە بەست، بەمەیش دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی لەدەست دا. ڕژێمی لەناوچوو بەردەوام پشتی بە دادگای شۆڕش و دادگا تایبەتەکان دەبەست، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی تاوانە سیاسییەکانی ڕژیمیان پەردەپۆش دەکرد، دواتریش و لە پاش داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990دا گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە و بووە هۆی داڕمانی گشتیی ئابووری و، دەستی هەبوو لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە دەسەڵاتی دادوەریشەوە.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، بەسیاسیکردنی بەرنامەداری دادپەروەری و دەستوور و یاسا گەڕایەوە گۆڕەپانەکە و، دەستوور بە لای دەسەڵاتدارانی بەغداوە تەنیا ئامرازێک بوو لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکار دەهات و، لە سەر بنەمای جۆری ململانێی سیاسی و لە کاتی دیاریکراودا، لێکدانەوەی بۆ دەکرا و بڕیاری کاتی لە سەر ماددەکانی دەردەچوون. پەرەسەندنی هەندێک ململانێ پێویستی بە لێکدانەوەی دژبەیەک هەبوو بۆ هەمان ئەو ماددە دەستوورییانە. ئامرازی هەموو ئەمانەش دادگای باڵای فیدراڵی بوو، بەجۆرێک ئەو دادگایە بوو بە یەکێک لە ئامرازە سیاسییە گرینگەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و، لەو کاتانەدا کە ئەو دەسەڵاتە نەیدەتوانی بە ڕێگەی یاسایی و سیاسی و دیموکراسی دەسکەوتەکان بەدەست بهێنێت، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان بەکار دەهات.
بەهۆی تێوەگلانی دادگای فیدراڵی لە کارلێکە سیاسییەکاندا، ئەو دادگایە بڕیاری دژبەیەک و لێکدانەوەی سەیری دەکرد تا وای لێهات ڕێگە بە خۆی بدات خۆی لە یەک کاتدا یاسادانەر و لێکدەرەوە و شرۆڤەکاری سیاسی بێت و، دەستی کرد بە دەرکردنی بڕیاری باڵادەست بەسەر خودی دەقەکانی دەستووریشدا. بەم شێوەیە دادگاکە دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاند و هەموو بڕگە دەستوورییەکانی خستە بەردەم مەترسیی گۆڕانکاری بەپێی ئاڕاستە و بەرژەوەندی سیاسیی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو لە سەر حیسابی هەموو لایەنەکانی دیکە. ئیتر ئەو دادگایە بوو بە بەشێک لە قەیرانی سیستمی سیاسی لە عێراقدا و، بەشداریی لە داڕشتن یان گۆڕینی نەخشەی دیمەنی سیاسی لە وڵاتدا کرد و، دەستی کرد بە دەرکردنی بڕیار و حوکم نەک تەنیا بە پێی بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان، بگرە بەپێی کاتی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی سیاسی بۆ ئەو هێزانە لە سەر حیسابی هێزەکانی دیکە. لێرەدا چەند نموونەیەک لەو بڕیارانە دەخەینەڕوو:
• دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەیەک سەبارەت بە دەستە سەربەخۆکان. ئەوە بوو بە پێی بڕیاری ژمارە (228/فیدراڵی) لە ساڵی 2006دا بڕیاری دا دەستە سەربەخۆکان (وەک بانکی ناوەندیی عێراق) سەر بە هیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت نین و خۆیان لە بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارن. پاشان هەمان دادوەرەکانی ئەم دادگایە بڕیارێکی تەواو دژ بە ئەمەیان لە ساڵی 2011 دەرکرد و، بڕیاریان دا دەستە سەربەخۆکان دەبێت سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بن، بە پێچەوانەی ماددەکانی (102 و 103)ی دەستوور و، پێچەوانەی بڕیارەکەی خۆیان کە پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، چونکە ئەوە خواستی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەنجومەنی وەزیران (نوری مالیکی) بوو.
