”یەکی شوبات کارەساتێکی گەورەو ناخ هەژێن”
ڕاژان عبدالرحمان پیرۆ
لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ساڵی 2004ز لە یەک کات دا هەر دوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرانە ئامانج لە لایەن تیرۆریستانەوە؛
لە ئەنجامی ئەم دوو تەقینەوەیەدا 103 شەهیدو 246 برینداری لێکەوتەوە، لە نێویاندا دەیان سەرکردەی سیاسی و ئیداری دڵسۆز و شۆڕشگێری گەلەکەمان بونە قوڕبانی دەستی ڕەشی تاریک پەرەستان.
لەم کارەساتە مەزنەوە پێویستە فێری وانەی کوردایەتی بین، چونکە ئامانجی دوژمن لە نێو بردن و سڕینەوەی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی، ئایینی، زمان، نەتەوەیی دیاریکراو.
یەکی شوباتی 2004 وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوڕبان کە رۆژی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە لە هەمان کاتدا، ناحەزانی گەلەکەمان ڕێک لە رۆژێکی وەهادا هەولێریان خەڵتانی خوێن کرد. چونکە تیرۆر دژی ڕوناکی و ئارامی و ئاسودەییە لە سەر ئاستی مرۆڤایەتی دا بە شێوەیەکی گشتی؛
هەرێمی کوردستانیش زۆر بە خێرایی بەرەو گەشەسەندن و پێشکەوتن هەنگاوی دەنا، چاوی دوژمنان بەم گەشەکردنە دیموکراسیە سیاسیە و ئابوریە و …هتد هەرێمی کوردستان هەڵنەدەهات.
لێرەوەیە ئامانجی سەرەکی نەیاران بومان دەردەکەوێت کە ئەنجامدانی کردەوەیەکی لەم چەشنە بەم شێوەیە نامەردانە و نامرۆڤانە، ئەجندایەکی سیاسی گەورەی لە پشت بووە بۆ لێدانی دوزی نەتەوەیی کوردو ئەو سەقامگیریە سیاسیەو ئاشتی کۆمەڵایەتیەی کە لە ئارادابوو.
کارەساتی جەرگبڕی یەکی شوبات بۆ ئەمڕۆ ئایندەی گەلەکەمان ئەوەمان لێ دەخوازێت کە هەمومان بێ جیاوازی ئایین، نەتەوە، زمان، بوچونی سیاسی بە یەکەوە دەست لەناو دەست یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین و یەکڕیزی و تەباییمان لە سەروی هەر بیرو بوچونێکی تەسکی ئایینی، نەتەوەیی وسیاسی دابنێین و، بەرژەوەندی نیشتیمانی ڕەپێش هەر بەرژەوەندیەکی ترەوە بخەین وەک بەهێزترین وەڵام بۆ تیرۆریستان وتاریکی پەرەستان.
هەزاران سڵاو درود بۆ رۆحی پاک و بەرزە فڕی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوبات و گشت شەهیدانی کوردستان و سەروەریان بارزانی باوک.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.