▪ شکاندنی بەربەستەکان…….

فرسەت سەید شکور

یەکێک لە بنەماکانی مانەوە و بەھێزبوونی کەسایەتی شکاندنی بەربەست و کۆسپەکانە، بەشێوەیەک مرۆڤ لە تافی لاوێتییەوە کە دەگاتە قۆناغی تێگەیشتن و پێگەیشتن، لەو کاتەی ڕووئیای بۆ گۆڕانکاریی ھەیە و ھەوڵ بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و کەموکوڕییەکان دەدات، ئاڵنگاری زۆری دێنەپێش.

کەسانی لێھاتوو، زیرەک، شارەزا کاتێک دەیانەوێ ئەسپی خۆیان لە مەیداندا تاو بدەن، تەگەرەی زۆریان بۆ دروست دەکرێت، ئەو بەربەستانەش بەردەوام لەلایەن چینێکی دواکەوتوو و چەقبەستووەوە دێنە پێش، کەسانێک کە خۆیان ھیچ جۆرە بەھرە و توانایەکیان لە ھەگبەدا نییە، ھەوڵی ساردکردنەوەی ئەوانی دیکە دەدەن، ئەم ڕکەبەرییانە بەردەوام لەو شوێنانە دروست دەبێت کە جووڵەکان زۆرن و گۆڕانکاریی ھەن، ئەگەر ئەمە ببەستینەوە بە پرۆسەی حکومڕانی و حوکمداریش بە ڕوونی و دروستی ئەم بەربەستانە دەبینین چینی گەندەڵکار بەردەوام دژی چاکسازییە، نایەوێ ھیچ ھەنگاوێک کە دژی بەرژەوەندییەکانیان قبوڵ ناکەن، ئەگەر بەرژەوەندی گشتیشی تێدا بێت.
پیاکوژەکان دژی سەروەری یاسان، بەردەوام ھەوڵ دەدەن ژەھری نوێ فڕێبدەنە کۆمەڵگەوە تا دەری بخەن کە دەتوانن ئامانجە نایاساییەکانیان تێپەڕێنن، ھەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم کێماسیانە، بەردەوام بەشێکی خەڵک یان لایەنێک دژی چاکسازیی و پرۆسەی ئیدارەدانی دروستە، ئەم بەشە ھەوڵی تەواوەتی دەدات کە خەڵک سارد بکاتەوە لەوەی چاکسازی سەرناگرێت و کاتییە، دەیان بوختان و تۆمەت دروست دەکەن تەنھا بۆ ئەوەی بڕگەیەکی چاکسازی سەرنەگرێت.
دژایەتیکردنی یاسا و بنەماکانی دیموکراسی مێژووییەکی باشی نەبووە، مێژوو سەلماندوویەتی ھەر حیزبێک دژی سەروەری یاسا و سزادانی تاوانباران وەستابێتەوە، ئەزموونەکەی زۆری نەخەیاندووە.
مەبەستمە بڵێم؛ بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی و دروستی خۆی پێویستە بەربەستەکانی پێش چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم بشکێنرێن، نەک لە ناوەخۆ بەڵکو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەمووان ئەوەیان لەم ھەرێمە دەوێ.
ئیدی ھەموو ئەوانەی کە دژی چاکسازین، دژی یەکدەستی و یەکداھاتین، دژی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەن، ڕۆژ دوای ڕۆژ متمانەی دەنگدەرانی خۆیان لەدەست دەدەن، جیا لەوەی دەبنە بارگرانی بەسەر خەڵکی خۆیانەوە، مایەی سەرئێشە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتیی.
لایەنێک ئەگەر ترسی لە ھەڵبژاردن ھەبێت و تاوانباران داڵدە بدات و تەگەرەی ئیقلیمی لەپێش ھەرێمی کوردستان دروست بکات، ڕێک ئەوە گووتەیە دەیگرێتەوە (ئەگەر دۆستێکی وەک تۆم ھەبێت، دوژمنم بۆ چییە)

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.