• بڕیاری دادگای فیدراڵی 22/ فیدراڵی/ 2007 کە تایبەت بوو بە نادەستووریبوونی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2005ی هەڵبژاردنەکان، کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2005ی بەڕێوە برد و، ئەم بڕیارە ماددەی 15/دووەمی یاسای هەڵبژاردنەکان کە پەیوەست بوو بە میکانیزمی ژماردنی کورسیی تایبەت بە پارێزگاکان، بە نادەستووری لەقەڵەم دا، چونکە ماددەکە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی 49/یەکەمی دەستوورە، بەڵام بڕیاریشی دا کە ئەم پێشێلکارییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان هەڵناوەشێنێت لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەپێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ ماوەی ڕاگوزەر ئەنجام دراوە و، بەم جۆرە دادگای باڵای فیدراڵی ماددەی 143ی دەستووری پێشێل کرد، کە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بۆ ماوەی ڕاگوزەری هەڵوەشاندەوە و، لە ناوبژیوانیدا سەبارەت بەو هەڵبژاردنانەی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدران پشتی پێی بەست.
• پەسەندکردنی دوو لێکدانەوەی دژبەر بۆ یەک ماددەی دەستوور، وەک لە بڕیاری (2/فیدراڵی) لە ساڵی 2010 سەبارەت بە لێکدانەوەی ماددەی (76) سەبارەت بە کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بە ژمارە، دادگا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بەو شێوەیە لێکدایەوە کە ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانییەیە لە دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەماندا پێک دەهێنرێت و، مەرج نییە فراکسیۆنی براوەی هەڵبژاردن بێت و، کاندید دەبێت کاندیدی گەورەترینی نێوان ئەو دووانە بێت و، بەمەش دادگا ئەو چەمکە دەستوورییانەی هەڵوەشاندەوە کە لە سیستمە پەرلەمانییە نەریتییەکاندا یەکلایی کراوەتەوە، وەک لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و، لێکدانەوەیەکی بۆ گەورەترین فراکسیۆن داهێنا کە لە بەرژەوەندی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات بوو و، ئەویش لە ڕێگەی ئەو لێکدانەوەیەوە خولی دووەمی بەدەست هێنا، گەرچی مالیکی لە فراکسیۆنی براوە نەبوو. پاشان دادگا گەڕایەوە و لێکدانەوەیەکی تەواو جیاوازی بۆ هەمان ماددە و هەمان بابەت لە شوباتی 2022، لە ڕێگەی بڕیاری (9 و 10/ فیدراڵی) کرد.
• هەندێک دەسەڵاتی بۆ خۆی زیاد کرد و هەندێک دەسەڵاتی دیکەی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی پاساوی یاسایی ڕوون بۆ ئەم کارە هەبێت. ئەوە بوو بڕیاری ژمارە 37/ فیدراڵی/ 2010ی دەرکرد و، تیایدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتەکانی بریتین لەو دەسەڵاتانەی لە یاسای ژمارە 30/2005دا هاتوون و ئەو دەسەڵاتانەشی کە دەستوور پەسەندیانی کردووە. پاشان، دەستبەرداری دەسەڵاتی بڕیاردانی لە تانەدانەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتی دادوەریی کارگێڕی بوو، کە لە یاسای ژمارە 30/2005دا هاتووە.
• دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەر سەبارەت بە دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. لە ساڵی 2011دا، ئەو دادگایە بڕیاری دا کە نابێت یاساکان بە پشتبەستن بە پێشنیارەیاسا دەربچن، بەڵکو تەنیا لە سەر بنەمای ڕەشنووسی یاسا دەردەچن کە بە دیاریکراوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئامادەیان دەکات، واتە هیچ یاسایەک بەبێ ڕەشنووسی یاسا و هیچ یاسایەک بەبێ ڕەزامەندیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەرناچێت، چونکە ڕەشنووسی یاساکان تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە پێشکەش دەکرێن، بەم پێیە زۆر لەو یاسایانەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرکرابوون هەڵوەشێنرانەوە و، ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی نەما پێشنیارەیاسا بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەت پێشکەش بکات، کە ئەمە سەیرترین بڕیاری لەم جۆرەیە و، بەهۆیەوە دادگای فیدراڵی بۆ ڕازیکردنی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە (نوری مالیکی)، ئەنجومەنی نوێنەرانی لە کڕۆکی دەسەڵاتی خۆی داماڵی. پاشان دادگا دیسان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و لە ساڵی 2015دا بڕیاری دا دەسەڵاتی پێشکەشکردنی پێشنیارەیاسا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگەڕێنێتەوە.
• دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەر سەبارەت بەو لایەنانەی بۆیان هەیە داوای لێکدانەوەی دەستووری بکەن، ئەوە بوو لە ساڵانی 2011 و 2013دا داواکارییەکی بۆ لێکدانەوەیەکی دەستووری ڕەتکردەوە کە لەلایەن یەکێک لە نوێنەرانەوە پێشکەش کرابوو و، ئاماژەی بەوە دا هۆکاری ڕەتکردنەوەکە ئەوەیە کە (داواکاردنی لێکدانەوەی دەستووری) دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمار، یان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، یان یەکێک لە دوو جێگرەکەی، یان سەرۆکوەزیران یان یەکێک لە وەزیرەکانەوە پێشکەش بکرێت، چونکە تەنیا ئەوان مافی داواکردنی لێکدانەوەی دەستوورییان هەیە. بەڵام لە ساڵی 2017دا خۆی بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و داوایەکی لێکدانەوەیی دەستووریی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی قبووڵ کرد.
• دەرکردنی بڕیار لە دژی خواستی هاووڵاتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەوە بوو دادگا بڕیاری (119/ فیدراڵی)ی لە ساڵی 2016ی دەرکرد و جێگرانی سەرۆک کۆماری (لەوانە نوری مالیکی)ی گەڕاندەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە حەیدەر عەبادی لە کارەکانیان دوور خرانەوە، کە سەرۆکوەزیران لە بڕیارەکەیدا بەدەنگ خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەکانی ئیدانەکردنی گەندەڵی سیاسییەوە هاتبوو، بڕیارەکەی دادگا لە کاتێکدا هات کە بە تواناسازییەکی سیاسی بۆ ئەو سیاسەتمەدارانە دادەنرا، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران لەو کاتەدا لە ڕوانگەی دەستوور و یاساوە ڕەوا و دروست بوو.
• دەرکردنی بڕیاری تەواو دژبەر لە سەر لێکدانەوەی دەستەواژەی ناوچە جێناکۆکەکان لە ماددەی 140. یەکەم بڕیاری (11/فیدراڵی) لە ساڵی 2013 ئەوە بوو کە دەربڕینی بۆچوون لە سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە پسپۆڕییەکانی ئەو نییە. بەڵام گەڕایەوە و لێکدانەوەیەکی تەواو سیاسیی لە بڕیاری ژمارە (113/ فیدراڵی) لە تشرینی دووەمی 2017دا خستە ڕوو و، هەموو ئەو لێکدانەوانەی بەلاوە نا کە لە ساڵی 2004ەوە پەسەند کرابوون و، ناوەڕۆکی ماددەی 140ی پووچەڵ کرد، بەو پێیەی چەمکێکی خستە ڕوو کە پێچاوپێچ بوو و تەواو جیاواز بوو لەوەی لە ماددەکەدا هاتووە و، ناوچە جێناکۆکەکانی بەم شێوەیە پێناسە کرد “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەن کە لە 19ی 3ی 2003دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران”، بەڵام دادگا دوای نزیکەی سێ مانگ و نیو بە تەواوی بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و بڕیاری دا کە “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەن کە لە 19ی 3ی 2003دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە نەدەبران و، ئەو ناوچانە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا”. بەم شێوەیە دادگای فیدراڵی بە پێی سروشت و گۆڕاوەکانی ململانێ سیاسییەکان هەڵوێستی تەواو سیاسیی گرتەبەر.
• دەستوەردانی ئاشکرای لە کارلێک و دانوستانە تەواو سیاسییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئۆکتۆبەری 2021، لەم ڕووەوە چەندین بڕیاری دەرکرد کە بەهۆیانەوە باری لاری هەندێک هێزی سیاسیی لە سەر حیسابی ئەوانی دیکە ڕاست کردەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
o بڕیاری ڕەتکردنەوەی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان، بەبێ پاساوی یاسایی دروست، بە قازانجی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
o داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت کردەوە، کە ڕەوتی سەدڕ و لایەنە سیاسییە سەربەخۆکان لە (7ی ئەیلوولی 2022) پێشکەشیان کرد. بە بیانووی ئەوەی “پسپۆڕیی ئەو نییە”، ئەمەیش لە بەرژەوەندی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو. بەم جۆرە نەریتێکی یاسایی نوێی چەسپاند کە دەڵێت پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستوور هیچ سزایەک بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
o لێکدانەوەی بۆ نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە گوتی پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی دوو لە سەر سێی ژمارەی ئەندامەکانی کۆ ببێتەوە.
