▪ کوردستان ناخرێتە نێو کۆڵەپشتەوە

حوسێن کوردنەژاد

کە باسی تەجزیەتەڵەبی دەکرێ، وای وێنا دەکەن کە کوردستان دەخەینە نێو کۆڵەپشت و بۆی دەڕۆین. نەخێر، بۆ دڵنیاییی هەموو لایەک، دەبێ بگوترێ کە میللەتی ئێمە و میللەتانی دیکەی هاوسێش بە لانیکەمەوە، هەتا پەنجا هەزار ساڵی دیکەش هەر لەو ناوچەیەدا دەمێنن و پێکەوە دەژین. کە وابوو وەهەمی سازکراو و بێبنەمای شۆڤۆنیزمی فارس بێ مەنتیقە.

پرسیار ئەوەیە: ئەم میللەتانە کە بڕیارە هەتا هەزارانی ساڵی دیکەش لەو ناوچەیەدا پێکەوە بژین، چۆن پەیوەندییەکانیان ڕێک دەخەن؟ ئایا دەبنە سیستەمێکی فێدرال لە چوارچێوەی ئەم جوگرافیا سیاسییەی ئێستادا؟ دەبنە کۆنفێدرالی؟ یان دەبنە سەربەخۆ و هاوسێی چاک؟ وەک چۆن ئەورووپا لە دوای دوو شەڕی جیهانی، گەیشتنە ددان بە سەرەوەریی یەکتر نان و بە ئەوپەڕی هاوکارییەوە پێکەوە ژیان.

خاڵی جەوهەری، بنەمای داڕشتنی سیاسەت، خەیاڵات و دەمارگیریی بێبنەمای مێژوویی نییە، بەڵکوو دابینکردنی ژیانە بۆ منداڵەکانمان.
نەوەی ئێستا لە ژێر سایەی حوکوومڕانیی ئەو وڵاتانەدا و لە بارودۆخی قەیراناویی نێونەتەوەیی، هیچ داهاتوویەکی ڕوون بۆ خۆیان نابینن.
منداڵی فارس و کورد و تورک و عەرەب و بەلووچ، لە کامە ڕێکخستنی سیاسیی ئەم وڵاتانەدا، ئیمکان و بواری دەستپێڕاگەیشتن بە ژیانی شایستەیان هەیە؟ ئەمە پرسیارەکەیە کە هەر چالاک و سەرکردەیەکی سیاسی پێویستە وەڵامی بداتەوە.

باری دیمۆگرافیی کورد نیشان دەدات کە گەنج و منداڵانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوازیاری سەروەری لە ژیانی ئابووریی و سیاسی خۆیاندان و ئەم ڕەوتە نەک بەرەو لاوازی، بەڵکوو بەرەو بەهێزتربوون دەڕوات و کۆیلایەتی جێگرەوە نییە.
بۆیە هەموولایەک پێویستە خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕاستییە ئامادە بکەن؛ یان دەبنە هێزی کۆنەپەرستی دژی مێژوو و بێ داهاتوو، یان دەست لەنێو دەستی گەنجان بەرەو داهاتووی شایستە هەنگاو دەنێن.

بۆ ئامادەکردنی مەیدانی سیاسەت بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەم بوارەدا، پێویستە میللەتی کورد خۆی بەهێز بکات، تاکوو دەنگی بگاتە دنیا و بەرانبەرەکانی.
ئەم خۆبەهێزکردنە فرەلایەنەیە، مەرجی یەکەمی بوونی تێگەیشتنی هاوبەشە لەنێو کورد خۆیدا.
جۆری بیرکردنەوەی هاوبەش (مایندسێت)، بەردی بناغەی هەنگاونانمانە بەرەو پێش، بۆیە پێویستە هەموو هێزی خۆمان بۆ بەهێزکردنی کورد و چالاکبوون لە مەیدانی کوردیدا تەرخان بکەین. کە ئێمە بەهێز و یەکگرتوو بین، لایەنەکانی دیکە بۆ هاوکاری و هاوفیکری هەنگاو دەنێن. بۆیە مەلەکردن لە مەیدانی داڕێژراو لەلایەن بەرانبەرە ناحاڵییەکانمانەوە، ئەویش بە پەرشوبڵاوی، سیاسەتی دروست نییە.

2023-03-03

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.