ڕۆژی پێنجشەممە 2ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبرووس كوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
لەو دیدارەدا كە ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر یش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانی هاوكێشەكان لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی حكوومەتی تازەی عێراقی بۆ تێپەڕاندنی كۆسپ و تەحەددیاتەكان.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ جۆرە ناكۆكییەكی سیاسی نابێ كاریگەریی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەبێت و پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبچێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر خرایە بەرباس و سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە فەرهەنگ و بیروباوەڕی خەڵكی كوردستان ڕێگەی نەدا كە توندڕۆیی و هزری تیرۆر لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا جێگە بكاتەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان و عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.