o دەرکردنی بڕیاری دژبەر لە سەر پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان. لە گەرمەی کارلێکە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی 10ی 2021، دادگای فیدراڵی ڕۆژی 15ی شوباتی 2022 بڕیارێکی دژ بە یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەرکرد، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەری سەرقاڵی دانوستان بوون بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە بەرامبەر چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، بڕیارەکەی دادگا لەم کاتەدا هەنگاوێکی سیاسیی ڕوون بوو بەرامبەر بە ڕکابەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. بڕیارەکەی دادگا بەپەلە و لاواز بوو، دژایەتییەکی زۆری هەڵگرتبوو، هەروەها پێشێلکردنی بڕگەکانی چەند ماددەیەکی دەستووری بوو، بەو پێیەی بڕیارەکە جیاوازی نەکردبوو لە نێوان دەسەڵاتە تایبەتەکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکان کە لە ماددەکانی 110، 111، 112، 115 و، 121/یەکەمی دەستووردا هاتوون. هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی سێ بڕیاری پێشووی خۆی بوو: بڕیاری ژمارە 25/ فیدراڵی/ 2008، دادگا بڕیاری دا ماددەکانی دەستوور “ئاماژە بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن بۆ دەرکردنی یاسای ناوخۆییەکان و ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی بۆ ئەوەی بتوانن کاروباری خۆیان بە پێی بنەمای لامەرکەزیەتی کارگێڕی بەڕێوە ببەن، کە ماددەی 115 لە جێبەجێکردندا یەکەمایەتیی پێ دەدات”. لە بڕیاری ژمارە 6/ فیدراڵی/ 2009 بڕیاری دا، بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی ماددەی 115ی دەستوور، بۆی دەردەکەوێت کە “یەکەمایەتی لە جێبەجێکردندا دەدرێت بە یاسای ئەو هەرێم و پارێزگایانەی کە لە هەرێمێکدا ڕێکخراو نین لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا، لەو کاتەدا نەبێت کە یاسای هەرێم و پارێزگاکانی لە هەرێمێکدا ڕێکنەخراون پێچەوانەی دەستوور بێت” لە بواری دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان یان پارێزگاکانی لە هەرێمێکدا ڕێکنەخراون و، ئەو یاسایەی ئەنجومەنی پارێزگا دەری دەکات بە هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسای فیدراڵی دانانرێت”. لە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 8/ فیدراڵی/ 2012 سەبارەت بە ماددەی 112/یەکەم، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەستوور “ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوەیە لەگەڵ حکوومەتەکانی هەرێم و پارێزگاکان، بەڵام ئەمەی بە دەرکردنی یاسایەک کە ئەم کارە ڕێکدەخات، گرێ داوە” و بۆیە “ئێستا بڕگەکانی ماددەکە ڕاگیراون تا یاسای پەیوەندیدار دەردەچێت و بڕگەکانی ئەم ماددەیە ڕێک دەخات”.
o دەرکردنی بڕیاری دژبەر و نادادپەروەرانە دژی پێکهاتەیەکی دیاریکراو – کورد – بە شێوەیەک کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر قووتی هاووڵاتی هەیە. ڕۆژی 25ی 1ی 2023 بڕیارێکی دەرکرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەرچوون بە ناردنی پێشینەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە بە نادروستیی ئەو بڕیارانە بوو کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوونە بە ژمارە ((194) لە 6/15/2021، (226) لە 7/6/2021، (257) لە 8/3/2021 و، (335 ) لە 9/22 /2021 و (401) لە 11/2/2021 و (8) لە 11/1/2022)، زۆربەی شارەزایانی یاسایی پێیان وابوو ئەم بڕیارە دیوێکی سیاسیی گەورەی هەیە و، نادەستوورییە، چونکە ئامانجی بڕیارەکە برسیکردنی بەشێکە لە خەڵک لە کاتێکدا دەستووری فیدراڵی عێراق مافی یەکسان بۆ هەموو گەلی عێراق دەستەبەر دەکات. بەهەمان شێوە، دەبوو یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بەرگریکردن لە پرەنسیپە دەستوورییەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتیان بێت لە هەر کوێیەک بن و سەر بە هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک بن.
