▪ مرۆڤ بوون لە کەلتوری شێخانی بارزان دا

Nawzad M. Rajab

نەوزاد محەمەد

یەکێک لە بنەماکانی فەلسەفە و کەلتوری پیرۆز و گەورەی شێخانی بارزان، “مرۆڤایەتی” يه. بە پێی شەریعەتی خودای گەورە و لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە وەسفی مرۆڤ دا، خودای گەورە دەفەرمێ ” لَقَد خَلَقنا الإنسانَ في أَحسَنِ تَقويم ” واتا مرۆڤ بە جیا لە بونەوەرکانی تر بە جوانترین شێوە خەلق کراوە بەو سیفاتانەی کە لە لای مرۆڤ هەیە لە شێوەی جەستە و ژیری و زمان و بیرکردنەوە. ئێمەی موریدانی بارزان و رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، هەمیشە بنەماکانی ئەم رێبازەمان لەبەر چاو گرتووە و پەیڕەویان دەکەین و پابەندین پێیان، بە تایبەت پیرۆزی مرۆڤ. لە هەر بارودوخێکدا رێز گرتن لە مرۆڤ ئەرکێکی سەرەکی و ئەخلاقی بووە، لە دۆست تا دوژمن. ئەمڕۆ و لە چوارچێوەی چالاکیەکانی رێکخراوی خێرخوازی بارزانی دا، دەبینین ئەم بنەمایانە بە تەواوی بەرجەستە و پەیڕەو دەکرێن، وە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە بە ناوی کورد، سنورەکانیان بەزاندووە. واتا بنەمای مرۆڤ بوون لە فەلسەفەی شێخانی بارزان، نەک تەنها دەرووبەر دەگرێتەوە، بەڵکو سنورەکانیش دەبەزێنێت بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێگەوە ژیان لە نێوان مرۆڤەکاندا. شانازیەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ و بە رێگای ئەم دەزگایە و کارە خێرخوازیەکانی، دەبینین ناوی کورد و کوردستان لە سەرانسەری جیهان دەنگی داوەتەوە، بە تایبەت لە ناو جەرگەی دوژمنە دێرینەکانی کورد کە ئەمڕۆ هەر خۆیان بە گەورەیی و سوپاسیەوە باسی کورد و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەن. ئەمەیان خاڵێکی ترە لە ئەرکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەویش پەیامی کوردایەتی یە، کە ئەم خاڵەش بنەمایەکی لە بنەماکانی فەلسەفەی شێخانی بارزان و لە پێناوی دا خەباتێکی پێ پچران و قوربانیەکی زۆریان داوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.