لە هەموو ئەم دژبەری و لێکدانەوە جیاوازانە و ئەم هەڵوێستانە خراپتر، کە سیاسی بوون زیاتر لەوەی یاسایی یان دادوەری بن، ئەوەیە مشتومڕێکی یاسایی گەورە هەیە گومان لە شەرعییەت و دەستووریبوونی دادگای فیدراڵیی ئێستا دەکات و، ئەمەش هەموو بڕیارەکان و حوکمەکانی ئەم دادگایە، بەپێی ماددەی (13) دووەمی دەستووری ساڵی 2005، پووچەڵ دەکاتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، بەپێی ماددەی (44)ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی ڕاگوزەر پێک هات، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دادوەرییەی هاوڕێی قۆناغی دوای ساڵی 2003 بوو. دواتر یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 لە 17ی ئاداری 2005 دەرچوو، بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە تا کاتی پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق کار بکات، ئەوە بوو لە ئۆکتۆبەری 2005 ڕیفراندۆم لە سەر دەستوورە نوێیەکە ئەنجام درا و لە 20ی ئایاری 2006دا چووە واری جێبەجێکردنەوە. دەستوور دەسەڵات و میکانیزمەکانی دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی دیاری کرد و دەسەڵاتەکانی بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لەوانەی یاسای ژمارە 30/2005 پێناسە کرد. ماددەی 92/دووەمی دەستوور بڕیاری دا دادگا لە “ژمارەیەک دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و زانایانی یاسایی پێک بێت، کە ژمارەیان و، شێوازی هەڵبژاردنیان و کاری دادگا، بە یاسایەک دیاری دەکرێت کە بە زۆرینەی دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەردەچێت”.
بۆیە، بۆ هەمووان ڕوونە دادگای باڵای فیدراڵی ئێستا، کە بەپێی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 و لە سەر بنەمای ماددەکانی (43 و 44)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ماوەی ڕاگوزەری ساڵی 2004 بووە، لە ڕووی پێکهاتە و مەرجەکانی کارکردنیەوە جیاوازە لەگەڵ ئەو دادگا فیدراڵییەی لە ماددەکانی (92 و 93)ی دەستووری هەمیشەییدا مەبەست بووە و، لەکاتێکدا بەپێی ئەو بڕگانەی لە دەستووری ساڵی 2005ی کارپێکراودا هاتوون پێک نەهێنراوە، بەردەوامبوونی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی و مافی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی لەدەست داوە و لە ئەنجامدا ئەو بڕیار و لێکدانەوانەی لەلایەن ئەوەوە دەردەچن بەپێی ڕێسا یاساییە گشتییەکان پووچەڵ و هیچن. بۆیە بڕیار بوو دادگای باڵای فیدراڵی نوێ لە سەر بنەمای ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی نوێوە بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربکرێت. ئەم تێگەیشتنە لە هەڵبژاردنەکانی کانوونی دووەمی 2005دا دیار بوو، بەو پێیەی کەس داوای لە دادگای باڵای فیدراڵی نەکرد ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات و خودی دادگای باڵای فیدراڵیش قەناعەتی بەو شتە هەبوو، بۆیە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەی پەسەند نەکرد چونکە ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە لە یاساکەیدا (30/2005) ئاماژەی بۆ نەکراوە، لە کاتێکدا لەنێو دەسەڵاتەکانی تری دادگای باڵای فیدراڵیدا بە وردی لە دەستووری ساڵی 2005دا هاتووە.
بەڵام بەهۆی کاریگەریی سیاسیی هەندێک هێز، دادگا لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی دووسەرە و لقدار و فراواندا بەردەوام بوو، کە ئەو دەسەڵاتە دادوەرییەی لەخۆ گرتبوو کە لە یاسای 30/2005دا بۆی دامەزرابوو، جگە لەو دەسەڵاتەی لە ماددەی 93ی دەستووردا هاتووە و، ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستوورە و کاریگەریی لە سەر شەرعییەتی سیستمی سیاسی و حکوومیی ئێستا هەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا ئێمە دادگای باڵای فیدراڵیمان نییە کە بەپێی ئەو میکانیزم و شێوازانەی لە دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005دا دیاریکراون پێک هێنرابێت.
ئینجا هەنگاوی دیکە هاتنە ئاراوە و بناغەکانی گومانکردنیان لە نادەستووریبوون و نایاساییبوونی دادگای ئێستا بەهێزتر کرد. کاتێک فراکسیۆنە سیاسییەکان نەیانتوانی پشتگیریی پێویست بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی کۆ بکەنەوە، دەسەڵاتداران هەموارکردنێکیان بۆ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30/2005 کرد، بە زۆرینەی دەنگ لە 18ی ئاداری 2021، لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی 204 پارلەمانتار لە کۆی 329 پارلەمانتار و، لەگەڵ بایکۆتکردنی پارلەمانتارانی کورد و نوێنەرانی کەمینەکان. واتە هەموارکردنەکە بە زۆرینەی سادە پەسەند کرا، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی ماددەی (92/دووەم)ی دەستوورە، کە پێویستی بە دوو لە سەر سێ هەیە. بەهەمان شێوە، تێپەڕاندنی هەموارکردنەکە بە زۆرینەی سادە پێشێلکردنی بڕیارەکەی خودی دادگای فیدراڵی بوو، بەو پێیەی لە بڕیاری (107/ فیدراڵی) لە 11/18/2012دا، بڕیاری دا “ڕەشنووسەکە، چ لە شێوەی یاسا یان هەموارکردنی یاسای کارپێکراو، لە بڕگەکانی دەستوور لا نەدات بەتایبەتی دەقی ماددەی (92/دووەم) لە ڕووی پابەندکردنی دادگای باڵای فیدراڵی بە دەرکردنی یاسایەک یان هەموارکردنی یاسای کارپێکراو بەپێی ئەو میکانیزمەی لە ماددەی (60/ یەکەم)دا هاتووە و لەگەڵ ڕێژەی یاسایی کە لە ماددەی (92/ دووەم)ی دەستووردا هاتووە. دادگاکە درێژەی دا بە “ڕۆیشتن بە ئاراستەی پێچەوانەوە سەبارەت بە هەموارکردنە پێشنیارکراوەکە، لە پێشێلکارییەکی دەستووریدا” و ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە “ئێمە لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەو ڕاستییەی کە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی – دامەزراندنی یان هەموارکردنی – لەلایەن دەستوورەوە دیاری کراوە لەگەڵ نیسابێکی دیاریکراو بۆ پەسەندکردن (بە یاسایەک کە بە زۆرینەی دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت) و، وەک پێشتر باس کرا و پێشێلکردنی ئەمە ڕێگەپێدراو نییە، چ لە دامەزراندنی یان لە هەموارکردنیدا”.
گرینگیی ئامادەبوونی (دوو لە سەر سێ) لە کاتی دەنگدان لە سەر یاساکە یان هەموارکردنەکانی پەیوەست بە دادگای فیدراڵی، لەوەدایە ئەم دادگایە ڕۆڵێکی زۆر هەستیار دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە دەستوورییەکان و بەمەش پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نەتەوە، ئایین و، مەزهەب فەراهەم دەبێت. لەبەر ئەمە دەستوور حوکمی تایبەتی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی تەرخان کردووە لە لقی دووەمی بەشی سێیەمدا – لە ماددەکانی (92 و 93 و 94)دا – لەبەر گرینگیی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێویستیی پاراستنی سیستمی دیموکراسی لە گۆڕانکارییەکانی یاسادانان، یان هەوڵی لەخۆگرتنی جێبەجێکاریدا، چونکە هەردووکیان بەپێی بیروباوەڕی حزبە سیاسییەکان و فراکسیۆنە سیاسییەکانی زاڵ بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا کار دەکەن و، لەمەدا سەربەخۆیی پێشبینی نەکراوە، هەر ئەمە وای کرد دەستوور دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بکات و سەربەخۆییەکەی بەو یاسایانەی کارەکانی ڕێک دەخەن بەهێزتر کرد، هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی کردە دەستەیەکی دادوەری نەک ئەنجومەنێکی دەستووری یان دەستەیەکی سیاسی بەپێی حوکمی ماددەی (92/ یەکەم)ی دەستوور، کە تێیدا هاتووە (دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەکی دادوەرییە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە) و بەپێی ماددەی (92/دووەم) زۆرینەی دوو لە سەر سێی بۆ دەرکردنی یاساکەی سەپاند.
سەرباری پێشێلکردنی ماددەی (92)ی دەستوور، هەموارکردنی یاسای 30/2005 مافی هەڵبژاردنی دادوەرەکانی دادگای فیدراڵیی بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەخشی، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی ماددەی (89)ی دەستوورە، کە بنەمای جیاکردنەوەی نێوان دامەزراوە دادوەرییەکانی لەخۆ گرتووە و، دەڵێت: “دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی پێک دێت لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادگای باڵای فیدراڵی، دادگای پیاهەڵچوونەوەی فیدراڵی، دەزگای داواکاری گشتی، دەسەڵاتی چاودێریی دادوەری و، دادگا فیدراڵیەکانی دیکە کە بەپێی یاسا ڕێکخراون. هەروەها بەخشینی دەسەڵاتی هەڵبژاردنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێچەوانەی بڕیارەکانی خودی دادگا بوو، ئەوەتا دادگەکە بڕیاری نادەستووریبوونی ماددەی (3)ی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005ی دەرکرد، کە دەسەڵاتی کاندیدکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگا بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەدات و، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد یاسایەک دەربکات ماددەیەکی جێگرەوە پەسەند بکات کە لەگەڵ بڕگەکانی دەستووردا بگونجێت. بەڵام هێزەکانی دەسەڵات پێداگرییان لە سەر خستنەڕووی هەموارکردنەکە کرد کە پێشێلکردنی ماددەکانی (91 و 89)ی دەستوور و بڕیارەکانی خودی دادگای فیدراڵییە، ئەوە بوو سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فائق زەیدان، بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کرد بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە 22ی ئاداری 2021دا کۆ ببنەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005 چونکە هەموارکردنەکە بڕگەیەکیشی لەخۆ دەگرت کە یاسا هەموارکراوەکە ڕاستەوخۆ دوای پەسەندکردنی کاری پێ بکرێت، واتە پێش ئەوەی لە ڕۆژنامەی ئەلوەقائیع بڵاو بکرێتەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو هەموارکردنە نادەستووریانە بە خێرایی بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها هەموارکردنی یاسای 30/2005، ماددەی 4ی لەخۆ گرتبوو، کە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو سەرجەم ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانە لە ماددەی (93)ی دەستووردا هاتوون و ئەو دەسەڵاتانەی لە ماددەکانی دیکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە بخرێنە سەر دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵی. بەم شێوەیە ئەو دەسەڵاتانەی کە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی نەبوون، لە ڕێگەی میکانیزمێکی نادەستووریی یاسادانانەوە زیادکران بەبێ پشتبەستن بە بنەمای زۆرینەی دوو لە سەر سێ کە ماددەی (92/ دووەمی)ی دەستوور کردبوویە مەرج، بەڵکو بە زۆرینەی سادە پەسەند کرا، بەو بیانووەی هەموارکردنی یاسایەکە کە پێش دەرکردنی دەستوور کارا بووە نەک دەرکردنی یاسای ئەو دادگایەی کە دەستوور باسی کردووە. ئەم ئارگیومێنت و لێکدانەوەیە بە تەواوی پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی (130)ی دەستوورە، کە دەڵێت “ئەو یاسایانەی کارپێکراون، بە کارایی دەمێننەوە، مەگەر بەپێی بڕگەکانی ئەم دەستوورە هەڵبوەشێنەوە یان هەموار بکرێن”، واتە ، هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی دەبێت بەپێی بڕگەکانی دەستوور بێت و، بە زۆرینەی دوو لە سەر سێ بێت، وەک لە ماددەی (92/دووەم)ی دەستووردا هاتووە.
بە بنیادنان لە سەر هەموو ئەمانەی پێشوو، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دادگای فیدراڵی ئێستا لە پێکهاتە و هەیکەل و دەسەڵات و میکانیزمەکانیدا بۆ هەموارکردنی یاساکەی، دەستووری پێشێل کردووە و، پێشێلکردنی ماددەکانی (3، 89، 91، 92، 130)ی دەستوورە، هەروەها پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی خۆیەتی، وەک بڕیاری (107 / فیدراڵی ) لە ساڵی 2012 و، بڕیاری (38/فیدراڵی) لە ساڵی 2019، واتە دادگای باڵای فیدراڵی هیچ بەرگێکی یاسایی پتەوی نییە ڕێگەی پێ بدات بڕیار لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بدات و بڕیار لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دادوەرییە دەستوورییەکاندا دەربکات. لەبەر ئەمە، هەموو ئەو بڕیارانەی ئەم دادگایە لە دژی خەڵکی کوردستان دەریانی کردووە، بە مەبەستی ملکەچکردنی ئەم گەلە سەربەرزە، پووچەڵن. لێرەیشدا پێویستە بە بیری هەموو لایەکی بخەینەوە کە خەڵکی کوردستان دەیان ساڵ ململانێی لە دژی بەهێزترین هێزە دیکتاتۆرییەکان کردووە و بەرامبەر هەڵمەتەکانی جینۆساید و کیمیاباران و سیاسەتی ملهوڕانە وەستاوە و، لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و پاراستنی کەرامەتی خۆی هەموو شتێکی کردووەتە قوربانی، ئێستا بە پیلانی گەندەڵ و کینە لەدڵەکان ناترسێندرێت.
لەم چوارچێوەیەشدا داوا لە هەموو هێزە سیاسییە چاکەخوازەکانی عێراق دەکەین کار بۆ پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی بکەن بە شێوەیەک کە سەربەخۆیی و پەیوەستنەبوونی بە هیچ هێزێکی سیاسی مسۆگەر بکات و گەرەنتیی کەمترین ئاستی پیشەییبوون لە بڕیارداندا بکات و، لە یاساکەدا دادگای فیدراڵی پابەند بکات بە دانانی بنەمای یاسایی ڕوون و ورد بۆ بڕیارەکانی و دوورکەوتنەوە لە زمانی داڕشتن و، ڕێز لە سەروەریی دەقە دەستوورییەکان بگرێت و دەستەواژەی وا زیاد نەکات کە لە دەقە دەستوورییەکاندا بوونیان نییە. ئەزموونەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی گروپێکی دیاریکراو دەرکردنی بڕیار و حوکمی سیاسیی پێشێلکاری دەستوور بە کەم نەزانن، بە پشتبەستن بەوەی بڕیارەکان یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن و مایەی تانەلێدان نین. ڕێگریش بکات لە زێدەڕۆیی لە دەسەڵاتەکانی و شێواندنی دەقەکانی دەستوور و، بازدان لە لێکدانەوەوە بۆ یاسادانان، چونکە ئەمە شەرعییەتی ئەم سیستمە سیاسییە دەڕووخێنێت. هەروەها پێویستە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەرکردنی ئەم یاسا گرینگ و هەستیارەدا مسۆگەر بکرێت، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە ماددەی (92/دووەم)ی دەستووردا ڕوون کراونەتەوە.
سەرچاوەکان:
د.احمد سلامة بدر، دور المحكمة الدستورية في تفسير النصوص القانونية، دار النهضة العربية، القاهرة 2016.
.د.أحمد فتحي مسرور ، الحماية الدستورية للحقوق و الحريات، دار الشروق، الطبعة الثانية 2000.
.اكرم ابراهيم الزعبي و موفق سمور المحاميد، مناهج البحث في القانون، دار الثقافة للنشر والتوزيع ودار العلمية الدولية للنشر و التوزيع، عمان، الطبعة الاولى، 2001.
العميد الدكتور امين عاطف صليبا، دور القضاء الدستوري في إرساء دولة القانون، دراسة مقارنة، المؤسسة الحديثة للكتاب، لبنان 2002.
د. أسامة الشبيب، تعليق على قرار المحكمة الاتحادية رقم 29 اتحادية 2020: https://www.bayancenter.org/2020/03/5767/
د. باسل حسين، الأزمة السياسية في العراق بين السياق الدستوري والمتغيرات الراهنة، https://studies.aljazeera.net/ar/article/4616
حسين جبار النائلي، الاختصاص التفسيري للمحكمة الاتحادية العليا في العراق، مجلة المحقق الحلي للعلوم القانونية و السياسية، العدد الثالث السنة التاسعة ، 2017
د.عصام سعيد عبدأحمد، الرقابة على دستورية القوانين، المؤسسة الحديثة للكتاب، لبنان، الطبعة الأولى.
نادر جبلي، فكرة المبادئ فوق الدستورية ، مركز حرمون للدراسات المعاصرة ، https://www.harmoon.org/researches/%D9%81%D9%83%D8%B1%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%AF%D8%A6-%D9%81%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A9/
د.يحيى الكبيسي العراق: المحكمة الاتحادية العليا وأزمة الدولة. https://arabi21.com/story/1472221/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AD%D9%83%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%A3%D8%B2%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9
2
دکتۆر کەمال کەرکوکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوك-گەرمیان
٣٠-١-٢٠٢٣
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.